Chronological
24 «بۆچی خودای هەرە بە توانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟
بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟
2 خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە،
دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.
3 گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و
گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.
4 نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن،
هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.
5 هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی،
بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن،
دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.
6 لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن،
لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.
7 بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە،
هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.
8 لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و
خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.
9 بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن،
منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.
10 نەدار بە ڕووتی دەڕۆن بەبێ جل،
بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.
11 لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن،
بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.
12 ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن،
گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن،
بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.
13 «ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین،
نە ڕێگاکانی دەزانن و
نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.
14 بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و
هەژار و نەدار دەکوژێت؛
بە شەویش بۆ دزی دەچێت.
15 چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛
دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“
ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.
16 لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن،
لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛
ڕووناکی ناناسن.
17 تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان،
هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.
18 «لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛
بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە،
لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.
19 وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات،
جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.
20 سکی دایک لەبیریان دەکات و
کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛
ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و
وەک دار دەشکێت.
21 لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن،
هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.
22 بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛
هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
23 دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین،
بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.
24 کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛
نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە،
وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.
25 «ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و
قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»
وەڵامی سێیەمی بیلدەد
25 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
2 «دەسەڵات و شکۆ لەلای خودایە؛
ئەو بەرزاییەکانی ئاسمان بەرقەرار دەکات.
3 ئایا هێزەکانی دەتوانرێت بژمێردرێن؟
ڕووناکییەکەی بەسەر کێدا هەڵنایەت؟
4 ئیتر چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
لەدایکبوو لە ژن چۆن بێتاوان دەبێت؟
5 ئەگەر لەبەرچاوی خودا تەنانەت مانگ ڕۆشن نییە و
ئەستێرەکانیش بێگەرد نین،
6 ئیتر چۆن مرۆڤ بێگەرد دەبێت کە مۆرانەیەکە،
ئادەمیزاد کە کرمێکە!»
قسەی نۆیەمی ئەیوب
26 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە!
چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!
3 چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە!
چۆن زانینی زۆرت دەرخست!
4 بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و
ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟
5 «تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا
لە سامناکی خودا دەلەرزن.
6 جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە،
شوێنی لەناوچوون[a] شاردراوە نییە.
7 ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و
زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.
8 ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و
هەور لەژێری نادڕێت.
9 ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە،
هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.
10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە
وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.
11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و
لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.
12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و
بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ[b] دەوەشێنێت.
13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و
دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.
14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون.
هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان!
ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»
27 ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:
2 «بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە،
سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،
3 هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت،
هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،
4 لێوەکانم بە خراپە نادوێن و
زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
5 لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە،
هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.
6 دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم،
بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.
7 «با دوژمنم وەک بەدکار بێت و
بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.
8 چونکە خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە،
کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟
9 ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت
کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟
10 یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟
ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟
11 «من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛
کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.
12 ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان،
ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟
13 «ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە،
میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.
14 ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و
نەوەکەشی تێر نان نابن.
15 دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و
بێوەژنەکانیان ناگرین.
16 ئەگەر زیو وەک خۆڵ و
جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،
17 ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات،
بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.
18 وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و
وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.
19 بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛
کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.
20 کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن،
ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.
21 بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات،
لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.
22 لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت،
بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.
23 بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات،
بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»
دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟
28 زیو کانی هەیە و
بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
مسیش لە توانەوەی بەرد.
3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
6 بەردەکانی یاقووتی شینی[c] تێدایە و
لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
چاوی هەڵۆ نایبینێت.
8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
بنکەی چیاکان دەردەخات.
10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14 قووڵایی ژێر زەوی[d] دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22 لەناوچوون و مردن دەڵێن:
«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24 چونکە ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کرد.
28 بە مرۆڤی فەرموو:
«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.