Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 35-37

گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێت‌ئێل

35 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە، سەربکەوە بەرەو بێت‌ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت لە کاتێک تۆ لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»

ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بکەنەوە و خۆتان پاک بکەنەوە، جلەکانیشتان بگۆڕن. دەبا هەستین و بەرەو بێت‌ئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.

یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێت‌ئێلە لە خاکی کەنعان. لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناونا ئێل بێت‌ئێل[a]، چونکە لەو شوێنەدا خودای بۆ دەرکەوت، لە کاتی هەڵاتنی لە دەست براکەی.

دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێت‌ئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.

کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.

11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 13 ئیتر خودا لەو شوێنەی قسەی لەگەڵ کرد لەسەری بەرزبووەوە.

14 یاقوبیش لەو شوێنەی کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ستوونێکی بەردینی ڕاگیر کرد و شەرابی پێشکەشکراوی بەسەردا ڕشت و زەیتی بەسەردا کرد. 15 یاقوب ئەو شوێنەی ناونا بێت‌ئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.

مردنی ڕاحێل و ئیسحاق

16 ئینجا لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەن‌ئۆنی[b]. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[c].

19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.

21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.

یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:

23 کوڕەکانی لێئە:

ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.

شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.

24 کوڕەکانی ڕاحێل:

یوسف و بنیامین

25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:

دان و نەفتالی.

26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:

گاد و ئاشێر.

ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.

27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. 28 تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.

نەوەکانی عیسۆ

36 ئەمانەش نەوەکانی عیسۆن کە ئەدۆمە.

عیسۆ ژنەکانی خۆی لە کچەکانی کەنعان خواست، عادای کچی ئێلۆنی حیتی، لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنای کچەزای چیبعۆنی حیڤی. هەروەها باسمەتی کچی ئیسماعیل، خوشکی نەبایۆت.

عادا ئەلیفازی بۆ عیسۆ بوو. باسمەتیش ڕەعوئێلی بوو. ئۆهۆلیبامەش یەعوش و یەعلام و قۆرەحی بوو. ئەمانەن کوڕانی عیسۆ کە لە خاکی کەنعان لەدایک بوون.

ئینجا عیسۆ ژن و کوڕ و کچەکانی هەڵگرت لەگەڵ هەموو کەسانی ماڵەکەی و ئاژەڵی ماڵی و هەموو ئاژەڵەکانی دیکە و هەرچییەکی هەبوو، ئەوەی لە خاکی کەنعان دەستی کەوتبوو، چووە زەوییەکی دیکە، دوور لە یاقوبی برای. سامانەکەیان ئەوەندە زۆر بوو کە نەتوانن پێکەوە نیشتەجێ بن، ئەو زەوییەی تێیدا ئاوارە بوون نەیدەتوانی بیانگرێتە خۆی، لەبەر زۆری مەڕوماڵاتیان. عیسۆ خۆی ئەدۆمە، ئیتر عیسۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر نیشتەجێ بوو.

ئەمانە نەوەکانی عیسۆن، باوکی ئەدۆمییەکان، لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر:

10 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی عیسۆن:

ئەلیفازی کوڕی عادای ژنی عیسۆ و ڕەعوئێلی کوڕی باسمەتی ژنی عیسۆ.

11 کوڕەکانی ئەلیفاز:

تێمان، ئۆمار، چەفۆ، گەعتام و قەنەز.

12 تیمنەع کەنیزەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ بوو، لە ئەلیفازەوە عەمالێقی بوو. ئەوانە کوڕەزای عادای ژنی عیسۆ بوون.

13 کوڕەکانی ڕەعوئێل:

نەحەت، زەرەح، شەمما و میزا. ئەمانە کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون.

14 ئەمانەش کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆن کە کچی عەنای کوڕی چیبعۆنە و بۆ عیسۆی ببوون:

یەعوش، یەعلام و قۆرەح.

15 ئەمانەش میرانی نەوەی عیسۆن:

کوڕانی ئەلیفازی نۆبەرەی عیسۆ:

میر تێمان، میر ئۆمار، میر چەفۆ، میر قەنەز، 16 میر قۆرەح، میر گەعتام و میر عەمالێق. ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون.

17 کوڕەکانی ڕەعوئێلی کوڕی عیسۆ:

میر نەحەت، میر زەرەح، میر شەمما و میر میزا. ئەوانە میرانی نەوەی ڕەعوئێل لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون.

18 کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆ:

میر یەعوش، میر یەعلام و میر قۆرەح. ئەوانە میرانی نەوەی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆی کچی عەنا بوون.

19 ئەوانە بوون کوڕانی عیسۆ کە خۆی ئەدۆمە، ئەوانەش میرەکانیان بوون.

20 ئەمانەش کوڕەکانی سێعیری حۆرین کە خەڵکی ناوچەکە بوون:

ڵوتان، شۆڤاڵ، چیبعۆن، عەنا، 21 دیشۆن، ئێچەر و دیشان. ئەمانەش میرانی حۆرییەکانن، کوڕانی سێعیر لە خاکی ئەدۆم.

22 کوڕەکانی ڵوتان:

حۆری و هۆمام. تیمنەعیش خوشکی ڵوتان بوو.

23 کوڕەکانی شۆڤاڵ:

عەلڤان، مانەحەت، عێبال، شەفۆ و ئۆنام.

