Chronological
یاسا جۆراوجۆرەکان
19 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”دەبێت پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، یەزدانی پەروەردگارتانم.
3 «”هەر یەکێک لە ئێوە، دەبێت ڕێزی دایک و باوکی خۆی بگرێت و شەممەکانم بپارێزن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
4 «”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
5 «”کاتێک قوربانییەکی هاوبەشی بۆ یەزدان سەردەبڕن، با بە شێوەیەک بێت لەبەردەم یەزدان قبوڵ بێت، 6 ئەو ڕۆژەی سەری دەبڕن دەیخۆن لەگەڵ ڕۆژی پاشتر. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی سێیەم، دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێت. 7 ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا بخورێت، ئەوە گڵاوە و قبوڵ نییە. 8 ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە شتێکی پیرۆزی یەزدانی گڵاو کردووە، جا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە.
9 «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، 10 پاشماوەی هێشووە ترێیەکان لە مێوەکەت مەکەرەوە و ئەوەی دەکەوێت هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆی بەجێبهێڵە. من یەزدانی پەروەردگارتانم.
11 «”مەدزن.
«”درۆ مەکەن.
«”فێڵ لە یەکتری مەکەن.
12 «”بە درۆ سوێند بە ناوی من مەخۆن، چونکە ناوی خوداکەت دەزڕێنیت، من یەزدانم.
13 «”نزیکەکەت فریومەدە و تاڵانی مەکە.
«”کرێی کرێگرتەش لەلای خۆت بۆ بەیانی مەهێڵەوە.
14 «”نەفرەت لە کەڕ مەکە و کۆسپ مەخەرە بەردەم نابینا، بەڵکو لە خودات بترسە، من یەزدانم.
15 «”لە دادوەریدا ستەم مەکەن، نە لایەنگری هەژار بکەن و نە پشتی کەسی مەزن بگرن، بەڵکو بە دادپەروەری حوکمی بەرامبەرەکەت بدە.
16 «”لەنێوان خەڵکی قسە مەهێنە و مەبە.
«”مەبە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەکەت، من یەزدانم.
17 «”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت.
18 «”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.
19 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن.
«”دوو جۆری جیا لە ئاژەڵەکانت پێکەوە جووت مەکە.
«”دوو جۆر تۆو لە کێڵگەکەت مەڕوێنە.
«”با جلێکت لەبەر نەبێت کە دوو جۆر بێت.
20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێک جووت بوو، ئەویش کەنیزەیەکی مارەبڕ بوو بۆ پیاوێکی دیکە، بەڵام نەکڕابووەوە و ئازاد نەکرابوو، پێویستە سزایەکی گونجاو بدرێت. کەسیان ناکوژرێت، چونکە ئافرەتەکە ئازاد نەکراوە. 21 دەبێت پیاوەکە قوربانییەک بۆ تاوانەکەی بۆ لای یەزدان بهێنێتە دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بەرانێک وەک قوربانی تاوان. 22 جا کاهینەکە بە بەرانی قوربانی تاوانەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی، جا لەو گوناهەی کردوویەتی لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
23 «”کاتێک چوونە ناو خاکەکە[a] و هەر دارێکتان بۆ خواردن ڕواند، ئەوا بەرەکەی بە قەدەغەکراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قەدەغەکراوە و لێی ناخورێت، 24 لە ساڵی چوارەمیش هەموو بەروبوومەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ شکۆدارکردنی یەزدان، 25 بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا بەرەکەی بخۆن، هەتا داهاتی بۆتان زیاد بکات، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
26 «”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن.
«”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن.
27 «”لاتەنیشتەکانی سەرتان مەتاشن و دەستکاری دوو لای ڕیشتان مەکەن.
28 «”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.
29 «”کچەکەت سووک مەکە، بەوەی بیکەیت بە لەشفرۆش، نەوەک خاکەکە پڕ بێت لە لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی.
30 «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
31 «”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر[b] و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا[c] مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
32 «”لەبەر ڕیش سپی هەستە و ڕێزی پیر بگرە و لە خودات بترسە، من یەزدانم.
