Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 12-15

بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە

12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.

«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
    بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
    دەبیتە بەرەکەت.
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
    نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
    لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»

ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. ئەبرام سارای ژنی و ڵوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی، ئیتر ڕۆیشتن و چوونە خاکی کەنعان. گەیشتنە خاکی کەنعان.

ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون. یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.

لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە، عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب[a] بەردەوام بوو لە کۆچکردن.

ئەبرام لە میسر

10 لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو لەوێ بۆ ماوەیەک ئاوارە بێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر گەورە بوو. 11 کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارای ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت. 12 کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە. 13 بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»

14 کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە. 15 کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون. 16 ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر.

17 بەڵام یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد. 18 ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟ 19 بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ هەتا بردم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!» 20 ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.

جیابوونەوەی ئەبرام و ڵوت

13 ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ ڵوت لە میسرەوە چووە نەقەب. ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.

قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای. بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.

هەروەها ڵوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. بەڵام خاکەکە هەردووکیانی هەڵنەگرت بۆ ئەوەی پێکەوە نیشتەجێ بن، لەبەر ئەوەی دەستکەوتیان ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر نەیانتوانی پێکەوە نیشتەجێ بن. ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی ڵوت ڕوویدا. لەو کاتەش کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.

ئینجا ئەبرام بە ڵوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک لەنێوان من و تۆ و لەنێوان شوانەکانم و شوانەکانی تۆ نەبێت، چونکە ئێمە مام و برازاین[b]. ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»

10 ڵوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 11 ڵوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. ئیتر هەردووکیان لە یەکتری جیا بوونەوە. 12 ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، ڵوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو، ڕووەو سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 13 خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار و گوناهبار بوون، لە دژی یەزدان.

14 دوای جیابوونەوەی ڵوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 15 چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە تۆ و نەوەی تۆ، 16 نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش دەژمێردرێت. 17 بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»

18 ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن[c] نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.

دەربازکردنی ڵوت لەلایەن ئەبرامەوە

14 وا ڕوویدا کە لە سەردەمی ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم، ئەمانە جەنگیان بەرپا کرد لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە. هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو[d]. بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.

لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و ئەو پاشایانەی کە لەگەڵی بوون هات، ڕفائییەکانیان بەزاند لە عەشترۆت قەرنەیم، هەروەها زوزییەکان لە هام و ئێمییەکانیش لە شاڤێ قیریاتەیم، هەروەها حۆرییەکان[e] لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر، هەتا ئێیل پاران لە نزیک بیابان. ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمورییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.

ئینجا پاشای سەدۆم و پاشای عەمۆرا و پاشای ئەدما و پاشای چەبۆئیم و پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. 10 دۆڵی سیدیمیش پڕ بوو لە چاڵە قیڕ. کاتێک هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا هەڵاتن و لەوێ کەوتن، ئەوانی دیکەش بۆ چیاکان هەڵاتن. 11 ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەکەکانی سەدۆم و عەمۆرا و هەموو خۆراکەکانیان بردن و ڕۆیشتن. 12 هەروەها ڵوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.

13 یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی[f] ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەموری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. 14 کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. 15 کە شەویش داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون، جا هێرشی بردە سەریان و تەفروتونایان کردن و تاکو حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. 16 جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها ڵوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.

17 دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.

18 مەلکیسادقی پاشای شالیمیش[g] نان و شەرابی دەرهێنا. ئەو کاهینی خودای هەرەبەرز بوو. 19 داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
    ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
20 ستایش بۆ خودای هەرەبەرز
    کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.»

ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.

21 ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»

22 بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، 23 کە ئەگەر تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگییەکی[h] پێڵاوەکانت یان هەر شتێک لە شتەکانی تۆ ببەم، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ 24 تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ، ئەوان بەشی خۆیان وەردەگرن.»

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

15 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[i] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،
    من قەڵغانم بۆت،
    پاداشتت زۆر گەورەیە.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[j]

لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتا ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری؟»

یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[k] و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»

10 ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. 11 ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.

12 کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات. 13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»

17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی. 18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات، 19 خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی، 20 حیتی، پریزی، ڕفائی، 21 ئەموری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.