Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 28-29

جلوبەرگی کاهینیێتی

28 «تۆش لەنێو نەوەی ئیسرائیل هارونی برات لە خۆت نزیک بکەوە، لەگەڵ ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار، کوڕانی هارون، بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. جلوبەرگی پیرۆزیش بۆ هارونی برات دروستبکە بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن. تۆش لەگەڵ بەهرەمەندەکان قسە بکە، ئەوانەی پڕمکردوون لە ڕۆحی دانایی، بۆ ئەوەی جلوبەرگەکەی هارون دروستبکەن بۆ تەرخانکردنی هەتا کاهینیێتیم بۆ بکات. ئەمانەش ئەو جلوبەرگەن کە دروستی دەکەن، بەرسینە و ئێفۆد و کەوا و کراسی دامێن درێژی چنراو و مێزەر و کەمەربەند. ئینجا جلوبەرگی پیرۆز بۆ هارونی برات و کوڕەکانی دروستبکەن، هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن. ئەوانیش زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک وەردەگرن.

ئێفۆدەکە

«ئێفۆدەکەش لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە جۆڵایەکی شارەزا دروستبکەن. دوو شانیشی هەبێت بە هەردوو لایەوە پێوەی بەسترابن. پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، دەبێت لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بێت، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بێت.

«دوو بەردی عاشقبەندیش بهێنە و ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلیان لەسەر هەڵبکەنە. 10 ناوی شەشیان لەسەر بەردێک و ناوی شەشەکەی ماوەتەوە لەسەر بەردی دووەم هەڵبکەنە بەگوێرەی لەدایکبوونیان. 11 ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەر هەردوو بەردەکە هەڵبکەنە، وەک چۆن نەقاڕێک مۆر هەڵدەکەنێت. ئینجا بە چوارچێوەی زێڕینی دەوردراو بیانچەسپێنە. 12 دوو بەردەکەش بخەرە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل. هارون لەبەردەم یەزدان وەک یادەوەری ناوەکانیان لەسەر هەردوو شانی هەڵدەگرێت. 13 چوارچێوەی زێڕینیش دروستبکە و 14 دوو زنجیری هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد، وەک گوریس، لەسەر چوارچێوەکان دابنێ.

بەرسینەکە

15 «هەروەها بەرسینەی دادوەری دروستبکە، وەک ئێفۆدەکە بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو. 16 بەرسینەکەش چوارگۆشە و دووبەر بێت، درێژییەکەی بستێک[a] و پانییەکەی بستێک. 17 بە چوار ڕیز بەرد بیڕازێنەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت[b] لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛ 18 ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە[c] و یاقووتی شین و زمروود؛ 19 ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛ 20 ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. لە ڕازانەوەیاندا بە زێڕ دەور بدرێن. 21 بەردەکانیش دوازدە بن وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بۆی دەبێت بۆ دوازدە هۆز.

22 «بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد دروستبکە، وەک گوریس. 23 لەسەر بەرسینەکەش دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە، دوو ئەڵقەکە لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دابنێ. 24 دوو زنجیرە زێڕینەکەش بخە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە. 25 هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەش بخە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەی دابنێ بۆ پێشەوەی. 26 دوو ئەڵقەی زێڕینیش دروستبکە و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دایانبنێ، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە. 27 هەروەها دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایانبنێ، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە. 28 بەرسینەکەش بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بە داوێک دەبەسترێت لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت، تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە ناکرێتەوە.

29 «ئیتر هارون ناوی نەوەکانی ئیسرائیل لە بەرسینەکەی دادوەری لەسەر دڵی خۆی هەڵدەگرێت کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە وەک یادکردنەوە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان. 30 هەروەها لەسەر بەرسینەکەی دادوەری ئوریم و تومیم[d] دابنێ و لەسەر دڵی هارون دەبن کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، هارونی دادوەری نەوەی ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان لەسەر دڵی هەڵیدەگرێت.

جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی

31 «کەوای ئێفۆدەکەش هەمووی لە ڕیسی مۆر دروستبکە. 32 کونی سەریشی لەناوەڕاستی دەبێت و لێواریش دەبێت بۆ کونەکەی بەدەوریدا بە دەستکردی جۆڵا، وەک کونی سپەر یەخەی هەبێت بۆ ئەوەی نەدڕێت. 33 لەسەر دامێنی کەواکە گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستبکە، لەگەڵ زەنگوڵەی زێڕین لەنێوانیان. 34 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەکی زێڕ لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بێت. 35 دەبێت هارون بۆ خزمەتکردن لەبەری بکات بۆ ئەوەی کاتێک دەچێتە ژوورەوەی شوێنە پیرۆزەکە بۆ لای یەزدان و کاتێک دێتە دەرەوە دەنگی زەنگوڵەکان ببیسترێت، نەوەک بمرێت.

