Chronological
قایین و هابیل
4 ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی[a] بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.» 2 پاشان هابیلی برای بوو.
ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو. 3 دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد. 4 هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون. 5 بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون. جا قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.
6 یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟ 7 ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»
8 جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» واش ڕوویدا کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.
9 یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟»
ئەویش گوتی: «نازانم، خۆ من پاسەوانی براکەم نیم؟»
10 جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات. 11 ئێستاش تۆ نەفرەت لێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ. 12 کاتێک ئیش لە زەوییەکە بکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»
13 قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم. 14 ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»
15 بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد هەتا هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت. 16 ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.
17 قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناونا حەنۆخ. 18 حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.
19 لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو. 20 لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و ئەوانەی کە خاوەن مەڕوماڵات بوون. 21 براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا. 22 چیلاش کوڕێکی بوو توبەل قەین کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن بوون. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.
23 لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت:
«عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت،
ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن.
پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم،
لاوێکێش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.
24 ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە،
بەڵام بۆ لامەخ ئەوا حەفتا و حەوت جار.»
25 جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «خودا لە جیاتی هابیل کوڕێکی دیکەی بۆ دیاری کردم، ئەوەی قایین کوشتی.» 26 هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش.
لەو کاتە بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە[b].
لە ئادەمەوە هەتا نوح
5 ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە.
ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. 2 بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».
3 کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت. 4 دوای لەدایکبوونی شیت، ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 5 هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو، ئیتر مرد.
6 کاتێک شیت تەمەنی سەد و پێنج ساڵ بوو، ئەنۆش لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 7 دوای لەدایکبوونی ئەنۆش، شیت هەشت سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 8 هەموو تەمەنی شیت نۆ سەد و دوازدە ساڵ بوو، ئیتر مرد.
9 کاتێک ئەنۆش تەمەنی نەوەد ساڵ بوو، قێنان لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
10 دوای لەدایکبوونی قێنان، ئەنۆش هەشت سەد و پازدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 11 هەموو تەمەنی ئەنۆش نۆ سەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.
12 کاتێک قێنان تەمەنی حەفتا ساڵ بوو، مەهلەلئێل لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 13 دوای لەدایکبوونی مەهلەلئێل، قێنان هەشت سەد و چل ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 14 هەموو تەمەنی قێنان نۆ سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مرد.
15 کاتێک مەهلەلئێل تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، یارەد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 16 دوای لەدایکبوونی یارەد، مەهلەلئێل هەشت سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 17 هەموو تەمەنی مەهلەلئێل هەشت سەد و نەوەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.
18 کاتێک یارەد تەمەنی سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، حەنۆخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 19 دوای لەدایکبوونی حەنۆخ، یارەد هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 20 هەموو تەمەنی یارەد نۆ سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، ئیتر مرد.
21 کاتێک حەنۆخ تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، مەتوشالح لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 22 دوای ئەوەی حەنۆخ مەتوشالحی بوو، سێ سەد ساڵ دۆستایەتی خودای کرد، هەروەها کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 23 ئیتر هەموو ماوەی ژیانی حەنۆخ سێ سەد و شەست و پێنج ساڵ بوو. 24 حەنۆخ دۆستی خودا بوو، ئیتر کەس نەیبینییەوە، چونکە خودا بردییەوە لای خۆی.
25 کاتێک مەتوشالح تەمەنی سەد و هەشتا و حەوت ساڵ بوو، لامەخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 26 دوای لەدایکبوونی لامەخ، مەتوشالح حەوت سەد و هەشتا و دوو ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 27 هەموو تەمەنی مەتوشالح نۆ سەد و شەست و نۆ ساڵ بوو، ئیتر مرد.
28 کاتێک لامەخ تەمەنی سەد و هەشتا و دوو ساڵ بوو، کوڕێکی بوو. 29 ناوی لێنا نوح[c]، گوتی: «ئەمە لە کار و ماندووبوونی دەستمان دڵنەواییمان دەکات، کە لەو زەوییە دەیچێژین یەزدان نەفرەتی لێ کردووە.» 30 دوای لەدایکبوونی نوح، لامەخ پێنج سەد و نەوەد و پێنج ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 31 هەموو تەمەنی لامەخ حەوت سەد و حەفتا و حەوت ساڵ بوو، ئیتر مرد.
32 دوای ئەوەی نوح تەمەنی پێنج سەد ساڵ بوو، سام[d] و حام و یافەتی بوو.
خودا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنێت
6 کاتێک مرۆڤ دەستیان بە زیادبوون کرد لەسەر ڕووی زەوی و کچیان بوو، 2 کوڕانی خودا بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا. 3 ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
4 لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم[e] هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.
5 یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە. 6 یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو. 7 ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.» 8 بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
9 ئەمانەش نەوەکانی نوحن.
نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو. 10 نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
11 زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. 12 خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو. 13 ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. 14 کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە، کەشتییەکە بکە لانە و بە قیڕ دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. 15 ئاواش دروستی دەکەیت: سێ سەد باڵ درێژی کەشتییەکە بێت، پەنجا باڵ پانی بێت، سی باڵیش بەرزی بێت.[f] 16 بە ئەندازەی باڵێک[g] بۆشایی لەسەر کەشتییەکە بانێکی بۆ دروستدەکەیت، کەشتییەکە تەواو دەکەیت. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دادەنێیت. کەشتییەکە دەکەیتە سێ نهۆم، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە. 17 من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. 18 بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. 19 لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 20 جووتێک لە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و لە جۆرەکانی ئاژەڵ و لە جۆرەکانی بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 21 تۆش بۆ خۆت هەر خۆراکێک کە دەبێت بخورێت بیبە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو بۆ خۆت و بۆ ئەوان ببێتە خواردەمەنی.»
22 جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.
7 ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «بە خۆت و خاووخێزانەکەتەوە بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم. 2 لە هەموو جۆرێک لە ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێرینەیەک و مێینەکەی، جووتێک دەبەیت. 3 لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی. 4 دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.»
5 نوح هەموو شتێکی ئەنجام دا، بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێدا.
6 نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە ئاوی لافاو لەسەر زەوی هەستا. 7 نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە. 8 لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن، 9 جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. 10 دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی.
11 کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[h] تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە. 12 چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری.
13 هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکە. 14 لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان و هەموو بوونەوەرە خشۆکەکانی لەسەر زەوی دەخشێن بەپێی جۆریان و هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک. 15 جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو چوونە ناو کەشتییەکە، بۆ لای نوح. 16 ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست.
17 لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە. 18 ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت. 19 ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران. 20 بە بەرزی پازدە باڵ[i] ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران. 21 ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش. 22 هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد. 23 هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون.
24 ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.