Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 8-11

ئینجا خودا نوحی هاتەوە یاد[a]، لەگەڵ هەموو ئاژەڵە کێوییەکان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان کە لە کەشتییەکەدا لەگەڵی بوون. ئیتر خودا بایەکی بەسەر زەویدا هەڵکرد و ئاو کەم بووەوە. سەرچاوەکانی قووڵایی و دەروازەکانی ئاسمان داخران. بارانیش لە ئاسمانەوە وەستا. ئاو بەرەبەرە لە زەوی بەرەو دواوە گەڕایەوە. دوای سەد و پەنجا ڕۆژ ئاو کەم بووەوە. لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی حەوتەم کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات گیرسایەوە. هەتا مانگی دەیەم هەتا دەهات ئاو کەمی دەکرد. لە یەکەم ڕۆژی مانگی دەیەم لووتکەی شاخەکان دەرکەوتن.

دوای چل ڕۆژ، نوح ئەو پەنجەرە بچووکەی کردەوە کە لە کەشتییەکە کردبووی. ئینجا قەلەڕەشێکی نارد. ئەویش دەهات و دەچوو هەتا ئاو لەسەر ڕووی زەوی وشک بووەوە. پاشان کۆترێکی نارد بۆ ئەوەی ببینێت ئایا ئاوەکە لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە. بەڵام کۆترەکە شوێن پێیەکی بۆ خۆی نەدۆزییەوە، چونکە ئاو لەسەر هەموو ڕووی زەوی بوو، ئیتر گەڕایەوە لای نوح بۆ کەشتییەکە. ئەویش دەستی بۆ ڕاگرت و گرتی، بردییەوە لای خۆی، بۆ ناو کەشتییەکە. 10 حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و دیسان کۆترەکەی لە کەشتییەکەوە ڕەوانە کرد. 11 کۆترەکە ئێوارە گەڕایەوە بۆ لای، ئەم جارەیان گەڵایەکی تەڕ و تازەی زەیتوونی بە دەنووکەوە بوو. نوح زانی کە ئاو لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە. 12 حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و جارێکی دیکە کۆترەکەی ناردەوە، بەڵام ئەم جارەیان کۆترەکە نەگەڕایەوە لای.

13 نوح لە یەکی مانگی یەکەمی شەش سەد و یەکەمین ساڵیدا بوو، کە ئاو لە زەوی وشک بووەوە. نوح پۆشاکی سەر کەشتییەکەی لابرد و بینی وا ڕووی زەوی وشک بووەتەوە. 14 لە بیست و حەوتی مانگی دووەم زەوی بە تەواوی وشک بووەوە.

15 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: 16 «لە کەشتییەکە وەرە دەرەوە، خۆت و ژنەکەت و کوڕەکانت و بووکەکانت. 17 هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتن، لە باڵندە و ئاژەڵ و هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی لەسەر زەوی دەخشێن. لەگەڵ خۆت بیانهێنە دەرەوە، با زەوی پڕ بکەنەوە و بەردار ببن و لەسەر زەوی زۆر ببن.»

18 جا نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی لەگەڵی هاتنە دەرەوە. 19 هەموو گیاندارەکانیش بە هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی دەبزوێن، بەپێی جۆرەکانیان لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە.

20 نوح قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد، لە هەموو ئاژەڵە پاکەکان و لە هەموو باڵندە پاکەکانی هێنا و لەسەر قوربانگاکە کردنی بە قوربانی سووتاندن. 21 جا یەزدان بە بۆنەکە ڕەزامەند بوو، لە دڵی خۆی فەرمووی: «جارێکی دیکە بەهۆی مرۆڤەوە نەفرەت لە زەوی ناکەم، چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە دڵی مەیلی خراپەکاری هەیە. جارێکی دیکە نایەم هەرچی بوونەوەری زیندوو هەیە لەناوی ببەم، وەک چۆن کردم.

22 «هەتا زەوی بمێنێت،
چاندن و دروێنە،
ساردی و گەرمی،
هاوین و زستان،
شەو و ڕۆژ،
هەرگیز وەستانی نابێت.»

پەیمانی خودا لەگەڵ نوح و نەوەی دواییدا

ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد، پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن. با ئێوە ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و لەسەر هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش، ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە. هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان: هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.

«بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا زیندووە، واتە کە خوێنی[b] تێدابێت. بۆ خوێنی ژیانتان، بێگومان لێپرسینەوە دەکەم، بەهۆی هەر گیاندارێکەوە بێت لێپرسینەوە دەکەم. هەروەها بە دەستی مرۆڤ لەسەر گیانی مرۆڤی برای لێپرسینەوە دەکەم.

«هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت،
    بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە،
چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی
    مرۆڤی دروستکردووە.

ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»

خودا بە نوح و بە کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، 10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. 11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم، هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»

12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. 13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، ئەوەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. 14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، 15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. 16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکان بێت، دەیبینم و من پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکە، کە لەنێوان خودا و هەموو گیانێکی زیندووە لە هەموو جۆرێک کە لەسەر زەوین.»

17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێک کە لەسەر زەویدایە چەسپاندم.»

کوڕانی نوح

18 جا کوڕانی نوح کە لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە، سام و حام و یافەت بوون. حام باوکی کەنعان بوو. 19 ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون، لەمانەوە خەڵکی لە هەموو زەوی بڵاو بوونەوە.

