Chronological
بەرگری کۆتایی ئەیوب
29 ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
2 «خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،
بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
3 کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و
بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
4 خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،
هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
5 خودای هەرە بە توانا هێشتا لەگەڵم بوو و
منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
6 کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،
تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
7 «کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و
لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
8 گەنجەکان کە منیان بینی خۆیان دەشاردەوە،
پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
9 پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،
دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
10 پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و
زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
11 ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،
ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
12 چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و
ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
13 ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و
دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
14 ڕاستودروستیم لەبەرکرد و پۆشیم؛
دادپەروەری وەک کەوا و مێزەرەکەم بوو.
15 بووم بە چاو بۆ نابینایان و
بە قاچ بۆ شەلان.
16 من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و
بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
17 کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و
لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
18 «جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و
وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
19 ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،
بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
20 شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،
کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
21 «گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد
لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
22 لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛
قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
23 چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و
دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
24 کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛
کاتێک ڕازامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێ ئەوەیان نەدەکرد.
25 ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛
وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،
وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.
30 «بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
گاڵتەم پێ دەکەن،
ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
2 دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
چونکە سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
3 لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
کە وێران و کاول بوون.
4 ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
ڕەگی دار گەز[a] خۆراکیان بوو.
5 لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
6 لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
7 لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
8 نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
لە خاکەکە تێهەڵدراون.
9 «بەڵام ئێستا ئەوان بە بەندی گۆرانی هەجووم دەکەن؛
پەندم بەسەردا دەڵێن.
10 قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
11 چونکە خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
12 لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
13 ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
کەس نییە پشتگیری من بکات.
14 ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
15 نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
هەروەکو با ڕێزی منی برد،
ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
16 «بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
17 شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
ئازارەکانم پشوو نادەن.
18 خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
وەک لە یەخەی کراسەکەمەوە منی پێچایەوە.
19 فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
20 «ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
21 لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
22 دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
23 چونکە دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
24 «بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
25 ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
26 لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
27 هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
28 ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
29 بووم بە برای چەقەڵەکان و
هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
30 پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
31 قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
31 «پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست،
ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
2 چونکە بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە،
چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
3 ئایا کارەسات بۆ بەدکار و
بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
4 ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و
هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
5 «ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر
یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
6 با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و
با بێ کەموکوڕییەکەم بزانێت.
7 ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە،
ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە،
یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
8 ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن،
با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
9 «ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە،
یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
10 با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و
با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
11 چونکە ئەمە بێ ناموسییە،
تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
12 چونکە ئاگرێکە هەتا لەناوچوون[b] دەخوات و
هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
13 «ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە
کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
14 ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟
ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
15 ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟
ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
16 «ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت
یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
17 یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت،
کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
18 بەڵکو لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و
لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
19 ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل
یان نەدارێکی بێ بەرگ،
20 کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە
ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
21 ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە
بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
22 با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و
با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
23 چونکە کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و
لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
24 «ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و
ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
25 ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و
لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
26 ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە،
یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
27 تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و
دەستم دەمی داپۆشی،[c]
28 ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا،
چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
29 «ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم
یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
30 بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات
بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
31 ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە،
”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
32 ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد،
دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
33 ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە،
بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
34 بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم،
لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم،
لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
35 «خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت!
ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بە توانا وەڵامم پێ بداتەوە؛
ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
36 بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت،
دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
37 ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت،
پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
38 «ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و
هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
39 ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە
یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
40 با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و
لە جێی جۆ زیوان.»
وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.