Chronological
مردنی ئیبراهیم
25 ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو، 2 لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. 3 یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. 4 کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.
5 ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، 6 بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.
7 ئەمەش تەمەنی ئیبراهیمە، سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. 8 ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 9 هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، هێنایان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە لەبەردەم مەمرێیە بە خاکیان سپارد، لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتی. 10 ئەو کێڵگەیەی ئیبراهیم لە حیتییەکان کڕی. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا. 11 دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.
نەوەکانی ئیسماعیل
12 ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە لە هاجەری میسرییەوە، کەنیزەکەی سارا کە بۆ ئیبراهیمی بوو.
13 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار[a]، ئەدبەئێل، میبسام، 14 میشماع، دوما، مەسسا، 15 حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما. 16 ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، ئەمانەن ناوی هەوار و خێوەتگاکانیان، دوازدە میر بەپێی هۆزەکانیان. 17 ئەمەش تەمەنی ئیسماعیل بوو، سەد و سی و حەوت ساڵ بوو. ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 18 نەوەکەی لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، سنوورەکەیان لە نزیک سنووری میسر بوو لەسەر ڕێگای ئەشوور، بەرامبەر هەموو براکانیان دوژمنایەتییان دەکرد.[b]
یاقوب و عیسۆ
19 ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن.
ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. 20 ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای هەتا ببێتە ژنی.
21 ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. 22 هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.
23 یەزدانیش پێی فەرموو:
«دوو نەتەوە لە منداڵدانتن،
دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە،
گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت،
گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»
24 کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک[c] لە منداڵدانی بوو. 25 ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، ناویان لێنا عیسۆ[d]. 26 دوای ئەمە براکەی لەدایک بوو، بە دەستیشی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، ناویان لێنا یاقوب[e]. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.
27 هەردوو کوڕەکە گەورە بوون، عیسۆ بووە پیاوێکی شارەزا لە ڕاو، پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. 28 ئیسحاق عیسۆی خۆشویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی خۆشدەویست.
29 ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. 30 عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! چونکە پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم[f].
31 یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»
32 عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»
33 بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.
34 ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، هەستا و ڕۆیشت.
بۆیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.
ئیسحاق و ئەبیمەلەخ
26 ئینجا قاتوقڕی لە خاکەکە سەریهەڵدا، جیا لەو قاوتوقڕییەی یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیم ڕوویدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. 2 یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. 3 بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. 4 نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. 5 لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.»
6 ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو. 7 پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.»
8 کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە. 9 ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟»
ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە وا بیرم کردەوە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.»
10 ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت بنوستایە، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.»
11 ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»
12 ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد، هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، یەزدانیش بەرەکەتداری کرد. 13 ئیتر پیاوە دەوڵەمەند بوو، سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو. 14 ئینجا بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد. 15 هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو.
16 ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.»
17 ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا، لەوێ نیشتەجێ بوو. 18 ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون.
19 خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە. 20 بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناونا «عێسەق»، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی. 21 ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا. 22 ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، ناکۆک نەبوون لەسەری، ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت، گوتی: «چونکە ئێستا یەزدان بۆی فراوان کردین، لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.»
23 ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو. 24 جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم، لەبەر ئیبراهیمی بەندەم.»
25 ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.
26 هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای. 27 ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوونەتە لام، کە خۆتان ڕقتان لێم بووەوە و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟»
28 ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین، 29 کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد، بەڵام لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت، بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.»
30 ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە. 31 بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن.
32 ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند، پێیان گوت: «ئاومان دۆزییەوە.» 33 ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.
34 عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ و ژنی هێنا، یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی. 35 بۆ ئیسحاق و ڕڤقە بوونە مایەی خەم و خەفەت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.