Chronological
سەرەتا: ژیانی ئەیوب پێش تاقیکردنەوە
1 پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا. 2 حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو. 3 مەڕوماڵاتەکەشی، حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو، خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون، ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو.
4 کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد، سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە. 5 کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە، ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن، بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەیوب دەیگوت: «ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.» ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد.
یەکەم تاقیکردنەوەی ئەیوب
6 ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان[a] هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. 7 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»
شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
8 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»
9 شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «ئایا ئەیوب بەخۆڕایی لەخواترسە؟ 10 ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێ داوە؟ کارەکانی دەستی ئەوت بەرەکەتدار کردووە، جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بووەتەوە، 11 بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە هەموو ئەوە بدە کە هەیەتی، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
12 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا هەرچی هەیەتی لە دەستی تۆدایە، بەڵام دەست بۆ خۆی مەبە.»
ئینجا شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە.
13 ئەوە بوو ڕۆژێکیان کوڕ و کچەکانی لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە. 14 نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی: «مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان، 15 سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
16 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
17 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
18 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی:
«کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە، 19 لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
20 جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، 21 گوتی:
«بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و
بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ.
یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە،
ستایش بۆ ناوی یەزدان.»
22 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد.
دووەم تاقیکردنەوەی ئەیوب
2 ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. 2 یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»
شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
3 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات. هەتا ئێستاش پابەندە بەوەی کەسێکی دروست بێت، هەرچەندە هانت دام بۆ ئەوەی بەبێ هۆ لووشی بدەم.»
4 شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «پێست بە پێست! مرۆڤ هەرچی هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی دەیدات. 5 بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە ئێسک و گۆشتی خۆی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
6 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا لەبەردەستی خۆتدایە، بەڵام ژیانی بپارێزە.»
7 ئیتر شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە و ئەیوبی تووشی برینی پیس کرد، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری. 8 ئەویش پارچە گۆزەیەکی بۆ خۆخوراندن لەدەست گرت و لەناو خۆڵەمێش دانیشتبوو.
9 ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەتی لە خودا بکە و بمرە!»
10 ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟»
لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.
سێ هاوڕێکەی ئەیوب
11 سێ هاوڕێکەی ئەیوب هەموو ئەو نەهامەتییانەیان بیست کە بەسەر ئەیوب هاتووە، جا هەریەکە لە جێی خۆیەوە هات، ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بێن و دڵنەوایی بکەن و دڵی بدەنەوە. 12 کاتێک لە دوورەوە چاویان هەڵبڕی، نەدەناسرایەوە. دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەریەکە کەواکەی خۆی دادڕی و بەرەو ئاسمان خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد. 13 لەسەر زەوی لەگەڵی دانیشتن، حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، کەسیش بە وشەیەک نەیدوواند، چونکە بینییان خەمۆکیەکەی لە ڕادەبەدەرە.
ئەیوب قسە دەکات
3 دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە. 2 ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:
3 «با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم،
ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
4 با ئەو ڕۆژە تاریک بێت،
نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و
نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
5 با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت،
با هەور دایبگرێت،
با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
6 ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت،
لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت
نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
7 با ئەو شەوە نەزۆک بێت،
هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
8 بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن،
ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
9 با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن،
چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت،
با گزنگی بەیان نەبینێت.
10 چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و
چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.
11 «بۆ لە بار دایکم نەچووم،
کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
12 بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم،
بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم.
13 چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم،
ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
14 لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی،
ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
15 یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە،
ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
16 یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم،
وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
17 لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن
لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
18 دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن،
گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
19 لەوێ بچووک وەک گەورە وایە،
کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.
20 «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و
ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
21 ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە،
لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
22 هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن،
دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
23 بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک
کە ڕێگای شاردراوەتەوە،
خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
24 چونکە ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم،
هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
25 چونکە ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام،
ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
26 ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم،
پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»
وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز
4 ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:
2 «ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟
بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟
3 لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و
دەستە شلبووەکانت توند کردووە.
4 قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و
ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.
5 بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە،
لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.
6 ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟
ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟
7 «بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت،
یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟
8 وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و
چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.
9 بە هەناسەی خودا لەناودەچن و
بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.
10 مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و
کەڵبەی شێرەکان شکێنران.
11 شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و
بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.
12 «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد،
گوێم چرپەیەکی بیست.
13 لە مۆتەکەی[b] شەومدا
کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،
14 ترس و تۆقینێک منی داگرت و
هەموو ئێسکەکانم لەرزین.
15 ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و
مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.
16 ڕاوەستا،
بەڵام نەمزانی چی بوو،
شێوەیەک لەبەرچاوم بوو،
چرپەیەک و دەنگێکم بیست:
17 ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە،
یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟
18 ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و
گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،
19 ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات،
ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و
وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
20 لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن،
بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
21 ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە،
تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“
5 «ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟
ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟
2 چونکە قین گێل دەکوژێت و
بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت.
3 من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا،
بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا:
4 با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن،
لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت.
5 دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن،
ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن،
تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت.
6 چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و
چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت.
7 بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت،
وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت.
8 «بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و
کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
9 ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و
کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
10 ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و
ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
11 ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە،
هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
12 ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە
بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
13 ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت،
ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
14 لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت،
لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
15 ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و
لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
16 جا زەلیل بە هیوا دەبێت و
ناڕەوا دەمی دادەخات.
17 «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە،
لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بە توانا ڕەت مەکەرەوە.
18 چونکە ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات،
وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
19 لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و
لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
20 لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و
لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
21 لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت،
کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
22 بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و
لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت.
23 چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و
ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
24 جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و
سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
25 ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و
نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
26 لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە
وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.
27 «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە،
جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.