36 «پلێتێکیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکە و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵبکەنە ”پیرۆزی بۆ یەزدان“[e]. 37 بیخە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە بێت، لەلای پێشەوەی مێزەرەکە بێت. 38 لەسەر ناوچەوانی هارون بێت، بەم شێوەیە هارون ئۆباڵی هەر گوناهێکی نەوەی ئیسرائیل هەڵدەگرێت کە پەیوەندی هەبێت بەو قوربانییانەی بۆ یەزدانیان تەرخان کردووە، بەردەوامیش لەسەر ناوچەوانی دەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکان لەبەردەم یەزدان پەسەند بن.

39 «کراسە دامێن درێژە چنراوەکەش لە کەتانی ناسک بێت و مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک دروستبکە. کەمەربەندەکەش بە دەستکردی جۆڵایەک بچنە. 40 بۆ کوڕانی هارونیش کراسی دامێن درێژ دروستبکە، هەروەها کەمەربەند و سەرپێچیان بۆ دروستبکە، بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن. 41 دوای ئەوەی ئەو جلوبەرگانەت لەبەر هارونی برات و کوڕەکانی کرد، دەستنیشانیان بکە و ئەرکیان پێ بسپێرە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی خزمەتی کاهینیێتیم بۆ بکەن.

42 «هەروەها دەرپێی کەتانیان بۆ دروستبکە بۆ پۆشینی ڕووتییان، لە ناوقەدەوە هەتا هەردوو ڕان بێت. 43 هارون و کوڕەکانی لەبەری بکەن لە هاتنە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن، یان لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگا بۆ خزمەتکردن لە شوێنی پیرۆز، نەوەک تاوان هەڵبگرن و بمرن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ ئەو و بۆ نەوەکەی دوای خۆی.

تەرخانکردن بۆ کاهینیێتی

29 «بۆ تەرخانکردنیان هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن ئەمەیان بۆ بکە: یەک جوانەگا و دوو بەرانی ساغ ببە. هەروەها لە ئاردی گەنمی باش نانی بێ هەویرترش و کولێرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو دروستبکە. بیانخە ناو سەبەتەیەک و بە سەبەتەکەوە لەگەڵ جوانەگاکە و دوو بەرانەکە پێشکەشیان بکە. هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێش دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. ئینجا جلەکان ببە و لەبەر هارونی بکە، کراسە دامێن درێژەکە، کەوای ئێفۆدەکە، ئێفۆد و بەرسینەکە، ئینجا بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بۆی ببەستەوە. پاشان مێزەرەکە بخە سەری و تاجەگوڵینەی پیرۆزیش بخە سەر مێزەرەکە. زەیتی دەستنیشانکردن بهێنە و بەسەریدا بکە، بەوە دەستنیشانی بکە. کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسی دامێن درێژیان لەبەر بکە و کەمەربەندیان لە ناوقەد ببەستە. سەرپێچەکان بۆ هارون و کوڕەکانی توند بکە. کاهینیێتی دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان و ئەرک بە هارون و کوڕەکانی دەسپێریت.

10 «جوانەگاکە بهێنە پێش چادری چاوپێکەوتن و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دابنێن. 11 تۆش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەرببڕە. 12 لە خوێنی جوانەگاکە هەڵبگرە و بە پەنجەت لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی بدە، هەموو خوێنەکەی دیکەش بڕژێنە بنکەی قوربانگاکە. 13 هەموو ئەو پیوەش کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکە بهێنە و لەسەر قوربانگاکە بیانسووتێنە، 14 بەڵام کەلەشی جوانەگاکە و پێستەکەی و ڕیخەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر بسووتێنە، ئەوە قوربانی گوناهە[f].

