Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 14-16

14 «مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن
    ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.
وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،
    وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
جا لەسەر شتێکی وەک ئەمە چاوت زەق کردەوە و
    ئێستاش ئەوانت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟
کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟
    بێگومان کەس!
جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و
    ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و
    کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،
    هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.

«چونکە دار داخوازییەکی هەیە،
    ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکات و دووبارە شین بێتەوە و
    لقوپۆپی تازە دەربکات.
ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و
    بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،
هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و
    وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.
10 بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛
    مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.
11 هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و
    ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،
12 هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،
    لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت
    هەتا ئاسمان نامێنێت.

13 «خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و
    دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!
خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و
    بەبیرت دەهاتمەوە!
14 ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟
    هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،
    ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.
15 بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە،
    تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد.
16 بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت،
    بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت.
17 یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک،
    تاوانەکەم دەشاریتەوە.

18 «هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و
    تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت،
19 ئاو بەرد دەسووێنێت و
    لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت،
    بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت.
20 بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت،
    ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت.
21 ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،
    ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە.
22 تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و
    داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»

وەڵامی دووەمی ئەلیفاز

15 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:

«ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و
    مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و
    بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و
    خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و
    زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،
    لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.

«ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟
    یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
ئایا لە ئەنجومەنی خودا[a] گوێت گرتبوو؟
    ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕاندووەتەوە؟
چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،
    چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
10 پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،
    تەمەنی لە باوکت زیاترە.
11 ئایا دڵنەواییەکانی خودا و
    بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
12 بۆچی دڵت دەتبات و
    بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
13 بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و
    قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟

14 «مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و
    لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
15 ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،
    کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
16 ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە
    دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟

17 «من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،
    باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
18 ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و
    ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
19 ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و
    هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
20 بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،
    ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
21 دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و
    لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
22 لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛
    چاوەڕوانی شمشێرە.
23 ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ،
    دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
24 تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و
    بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
25 چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت،
    لە دژی خودای هەرە بە توانا پاڵەوانیێتی نواند،
26 بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد
    بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.

27 «هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و
    ناوقەدی خۆی بە پیو[b] ئەستوور کرد،
28 بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت،
    لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و
    خەریکن دەبنە کەلاوە.
29 لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت،
    دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
30 لە تاریکی دەرباز نابێت،
    کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و
    بە فووێکی دەمی نامێنێت.
31 جێی باوەڕ نابێت
    بە شتی پووچ وێڵ دەبێت،
    چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
32 پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت،
    دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
33 وەک ترێ پەسیرەکانی[c] دەکەوێت و
    وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
34 چونکە کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت،
    ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
35 بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت،
    سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»

قسەی پێنجەمی ئەیوب

16 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،
    هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟
    یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،
    ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛
قسەم بۆ دەگێڕانەوە و
    سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
بەڵام بە دەم هانم دەدان و
    جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.

«ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،
    ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
ئەی خودایە تۆ ئێستا بێزارت کردووم،
    هەموو کەسوکارەکەی منت تێکداوە.
سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،
    لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،
    ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،
    دوژمنەکەم چاوی تێبڕیووم.
10 خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،
    بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،
    پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
11 خودا منی دایە دەست زۆردار و
    بۆ بەردەستی خراپەکار فڕێیدام.
12 من ئاسوودە بووم و ئەو جێلەقی کردم،
    پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.
منی کرد بە نیشانی خۆی؛
13     تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.
جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،
    زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
14 جار لەدوای جار شەقم دەکات،
    وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.

15 «جلوبەرگی گوشم[d] بە پێستمەوە دووری و
    خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
16 دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و
    ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
17 لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و
    نوێژەکەم بێگەردە.

18 «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،
    با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
19 ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،
    پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
20 ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.
    کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،[e]
21 ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،
    وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.

22 «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،
    لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.