Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 6-9

قسەی دووەمی ئەیوب

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و
    هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!
بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو،
    لەبەر ئەوەی بە هەڵەشەیی قسەم کرد.
تیرەکانی خودای هەرە بە توانا لە مندان و
    ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛
    بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.
ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت،
    یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟
ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت،
    یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟
من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە،
    نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.

«خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و
    ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،
کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و
    دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!
10 هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن،
    بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە،
    کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.

11 «هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و
    کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟
12 ئایا هێزم هێزی بەردە؟
    یان گۆشتم بڕۆنزە؟
13 سەرکەوتن لە من دوورکەوتووەتەوە،
    ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟

14 «ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت،
    ئەوا ڕێزی خودای هەرە بە تواناشی نەگرتووە.
15 بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم،
    وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.
16 کاتێک لێڵن لەبەر شەختە
    بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،
17 بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت،
    کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.
18 کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن،
    دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.
19 کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن،
    بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،
20 کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون،
    بێزار بوون چونکە متمانەیان پێی کردبوو.
21 ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە،
    بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.
22 ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”شتێکم لە پێناوی من بدەن،
    بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،
23 لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن،
    لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“

24 «فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم،
    تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!
25 ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە!
    بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟
26 ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن،
    ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟
27 بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و
    چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.

28 «ئێستا باش تێم بڕوانن،
    چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.
29 تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن،
    ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.
30 ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە،
    یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟»

«ئایا ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی خزمەتکردن و ڕەنجکێشان نییە،
    ڕۆژانیشی وەک ڕۆژانی ڕەنجدەرێک نییە؟
وەک چۆن کۆیلە تامەزرۆی سێبەرە و
    کرێکاریش چاوەڕێی کرێیەکەیەتی،
ئاواش مانگەکانی بێ ئومێدی بۆم بوون بە میرات و
    شەوانی چەرمەسەری بوون بە بەشم.
کە دەچمە سەر جێگاکەم دەڵێم: ”کەی بێت هەستم،“
    شەو درێژە دەکێشێت و هەتا بەرەبەیان ئەم دیو و ئەو دیو دەکەم.
گۆشتم کرم و قەتماغە پۆشیویەتی،
    پێستم شەقار بووە و کێمی کردووە.

«ڕۆژگارم لە تەون خێراترە و
    بێ هیوا کۆتایی دێت.
ئەی خودا، لە یادت نەچێت کە ژیانم هەناسەیەکە و
    ئیتر چاوەکانم خۆشی نابینن.
ئەو چاوەی کە ئێستا دەمبینێت لەمەودوا نامبینێت،
    چاوت بڕیوەتە من، بەڵام من بوونم نابێت.
هەور پەرت دەبێت و نامێنێت،
    بە هەمان شێوە ئەوەی دادەبەزێتە ناو جیهانی مردووان سەرناکەوێتەوە.
10 ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی و
    دەوروپشتی لە یادی دەکەن.

11 «لەبەر ئەوە منیش دەمم ناگرم،
    لە تەنگی ڕۆحمەوە قسە دەکەم،
    لە دڵشکاویمەوە سکاڵا دەکەم.
12 بۆچی پاسەوانت لەسەر داناوم؟
    ئایا من دەریام یان ئەژدیهام؟
13 ئەگەر بڵێم نوێنەکەم دڵنەواییم دەداتەوە،
    جێگاکەم دڵتەنگییەکەم دەڕەوێنێتەوە،
14 بە خەون دەمترسێنیت و
    بە مۆتەکە دەمتۆقێنیت.
15 لەبەر ئەوە گیانم خنکان هەڵدەبژێرێت،
    مردنم پێ باشترە لەم پەیکەرە ئێسکە.
16 توامەوە، بۆ هەتاهەتایە ناژیم،
    وازم لێ بهێنە، چونکە ڕۆژگارم هیچ واتایەکی نییە.

17 «مرۆڤ چییە هەتا بایەخی پێبدەیت و
    هەتا بیری خۆتی پێوە خەریک بکەی،
18 هەموو بەیانییەک بەسەری بکەیتەوە و
    هەموو ساتێک تاقی بکەیتەوە؟
19 هەتا کەی ڕووت لێم وەرناگێڕیت و
    مۆڵەتم نادەیتێ هەتا تفەکەم قووت بدەم؟
20 ئەگەر گوناهیشم کردبێت،
    کە تۆ چاودێری مرۆڤیت،
    ئایا هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر تۆ هەبووە؟
بۆچی منت کردووە بە نیشانەی تیری خۆت؟
    ئایا بووم بە بار بەسەر تۆوە؟
21 ئەی بۆ لە یاخیبوونم خۆش نابیت و
    تاوانم ناسڕیتەوە؟
چونکە بەم نزیکانە لەناو خاکدا ڕادەکشێم و
    بەدوامدا دەگەڕێیت، بەڵام من بوونم نابێت.»

وەڵامی یەکەمی بیلدەد

ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:

«هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟
    ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.
ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟
    ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟
ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد،
    ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.
بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت،
    لە خودای هەرە بە توانا بپاڕێیتەوە،
ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت،
    ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و
    ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت،
    کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.

«پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و
    بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،
چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،
    ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
10 ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟
    یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟
11 ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات،
    یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟
12 بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون،
    کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،
13 بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و
    هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.
14 ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە،
    پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.
15 خۆی بە تەوەنەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت،
    دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.
16 ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان،
    کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.
17 بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و
    بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.
18 بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا،
    شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
19 ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە،
    کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.

20 «بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت،
    کە هانی خراپەکاران نادات.
21 کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و
    لێوەکانت پڕ لە هوتاف،
22 ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی
    خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»

قسەی سێیەمی ئەیوب

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«ڕاستە، دەزانم کە وایە.
    جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،
    ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
خودا گەورەیە بە دانایی و لە توانادا زۆر بەهێزە.
    کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،
    ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،
    جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،
    بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،
    بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
دروستکەری کەلووەکانی[a] ورچ و ڕاوچی و
    حەوتەوانە[b] و ئەو کەلووانەی کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
10 کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،
    هێندە پەرجوو[c] کە لە ژماردن نایەن.
11 کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،
    کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
12 ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
    کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
13 خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،
    یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ[d] لە ژێریدا دەچەمێنەوە.

14 «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و
    چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
15 چونکە ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،
    بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
16 ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،
    باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
17 بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و
    بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
18 ناهێڵێت هەناسە بدەم،
    بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
19 ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!
    ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
20 ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،
    ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.

21 «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،
    بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛
    ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
22 ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“
    لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
23 ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،
    بە نائومێدی بێتاوان پێدەکەنێت.
24 کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،
    ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دادەت،
    ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟

25 «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،
    گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
26 وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت
    هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
27 ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و
    واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
28 لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،
    چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
29 من تاوانبار دەکرێم،
    ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
30 ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و
    دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
31 لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،
    تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.

32 «چونکە ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و
    لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
33 خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،
    دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
34 تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و
    ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
35 ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،
    چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.