33 «”ئەگەر نامۆیەک هاتە خاکەکەتان، ستەمی لێ مەکەن، 34 وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
35 «”ساختەکاری مەکەن، نە لە ئەندازەی پێوانە و نە لە کێش و نە لە بڕ، 36 دەبێت تەرازووی ڕاست و کێشانەی ڕاست و ئێفەی[d] ڕاست و هەینی[e] ڕاستتان هەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
37 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.“»
سزادان بۆ گوناه
20 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن، ئەگەر لە منداڵەکانی بە مۆلەخی[f] بەخشی، دەبێت بکوژرێت. دەبێت خەڵکی ناوچەکە بەردبارانی بکەن. 3 منیش ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخی بەخشی، بۆ ئەوەی پیرۆزگاکەم گڵاو بکات و ناوی پیرۆزم بزڕێنێت. 4 ئەگەر خەڵکی ناوچەکە چاوپۆشییان لەو کەسە کرد، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخ بەخشی، ئینجا نەیانکوشت، 5 ئەوا من ڕووی خۆم لەو کەسە و لە ماڵەکەی وەردەگێڕم و خۆی و هەموو ئەو بەدکارانەی بەدوایەوە لەشفرۆشییان کردووە بەدوای مۆلەخدا، لەنێو گەلەکەیان دەیانبڕمەوە.
6 «”من ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای نێوانگر[g] و ڕۆح ئامادەکار هەتا بەدوایاندا لەشفرۆشی بکات، ئەوا من ئەو کەسە لە گەلەکەی ڕیشەکێش دەکەم.
7 «”خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم، 8 فەرزەکانم بەجێبهێنن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم کە پیرۆزتان دەکات.
9 «”هەرکەسێک نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت، نەفرەتی لە باوکی یان دایکی کردووە، خوێنی لە ئەستۆی خۆیەتی.
10 «”ئەگەر پیاوێک داوێنپیسی لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکەدا کرد، کە ژنی نزیکەکەیەتی، ئەوا پیاوەکە و ژنەکەش دەبێت بکوژرێن.
11 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی باوکی بردووە، هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
12 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنی کوڕەکەی جووت بوو، ئەوا هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان کردووە، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
13 «”ئەگەر پیاوێک وەک ژن لەگەڵ نێرێک ڕاکشا بوو، ئەوا هەردووکیان شتێکی قێزەونیان کردووە و دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
14 «”ئەگەر پیاوێک ئافرەتێک لەگەڵ دایکەکەی بخوازێت، ئەوە بەدکارییە، پیاوەکە و هەردوو ژنەکە دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێن، هەتا بەدکاری لەنێوتاندا نەبێت.
15 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئاژەڵێکدا جووت بوو، دەبێت پیاوەکە بکوژرێت و ئاژەڵەکەش بکوژرێت.
16 «”ئەگەر ئافرەتێک لە ئاژەڵێک نزیک بووەوە بۆ جووتبوون، ئەوا ئافرەتەکە و ئاژەڵەکەش بکوژن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
17 «”ئەگەر پیاوێک خوشکی خۆی هێنا، کچی باوکی یان کچی دایکی و لەگەڵ یەک جووت بوون، ئەوا ڕیسواییە، دەبێت لەبەرچاوی گەلەکەیان ببڕدرێتەوە، ناموسی خوشکی خۆی بردووە، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
18 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنێک جووت بوو لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی، ئەوا دەبێت هەردووکیان لە گەلەکەیان ببڕدرێنەوە، چونکە پیاوەکە خوێنلێچوونی ئافرەتەکەی ئاشکرا کردووە و ئافرەتەکەش خوێنلێچوونی خۆی ئاشکرا کردووە.
19 «”لەگەڵ خوشکی باوکت یان خوشکی دایکت جووت مەبە، ئەوەی وا بکات، ئەوا هەردووکیان تاوانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ناموسی کەسوکاری خۆی بردووە.
20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ مامۆژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی مامی خۆی بردووە، هەردووکیان تاوانیان لە ئەستۆ دەبێت، دەبێت بە وەجاخکوێری بمرن.
21 «”ئەگەر پیاوێک براژنی خۆی هێنا ئەوا گڵاوییە، ناموسی براکەی بردووە، دەبێت هەردووکیان وەجاخکوێر بن.
22 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاکە نەتانڕشێنێتەوە کە بۆ نیشتەجێبوون دەتانهێنمە ناوی. 23 بە ڕێی نەریتی ئەو نەتەوانەدا مەڕۆن کە من لەپێشتانەوە دەریاندەکەم، چونکە هەموو ئەم شتانەیان کرد، جا ڕقم لێیان بووەوە. 24 بەڵام بە ئێوەم فەرموو کە دەبنە خاوەنی خاکەکەیان، من دەیدەمە ئێوە هەتا ببنە میراتگری، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لەنێو گەلان جیای کردنەوە.
