Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 17-20

17 ڕۆحم شکا،
    ڕۆژگارم کوژایەوە،
    گۆڕ چاوەڕێی منە.
بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و
    ناچار چاودێری کێشمەکێشیان بکەم.

«تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم،
    بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟
تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە،
    لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە.
ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت،
    نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە.

«منی کردە پەندی گەلان و
    بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت.
چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون،
    هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون.
ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و
    بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت.
کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و
    ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت.

10 «ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن،
    بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە.
11 ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران.
    لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم
12 شەو دەکەن بە ڕۆژ،
    لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن.
13 ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و
    لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم،
14 ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“
    بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“
15 ئیتر ئومێدم کوا؟
    کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟
16 ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟
    ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»

وەڵامی دووەمی بیلدەد

18 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:

«هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟
    تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.
بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و
    لەبەرچاوتان گێل بووین؟
ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە،
    ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و
    تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟

«بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و
    گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.
لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و
    چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.
هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و
    ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.
بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت،
    جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.
تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و
    فاقە توند دەیگرێت.
10 داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و
    تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.
11 بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و
    هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.
12 برسیێتی بڕستی لێ بڕی و
    کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.
13 نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات،
    یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.
14 لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت،
    بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.
15 ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت،
    گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.
16 لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و
    لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.
17 یادەوەری لە زەوی نامێنێت و
    لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.
18 لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و
    لە جیهان دەردەکرێت.
19 نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت،
    نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.
20 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن،
    گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.
21 ئەوە نشینگەی بەدکارانە و
    ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»

قسەی شەشەمی ئەیوب

19 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و
    بە قسە وردم دەکەن؟
ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن،
    بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم.
گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم،
    گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە.
ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و
    شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن،
ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و
    تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا.

«هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە،
    هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە.
ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە،
    تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم.
شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و
    تاجەکەی سەرمی لێکردەوە.
10 لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و
    هیوای منی وەک دار هەڵکەند.
11 تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و
    بە دوژمنی خۆی دانام.
12 پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و
    سەنگەریان لە دژی من لێدا و
    لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند.

13 «کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و
    ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە.
14 خزمەکانم وازیان لێ هێنام و
    ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم.
15 میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام،
    وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن.
16 بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە،
    هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە.
17 بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و
    قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم.
18 تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم،
    کە هەستم باسی من دەکەن.
19 هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و
    ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە.
20 ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و
    بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.

21 «بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان،
    چونکە دەستی خودا لێی داوم.
22 بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟
    لە گۆشتم تێر نابن؟

23 «خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە،
    خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا،
24 خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان
    بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران.
25 بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە[a] زیندووە و
    لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە.
26 پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت،
    هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.[b]
27 ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و
    چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە،
    لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!

28 «ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین،
    چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“
29 لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر،
    چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت،
    ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»

وەڵامی دووەمی چۆفەر

20 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

«لەبەر جۆشانی ناخم،
    بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە.
گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت،
    ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە.

«ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە،
    لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟
هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و
    خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە.
هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و
    سەریشی لە هەور بدات،
بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و
    ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“
وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت،
    وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت.
چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە،
    جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت.
10 کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛
    دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە.
11 ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین،
    بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت.

12 «کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و
    لەژێر زمانی بیشارێتەوە،
13 دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت،
    بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد،
14 بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت،
    دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی.
15 سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛
    خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت.
16 ژەهری مار دەمژێت؛
    زمانی مار دەیکوژێت.
17 جۆگەکان نابینێت،
    ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ.
18 بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات،
    لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت.
19 چونکە هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛
    دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو.

20 «بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛
    ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات.
21 خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛
    ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت.
22 لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت،
    دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر.
23 لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات،
    خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و
    وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت.
24 لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و
    تیری بڕۆنز دەیبڕێت.
25 تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە،
    نووکی بریسکەدار زراوی بڕی.
ترسی بەسەرەوەیە؛
26     هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە.
ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە،
    ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات.
27 ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات،
    زەوی لێی ڕادەپەڕێت.
28 لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت،
    لافاوێک ماڵەکەی دەبات.
29 ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە،
    میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.