Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 10-13

10 لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،
    بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،
    بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!
    تێمبگەیەنە بۆچی دادگایم دەکەیت.
ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،
    ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟
    بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟
    ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،
    یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و
    چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و
    کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.

«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،
    ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،
    ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
10 ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و
    وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
11 بە پێست و گۆشت منت پۆشی و
    بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
12 ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،
    چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.

13 «بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،
    من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
14 ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و
    لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
15 ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!
    ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،
چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و
    زەلیلی خۆم بینی.
16 ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،
    دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
17 شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و
    تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و
    یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.

18 «ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟
    خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
19 وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،
    لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
20 ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟
    بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
21 پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،
    بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
22 خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،
    سێبەری مەرگ و ناڕێکی،
    خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»

وەڵامی یەکەمی چۆفەر

11 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،
    یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆ پاک دەبێت؟
ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،
    یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و
    من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و
    لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،
    چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،
    جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.

«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟
    ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بە توانا؟
ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،
    لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و
    لە دەریاش پانترە.

10 «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و
    تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
11 چونکە ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و
    خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
12 بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو
    هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.

13 «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و
    دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
14 ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و
    نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
15 ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و
    چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
16 چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و
    وەک ئاوێکی تێپەڕیوو یادی دەکەیتەوە.
17 ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و
    تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
18 دڵنیا دەبیت چونکە ئومێدت هەیە،
    دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
19 خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و
    زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
20 بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و
    پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛
    ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»

قسەی چوارەمی ئەیوب

12 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«ڕاستە ئێوە گەلێکن،
    بە مردنتان داناییش دەمرێت،
بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە،
    من لە ئێوە کەمتر نیم.
    ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟

«لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە،
    بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم،
    هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
کەسێکی دڵنیا
    گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
چادری تێکدەران ئارامە و
    ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن،
    بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.

«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن،
    هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات،
    ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
کام لەمانە نازانێت کە
    دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
10 ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و
    ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
11 ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و
    مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
12 لە ڕیش سپیێتی دانایی و
    لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.

13 «دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە،
    ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
14 ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە،
    ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
15 ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت،
    بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
16 هێز و دانایی لەلای ئەوە،
    چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
17 ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات،
    دادوەران تووشی شێتی دەکات.
18 کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و
    ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
19 کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و
    پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
20 ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات،
    ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
21 سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و
    پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
22 قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و
    سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
23 نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات،
    نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
24 مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و
    لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
25 لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە،
    وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.

13 «چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە،
    گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛
    من لە ئێوە کەمتر نیم.
بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم،
    دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
    هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون!
    ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و
    بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
ئایا بە دەم خوداوە بەدی دەکەن؟
    ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
ئایا لایەنگری دەکەن،
    یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن
    یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
10 بێگومان سەرزەنشتتان دەکات
    ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
11 ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و
    ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
12 یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و
    بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.

13 «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و
    ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
14 بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم،
    ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
15 ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێی دەبەستم،
    لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
16 هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە،
    کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
17 بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و
    ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
18 ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو،
    دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
19 کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات،
    تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟

20 «ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە،
    ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
21 دەستت لێم دووربخەوە و
    با سامی تۆ نەمترسێنێت.
22 ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە،
    یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
23 چەند تاوان و گوناهم هەیە؟
    یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و
    بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
25 ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟
    ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
26 چونکە تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و
    لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
27 جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و
    چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و
    شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.

28 «وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم،
    وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.