Chronological
وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا
19 هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، ڵوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک ڵوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. 2 ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.»
فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»
3 بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان. 4 پێش ئەوەی ڕاکشێن، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەورەی ماڵەکەیان دا. 5 ئینجا ڵوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان هەتا لاقەیان بکەین.»
6 ڵوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست. 7 گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن. 8 من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
9 ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەمە هاتووە بۆ ئەوەی پەناهەندە بێت لەنێوانمان و دەیەوێت ببێتە دادوەر لەسەرمان. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر زۆریان لە ڵوت کرد و هاتنە پێشەوە هەتا دەرگاکە بشکێنن.
10 بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و ڵوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست. 11 ئەو پیاوانەش کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، کوێرییان کردن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکی ئەوەیان کەوت کە دەرگاکە بدۆزنەوە.
12 ئینجا دوو پیاوەکە بە ڵوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە، زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسانێکی دیکەش کە لە شارەکەدا هەتن؟ هەموویان لێرە ببە دەرەوە، 13 چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاواریان لە دژی خەڵکەکەی مەزن بووە، یەزدانیش ئێمەی ناردووە هەتا وێرانی بکەین.»
14 ئیتر ڵوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ زاواکانی کرد کە کچەکانی ئەمیان خواستبوو. گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی زاواکانی.
15 لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە ڵوت کرد و پێیان فەرموو: «خێراکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
16 بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان. 17 جا کە هێنایاننە دەرەوە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
18 بەڵام ڵوت پێی گوتن: «نا، گەورەم! 19 خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم. 20 تەماشا ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
21 ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم. 22 بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر[a].
23 کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، ڵوت گەیشتە ناو زۆعەر. 24 ئینجا یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند، لەلایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە. 25 هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد. 26 بەڵام ژنی ڵوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
27 بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا لەبەردەم یەزدان داکۆکی کردبوو. 28 ڕوانییە سەدۆم و عەمۆرا و هەموو زەوی دەوروبەرەکە، سەیری کرد وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
29 ئینجا کە خودا شارۆچکەکانی دەوروبەرەکەی وێران کرد، خودا ئیبراهیمی هاتەوە یاد[b] و ڵوتی لەناو ئەو سەرەوژێرکردنە هێنایە دەرەوە، کاتێک ئەو شارانەی سەرەوژێر کرد کە ڵوت تێیدا دانیشتبوو.
ڵوت و کچەکانی
30 ئینجا ڵوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون. 31 کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە، هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە بەلاماندا بێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە. 32 وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و لەگەڵی ڕاکشێین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
33 ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
34 بۆ ڕۆژی دوایی کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ شەو لەگەڵ باوکم ڕاکشام. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و لەگەڵی ڕاکشێ. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.» 35 ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و لەگەڵی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
36 ئیتر هەردوو کچەکەی ڵوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو. 37 گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ. 38 هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەنعەمی. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.
ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ
20 ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو، لە گرار ئاوارە بوو. 2 ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.
3 ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»
4 بەڵام هێشتا ئەبیمەلەخ لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟ 5 ئەی ئیبراهیمش پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»
6 خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت. 7 ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەشیگەڕێنیتەوە، ئەوە بزانە کە بێگومان دەمریت، خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن.»
8 سبەی ئەبیمەلەخ بەیانی زوو لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەم شتانەی پێیان گوت، پیاوەکانیش زۆر ترسان. 9 ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە ناشێت بە منت کرد.» 10 ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «چیت بینی هەتا ئەم کارەت کرد؟»
11 ئیبراهیمیش گوتی: «چونکە گوتم: ”لەم شوێنەدا هیچ لەخواترسی نییە، لەبەر ژنەکەشم من دەکوژن.“ 12 لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم. 13 کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”ئەمە ئەو چاکەیە کە لەگەڵمدا دەکەیت، چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»
14 ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە. 15 ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «زەوییەکەم وا لەبەردەمی تۆیە، هەرکوێیەکیت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»
16 بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو[c] دەدەمە براکەت. ئەمە بەرامبەر بە ئابڕووبردنەکەی تۆیە لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن و لەلای هەموو کەسێک، ئیتر تۆ تەواو ڕوو سپیت.»
17 ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو، 18 چونکە هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، یەزدان بە تەواوی بەستبووی، بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە.
لەدایکبوونی ئیسحاق
21 یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە، یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. 2 ئینجا سارا لە پیرەمێردیێتی ئیبراهیمدا سکی پڕ بوو و منداڵێکی بۆی بوو، لەو کاتەی کە خودا پێی فەرموو. 3 ئیبراهیم کوڕە لەدایکبووەکەی خۆی کە سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق. 4 کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. 5 تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.
6 سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» 7 هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونکە لە پیرەمێردی ئەودا کوڕێکم بوو.»
بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل
8 کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. 9 بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. 10 جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»
11 ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، بەهۆی کوڕەکەی. 12 بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لەلات ناڕەحەت نەبێت لەبەر کوڕەکە و لەبەر کەنیزەکەت. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت. 13 هەروەها کوڕی کەنیزەکەش دەکەمە نەتەوە، چونکە وەچەی تۆیە.»
14 سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێڵ بوو.
15 کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. 16 ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «با مەرگی کوڕەکە نەبینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.
17 خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. 18 هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستت بەهێز بکە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»
19 ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.
20 خودا لەگەڵ کوڕەکە بوو، گەورە بوو و لە چۆڵەوانیدا دەژیا، بووە تیرهاوێژ. 21 لە چۆڵەوانی پاران نیشتەجێ بوو، دایکیشی لە خاکی میسر ژنێکی بۆ هێنا.
پەیمانی بیری شابەع
22 لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە. 23 ئێستاش ئا لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی نە لە خۆم و نە لە منداڵم و نە لە نەوەم نەکەیت. بەڵکو وەک ئەو چاکەیەی لەگەڵ تۆدا کردم لەگەڵم دەکەیت، هەروەها لەگەڵ ئەو خاکەی کە تێیدا ئاوارە بوویت.»
24 ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»
25 ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو. 26 بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»
27 ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست. 28 ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت. 29 ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕات گرتوون؟»
30 ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.» 31 لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناونا بە بیری شابەع[d]، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.
32 لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان. 33 ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد. 34 ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.