24 کوڕەکانی چیبعۆن:

ئەییا و عەنا. ئەمە ئەو عەنایەیە کە لە چۆڵەوانیدا کانیاوی گەرمی دۆزییەوە، کاتێک خەریکی لەوەڕاندنی گوێدرێژەکانی چیبعۆنی باوکی بوو.

25 نەوەکانی عەنا:

دیشۆن لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنا.

26 کوڕەکانی دیشۆن:

حەمدان، ئەشبان، یەتران و کران.

27 کوڕەکانی ئێچەر:

بلهان، زەعەڤان و عەقان.

28 کوڕەکانی دیشان:

عوچ و ئەران.

29 ئەمانەش میرەکانی حۆرییەکانن:

میر ڵوتان، میر شۆڤاڵ، میر چیبعۆن، میر عەنا، 30 میر دیشۆن، میر ئێچەر و میر دیشان. ئەوانە بوون میرانی حۆرییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە خاکی سێعیر.

سەرۆکەکانی ئەدۆم

31 ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە لە خاکی ئەدۆم پاشایەتییان دەکرد، پێش ئەوەی هیچ پاشایەکی ئیسرائیلی پاشایەتی بکات.

32 بەلەعی کوڕی بەعۆر بوو بە پاشای ئەدۆم. ناوی شارەکەشی دینهابە بوو.

33 کە بەلەع مرد، یۆڤاڤی کوڕی زەرەحی خەڵکی بۆزرا وەک پاشا جێگەی گرتەوە.

34 کە یۆڤاڤ مرد، حوشامی خەڵکی خاکی تێمانییەکان وەک پاشا جێگەی گرتەوە.

35 کە حوشام مرد، هەدەدی کوڕی بەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە، لە وڵاتی مۆئاب شکستی بە میدیان هێنا. ناوی شارەکەشی عەڤیت بوو.

36 کە هەدەد مرد، سەمڵەی خەڵکی مەسرێقە وەک پاشا جێگەی گرتەوە.

37 کە سەمڵە مرد، شائوولی خەڵکی ڕەحۆبۆت، ئەو شارەی لە کەناری ڕووبار بوو، وەک پاشا جێگەی گرتەوە.

38 کە شائوول مرد، بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر وەک پاشا جێگەی گرتەوە.

39 کە بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر مرد، هەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی پاعوو بوو، ژنەکەشی ناوی میهێتەبێل بوو، کچی مەترێدی کچی مێزاهاب بوو.

40 ئەمانەش ناوی میرەکانی نەوەی عیسۆن، بەپێی خێڵ و ناوچە و ناوەکانیان:

تیمنەع، عەلڤا، یەتێت، 41 ئۆهۆلیبامە، ئێلە، پینۆن، 42 قەنەز، تێمان، میبسار، 43 مەگدئێل و عیرام. ئەمانە میرەکانی ئەدۆم بوون، بەپێی نشینگەکانیان لە خاکی موڵکی خۆیان.

ئەوە عیسۆی باوکی ئەدۆمییەکان بوو.

خەونەکانی یوسف

37 یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.

ئەمە چیڕۆکی نەوەکانی یاقوبە.

یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد، کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی. یوسف بوختانە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.

ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموو براکانی خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی بووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.

یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە. پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە: لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەلو[d] بووین، لەناکاو مەلوەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەلوەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»

براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر زیاتر ڕقیان لێ بووەوە، لەبەر خەونەکانی و لەبەر قسەکانی.

ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»

10 کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟» 11 براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.

فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە

12 براکانی چوون بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان لە دەوروبەری شەخەم. 13 ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.»

ئەویش گوتی: «باشە.»

14 ئینجا پێی گوت: «بڕۆ سەیر بکە بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد.

کە یوسف چوو بۆ شەخەم، 15 پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»

16 ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەراندنن؟»

17 پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان[e].“»

یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. 18 بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا هەتا بیکوژن.

19 ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! 20 دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە، دەشڵێین گیاندارێکی دڕندە یوسفی خوارد. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»

21 کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات، گوتی: «با گیانێک نەکوژین!» 22 ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی بۆ درێژ مەکەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.

23 ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەواکەیان لەبەری دادڕاند، کەوا درێژە ڕەنگینەکەی لەبەری بوو، 24 ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، ئەمباراوەکەش بەتاڵ بوو، ئاوی تێدا نەبوو.

25 دوای ئەوە دانیشتن بۆ نانخواردن، کە چاویان هەڵبڕی بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، وشترەکانیان بارکراون بە بەهارات و هەتووان[f] و موڕ[g]، بەرەو میسر دەڕۆن.

26 ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ 27 وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی خۆمانی بۆ درێژ نەکەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.

28 کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە ڕاکێشا، بە بیست شاقل زیو[h] بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت، ئەوانیش یوسفیان هێنایە میسر.

29 ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی. 30 گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»

31 ئەوانیش کەواکەی یوسفیان هێنا، گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەیان لە خوێن هەڵکێشا. 32 ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە، گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»

33 ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»

34 ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی[i] پۆشی، ماوەیەکی درێژ شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا. 35 ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە، گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان[j].» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.

36 هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتی‌فەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.