20 نوح لە بەرهەمی خاک کار دەکات و دەستی بە چاندنی ڕەزە مێوێک کرد. 21 ئینجا کە لە شەرابەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا. 22 حامی باوکی کەنعان، ڕووتی باوکی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند. 23 بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی.

24 کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە. 25 ئینجا گوتی:

«نەفرەت لێکراو بێت کەنعان!
    دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان،
    بۆ براکانی.»

26 هەروەها گوتی:

«ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام!
    با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام.
27 با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و
    لە چادرەکانی سام جێنشین بێت.
    با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.»

28 دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا. 29 هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد.

خشتەی نەتەوەکان لەدوای لافاوەکە

10 ئەمانەش نەوەکانی نوحن، سام و حام و یافەت کە دوای لافاوەکە ئەوانیش کوڕیان بوو.

یافەتییەکان

کوڕەکانی یافەت:

گۆمەر، ماگۆگ، مادەی، یاڤان، توبال، مەشەک و تیراس.

کوڕەکانی گۆمەر:

ئەشکەنەز، ڕیفەت و تۆگەرما.

کوڕەکانی یاڤان:

ئەلیشا، تەرشیش، کیتیم[c] و ڕۆدانیم. لەمانەوە نەتەوەکانی کەنار ئاوەکان بۆ خاکەکانیان بڵاو بوونەوە، هەریەکەیان بەپێی زمانی خۆی و هۆز و نەتەوەی خۆی.

حامییەکان

کوڕەکانی حام:

کوش، میسر، پووت و کەنعان.

کوڕەکانی کوش:

سەبا، حەڤیلا، سەڤتا، ڕەعما و سەبتەکا.

کوڕەکانی ڕەعما:

شەبا و دیدان.

نەمرود لە نەوەی کوش لەدایکبوو، کە بووە جەنگاوەرێکی مەزن لەسەر زەوی. ئەو لەبەردەم یەزدان بووە ڕاوچییەکی بە توانا. لەبەر ئەمەیە دەگوترێت: «وەک نەمرودی ڕاوچییەکی بە توانا لەبەردەم یەزدان.» 10 سەرەتای شانشینەکەی بابل، ئەرەک، ئەکەد و کەلنێ بوو لە خاکی شینعار[d]. 11 لەو خاکەوە چوو بۆ ئاشور، لەوێ نەینەوا، ڕەحۆبۆت عیر و کەلەحی بنیاد نا، 12 هەروەها ڕەسەن کە شارە گەورەکەیە دەکەوێتە نێوان نەینەوا و کەلەح.

13 لوودی، عەنامی، لەهابی و نەفتوحییەکان لە نەوەی میسر بوون، 14 هەروەها پاتروسی و کەفتۆری و کەسلوحییەکانیش، لە کەسلوحییەکانیش فەلەستی کەوتنەوە.

15 کەنعان باوکی سەیدا بوو، کە نۆبەرەکەی بوو، لەگەڵ حیتییەکان، 16 هەروەها یەبوسی، ئەموری، گرگاشی، 17 حیڤی، عەرقی[e]، سینی[f]، 18 ئەرڤادی، چیماری و حەماتییەکانیشی بوو.

لەدوای ئەوە هۆزەکانی کەنعانییەکان بڵاو بوونەوە. 19 سنووری کەنعانییەکان لە سەیدائەوە بوو هەتا دەهاتە گرار هەتا غەزە، هەتا دەهاتە سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما و چەبۆئیم، هەتا لەشەع.

20 ئەمانەن نەوەی حام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و نەتەوەکانیان.

سامییەکان

21 سامیش کوڕی بوو، یافەت برای گەورەی بوو، سام باپیرە گەورەی هەموو کوڕانی عێبەر بوو.

22 کوڕەکانی سام:

ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام.

23 کوڕەکانی ئارام:

عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک.

24 ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو،

شالەحیش باوکی عێبەر بوو.

25 عێبەریش دوو کوڕی بوو،

یەکێکیان ناوی پەلەگ[g] بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو.

26 یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو:

ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت[h]، یارەح، 27 هەدۆرام، ئوزال، دیقلە، 28 عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا، 29 ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. هەموو ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون.

30 نشینگەکانیان لە مێشاوە هەتا دەگەیشتە سفاری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات.

31 ئەمانەن نەوەی سام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و بەپێی نەتەوەکانیان.

32 ئەمانەن هۆزەکانی نەوەی نوح بەپێی نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکانیان. لە ئەوانیشەوە نەتەوەکان بەسەر زەویدا بڵاو بوونەوە، لەدوای لافاوەکە.

قوللەی بابل

11 هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار[i] دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیڕیش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»

بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»

ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناونرا بابل[j]، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

لە سامەوە هەتا ئەبرام

10 ئەمانەش نەوەکانی سامن.

دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە، کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو، ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 11 دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

12 ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح. 13 دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

14 شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر. 15 دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

16 عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ. 17 لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

18 پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو. 19 دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

20 ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ. 21 دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

22 سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر. 23 دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

24 ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح. 25 دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

26 تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.

27 ئەمانەش نەوەکانی تارەحن.

تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش ڵوتی بوو. 28 هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو. 29 ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو. 30 سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو.

31 تارەح ئەبرامی کوڕی و ڵوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارای بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، هەموویانی برد. پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان و لەوێ نیشتەجێ بوون.

32 ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.