Chronological
35 ئەلیهوش بەردەوام بوو و گوتی:
2 «ئایا ئەمە بە ڕاست دادەنێیت؟
گوتت: ”ڕاستییەکەی لای منە، نەک لای خودا.“
3 لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەپرسیت: ”چ سوودێکی بۆم هەیە،
قازانجی چیم کرد لە نەکردنی گوناه؟“
4 «من حەز دەکەم وەڵامی تۆ بدەمەوە،
وەڵامی تۆ و هاوڕێیەکانیشت دەدەمەوە.
5 تەماشای ئاسمان بکە و ببینە،
تێبینی هەورەکان بکە لە تۆ بەرزترن.
6 ئەگەر گوناهە بکەیت چیت لێکردووە و
ئەگەر یاخیبوونەکانت زۆر بکەیت چیت پێکردووە؟
7 ئەگەر ڕاستودروست بیت چیت پێیداوە،
یان چی لە دەستت وەردەگرێت؟
8 خراپەکەت بۆ مرۆڤێک دەبێت کە وەک خۆتە و
ڕاستودروستیشت بۆ ئادەمیزادە.
9 «خەڵک لەتاوی زۆرداری هاوار دەکەن،
لەبەر ستەمکاران هاواری فریاکەوتن دەکەن.
10 ناڵێن: ”کوا خودای بەدیهێنەرم،
ئەوەی لە شەودا زەبوور دەدات،
11 ئەوەی فێرمان دەکات زیاتر لە ئاژەڵەکانی زەوی و
لە باڵندەکانی ئاسمان داناترمان دەکات؟“
12 کاتێک خەڵک لە دەست لووتبەرزی خراپەکاران هاوار دەکەن،
وەڵام ناداتەوە.
13 خودا گوێ لە داواکاری پووچیان ناگرێت،
توانادارەکە تەماشای ناکات.
14 ئیتر چۆن گوێ لە تۆ بگرێت
ئەگەر بڵێیت کە نایبینیت،
داواکارییەکەت لەبەردەمیەتی و
دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەیت،
15 هەروەها تووڕەییەکەی هەرگیز سزا نادات و
گوێ نادات بە زۆری خراپەکاری.
16 بەم جۆرە ئەیوب لە هیچ دەمی کردووەتەوە و
بەبێ زانین قسەی زل دەکات.»
36 دیسان ئەلیهو گوتی:
2 «تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم
کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
3 زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و
ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
4 بەڕاستی قسەکانم درۆ نین،
ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.
5 «خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات،
گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
6 خراپەکار ناژیێنێت و
مافی زەلیلان دەدات.
7 چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات،
بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و
هەتاسەر پایەداریان دەکات.
8 ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە،
ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
9 کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات،
چونکە لووتبەرز بوون.
10 گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و
فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
11 ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن،
ڕۆژگاریان بە باشە و
ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
12 ئەگەر گوێش نەگرن،
بە شمشێر لەناودەچن و
بە نەزانی دەمرن.
13 «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە،
هاواری فریاکەوتن ناکەن کە بیانبەستێتەوە.
14 لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان
لە گەنجیێتیدا دەمرن.
15 بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و
لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.
16 «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت
بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و
سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
17 بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا،
حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.
18 ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات،
زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.
19 ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن
لە تەنگانە دەتپارێزێت
یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟
20 تامەزرۆی شەو مەبە،
هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.
21 ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە،
چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.
22 «خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە.
کێ وەک ئەو مامۆستایە؟
23 کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟
یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“
24 لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت،
کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن.
25 هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛
خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن.
26 خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و
ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن.
27 «دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت،
دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛
28 لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر
بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت.
29 ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات
یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟
30 ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و
قووڵایی دەریا دادەپۆشێت،
31 چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و
بە پڕی خواردن دەدات.
32 بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و
فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات.
33 گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت،
مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن.
37 «لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و
لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
2 بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی
گوێ شل بکە!
3 لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی،
بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
4 لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت،
بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت.
کاتێک دەنگ دەداتەوە
بروسکەکەی ڕاناگرێت.
5 خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛
کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
6 چونکە بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“
هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
7 مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات،
بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
8 گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و
لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
9 لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و
لە باکووریشەوە سەرما.
10 لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و
سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
11 هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛
بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
12 بەگوێرەی خواستی ئەو
لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن
هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
13 هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک،
یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
14 «ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە!
هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
15 ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات،
یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
16 ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون،
ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
17 ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات
بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
18 ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە،
کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟
19 «پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛
لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
20 ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟
ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
21 ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات
کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە
دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
22 لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت،
خودای شکۆدار و سامناک دێت.
23 ئێمە پەی بە خودای هەرە بە توانای باڵادەست نابەین،
کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
24 لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن،
چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.