25 «”لەبەر ئەوە ئێوەش ئاژەڵی پاک و گڵاو لە یەکتر جیا بکەنەوە، هەروەها باڵندەی گڵاو و پاکیش، جا خۆتان گڵاو مەکەن بە ئاژەڵ و باڵندە و هەموو ئەوەی لەسەر زەوی دەخشێت، لەوانەی بۆم جیا کردنەوە، گوتم، گڵاون. 26 دەبێت بۆ من پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، من یەزدانم، ئێوەم لەنێو گەلان جیا کردەوە هەتا بۆ من بن.
27 «”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»
ڕێساکان بۆ کاهین
21 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کاهینەکان بدوێ کە نەوەی هارونن و پێیان بڵێ: ”نابێت بەپێی ڕێوڕەسم کەستان بە مردووێکی هۆزەکەی خۆی گڵاو بکات، 2 تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە زۆر نزیکن لێی، دایکی و باوکی و کوڕی و کچی و برای و 3 خوشکە پاکیزەکەی کە لێی نزیکە، ئەوەی شووی نەکردووە، دەشێت لە پێناویدا گڵاو بێت. 4 نابێت خۆی گڵاو بکات بەوانەی لە ڕێگەی ژنهێنانەوە بوونەتە خزمی ئەو.
5 «”کاهینەکان نابێت سەریان سفر بکەن و هەردوو لای ڕیشیان بتاشن و خۆیان بریندار بکەن. 6 دەبێت بۆ خوداکەیان پیرۆز بن و ناوی خودایان نەزڕێنن، چونکە قوربانییە بە ئاگرەکان وەک نانی خودایان بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، جا دەبێت پیرۆز بن.
7 «”نابێت کاهینەکان ئافرەتی لەشفرۆشی بێ ئابڕوو[h] و تەڵاقدراو بخوازن، چونکە کاهین پیرۆزکراوە بۆ خوداکەی، 8 جا بە پیرۆزی دابنێن، چونکە نانی خوداتان پێشکەش دەکات، پیرۆزکراو دەبێت لەلاتان، چونکە من پیرۆزم. من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکات.
9 «”ئەگەر کچی کاهین بە لەشفرۆشی گڵاو بوو، ئەوا باوکی گڵاو کردووە، دەبێت کچەکە بە ئاگر بسووتێنرێت.
10 «”سەرۆکی کاهینان، ئەوەی لەنێو براکانی زەیتی دەستنیشانکردنی بە سەریدا کراوە و ئەرک پێ سپێردراوە بۆ لەبەرکردنی جلەکانی کاهینیێتی، پێویستە سەری ڕووت نەکات و جلەکانی لەبەر خۆی دانەدڕێت. 11 پێویستە نەیەتە ئەو شوێنەی لاشەی مردووی لێیە، نابێت خۆی بۆ دایک و باوکیشی گڵاو بکات. 12 نابێت لە پیرۆزگا دەربچێت، نەوەک پیرۆزگای خوداکەی گڵاو بکات، چونکە بە زەیتی دەستنیشانکردنی خودا نەزرکراوە، من یەزدانم.
13 «”ئەم دەبێت کچێکی پاکیزە بخوازێت. 14 نابێت بێوەژن و تەڵاقدراو و بێ ئابڕووی لەشفرۆش بخوازێت، بەڵکو دەبێت کچێکی پاکیزە لە خزمەکانی بخوازێت، 15 بۆ ئەوەی وەچەکەی لەنێو گەلەکەی گڵاو ناکات. من یەزدانم، ئەوم پیرۆز کردووە.“»
16 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «لەگەڵ هارون بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک لە وەچەی تۆ لە نەوەکانیان کەموکوڕییەکی تێدابوو، با نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی. 18 هەر پیاوێک کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە، نە پیاوی نابینا و نە شەل و نە دەموچاو خوار و نە شێوە تێکچوو، 19 نە پیاوی پێ شکاو یان دەست شکاو، 20 نە قەمبوور، نە کورتەباڵا، نە ئەوەی کە کەموکوڕی لە چاویدا هەیە، نە زام و برینێکی بەردەوام، نە گونی قۆڕ بێت. 21 هەر پیاوێک لە نەوەی هارونی کاهین کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان؛ لەبەر ئەوەی کەموکوڕی تێدایە، پێویستە نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی. 22 دەتوانێت لە نانی خوداکەی بخوات، لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکە و لە خواردنە هەرەپیرۆزەکانیش؛ 23 بەڵام نابێت بێتە لای پەردەکە و لە قوربانگاکەش نزیک بکەوێتەوە، چونکە کەموکوڕی تێدایە، نەوەک پیرۆزگام گڵاو بکات، چونکە من یەزدانم، کە پیرۆزیان دەکەم.“»
24 ئینجا موسا لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.