15 «یەکێکیش لە بەرانەکان بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن. 16 بەرانەکە سەرببڕە و خوێنەکەی هەڵبگرە و بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بیپرژێنە. 17 بەرانەکەش پارچەپارچە بکە و هەناو و قاچەکانی بشۆ و بیخە سەر پارچەکانی و سەرەکەی. 18 هەموو بەرانەکە لەسەر قوربانگاکە بسووتێنە، ئەمە قوربانی سووتاندنە بۆ یەزدان، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

19 «بەرانەکەی دیکە بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن. 20 بەرانەکە سەرببڕە و لە خوێنەکەی ببە و لە شلکەی گوێی[g] ڕاستی هارون و کوڕەکانی بدە، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیان بدە، پاشان خوێن بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بپرژێنە. 21 ئینجا لە خوێنی سەر قوربانگاکە و لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە هەڵبگرە و بیپرژێنە بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی. ئینجا خۆی و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پیرۆز دەبن.

22 «لە بەرانەکە ئەمانە ببە، پیو و دوگ[h] و پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی، چونکە ئەمە بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەیە. 23 هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێک[i] ببە. 24 هەمووی بخە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە[j] بەرزی بکەنەوە. 25 دواتر لە دەستیان وەریبگرەوە و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە بیسووتێنە، بۆنی خۆشییە لەبەردەم یەزدان، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 26 لەدوای ئەوەی سنگی بەرانەکەی دیکە بۆ ئەرک پێ سپاردنی کاهینیێتی هارون ببە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی بکەوە، ئەمەش دەبێتە بەش بۆ تۆ.

27 «بەشەکانی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکە کە هی هارون و کوڕەکانییەتی، سنگە بەرزکراوەکە و ڕانە پێشکەشکراوەکە، تەرخان بکە. 28 ئەمەش دەبێتە بەشێکی چەسپاو بۆ هارون و کوڕەکانی لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە، چونکە پێویستە نەوەی ئیسرائیل ئەم بەشە پیتاکە لە قوربانی هاوبەشییانەوە بدەنە یەزدان.

29 «جلوبەرگە پیرۆزەکانی هارونیش لەدوای مردنی خۆی بۆ نەوەکانی دەبێت، تاکو بەو جلانەوە دەستنیشان بکرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت. 30 کوڕەکەی، ئەوەی وەک کاهین جێی دەگرێتەوە حەوت ڕۆژ لەبەری دەکات، کاتێک دێتە ناو چادری چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی لە شوێنی پیرۆز خزمەت بکات.

31 «بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش ببە و گۆشتەکەی لە شوێنێکی پیرۆز لێبنێ. 32 هارون و کوڕەکانی گۆشتی بەرانەکە و نانی ناو سەبەتەکە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن بخۆن. 33 ئەوانە ئەم قوربانییانە دەخۆن کە بۆ کەفارەتیان کراون بۆ ئەرک پێ سپاردنیان و بۆ تەرخانکردنیان، بەڵام هیچ کەسێکی دیکە لێیان ناخوات، چونکە پیرۆزن. 34 ئەگەر لە گۆشتی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش یان لە نانەکە هەتا بەیانی مایەوە، ئەوا ئەوەی ماوەتەوە بە ئاگر بیسووتێنە و ناخورێت، چونکە پیرۆزە.

35 «ئاوا بۆ هارون و کوڕەکانی بکە، وەکو هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، حەوت ڕۆژ ئەرکیان پێ بسپێرە. 36 هەموو ڕۆژێک جوانەگایەک پێشکەش بکە وەک قوربانی گوناه بۆ کەفارەت، هەروەها قوربانگاکەش پاک بکەرەوە بەوەی کەفارەتی بۆ دەکەیت، هەروەها بە زەیت تەرخانی بکە. 37 حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ بکە و تەرخانی بکە، جا قوربانگاکە دەبێتە هەرەپیرۆز، هەموو ئەوەی بەر قوربانگاکە بکەوێت پیرۆز دەبێت.

38 «ئەمەش ئەوەیە کە لەسەر قوربانگاکە پێشکەشی دەکەیت، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی دوو بەرخی نێری یەک ساڵە. 39 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون. 40 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک[k] لە باشترین ئارد بە چارەکە هەینێک[l] زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت و لە شەرابی پێشکەشکراویش چارەکە هەینێک شەراب، ئەمە بۆ بەرخی یەکەم. 41 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

42 «قوربانی سووتاندنی بەردەوامە بۆ نەوەکانتان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان، کە لەوێ لەگەڵتان ژووان دەبەستم بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵت بدوێم. 43 لەوێ ژووان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەبەستم، جا بە شکۆمەندیم پیرۆز دەبێت.

44 «هەروەها چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەرخان دەکەم، هارون و کوڕەکانیشی تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. 45 لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و بۆیان دەبمە خودا. 46 جا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم، کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا لەنێویان نیشتەجێ بم. من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.