Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 20:4-23:35

ئەمانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس. ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆیاس چاوەڕێیان دەکردین. بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆیاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە.

پۆڵس لە ترۆیاس

لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە، پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن. ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو. گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە. 10 پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت، گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!» 11 دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت. 12 گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران.

لە تروادەوە بۆ میلیتۆس

13 پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت. 14 کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی. 15 لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس. 16 جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم.

وتەی پۆڵس بۆ پیرانی ئەفەسۆس

17 پۆڵس لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەفەسۆس، بانگی پیرانی کڵێسای کرد. 18 کاتێک هاتنە لای پێی گوتن: «ئێوە دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە پێم خستە ناو ئاسیا، بە درێژایی کاتەکە چۆن بووم لەگەڵتان، 19 لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد. 20 هیچم لەو شتانە دوانەخستووە کە سوودبەخشن و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و ماڵەوماڵ فێرم کردوون. 21 شایەتی ئەوەم داوە لای جولەکە و یۆنانییەکان کە دەبێت تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆمان بهێنن.

22 «ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. 23 تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. 24 بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنی نیعمەتی خودا.

25 «ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر نامبیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند. 26 هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم، 27 چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم. 28 ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە، تاکو شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، ئەوەی بە خوێنی خۆی[a] کڕیویەتی. 29 دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە. 30 هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن، باسی شتی خوار دەکەن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. 31 بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان.

32 «ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت. 33 چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو. 34 خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە. 35 هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە ئاوا ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»

36 کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد. 37 هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد، 38 بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن.

پێشبینییەکان دەربارەی ئازاری پۆڵس

21 کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس[b] ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا. لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین. ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت. لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە، بە ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس دەکرد[c] نەچێتە ئۆرشەلیم. کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان تاکو دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەنارەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد. پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.

کە لە سورەوە گەشتەکەمان کۆتایی پێ هات، گەیشتینە پتولمایس، سڵاومان لە برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە. بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە[d]، لەلای ماینەوە. ئەم چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد.

10 کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات. 11 هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”خاوەنی ئەم پشتێنە، ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە لە ئۆرشەلیم دەیبەستنەوە و دەیدەنە دەست نەتەوەکان.“»

12 کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم. 13 بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» 14 کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»

15 دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم. 16 هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.

لە ئۆرشەلیم

17 کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین. 18 ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب[e]، هەموو پیرانیش ئامادەبوون. 19 پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو نەتەوەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەی کردوویەتی.

20 کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن. 21 وایان بیستووە کە تۆ هەموو ئەو جولەکانەی لەنێو نەتەوەکاندان فێری هەڵگەڕانەوەیان دەکەیت لە موسا و پێیان دەڵێی منداڵانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین. 22 کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت، 23 جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە، 24 بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە، تۆش بە پاراستنی تەورات دەڕۆیت. 25 دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.»

26 بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان خۆی پاک کردەوە، چووە ناو پەرستگا تاکو تێبینی بدات بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە، تاکو لە جیاتی هەر یەکێکیان قوربانییەکەی بکات.

گرتنی پۆڵس

27 کاتێک خەریک بوو حەوت ڕۆژەکە تەواو بێت، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان، 28 هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوتە پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کرد!» 29 چونکە تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە پەرستگا.

30 ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران. 31 کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە. 32 یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کە فەرماندە و سەربازەکانیان بینی لە لێدانی پۆڵس وەستان.

33 ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە. 34 بەڵام لەناو خەڵکەکەدا هەندێک هاواری شتێکی دیکەیان دەکرد. جا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە. 35 کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان[f] بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت، 36 چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!»

37 خەریک بوو پۆڵس بچێتە سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟ 38 تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟»

39 پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.»

40 ئیتر ڕێگای دا، پۆڵس لەسەر قاڵدرمەکان ڕاوەستا، بە دەست ئاماژەی بۆ خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگ بوون، بە زمانی عیبری قسەی بۆ کردن و گوتی:

بەرگری پۆڵس

22 «برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون.

ئەویش گوتی: «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی[g] گەمالائیل بە توندی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، وەکو سەرۆک کاهین و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم بۆ برایانی دیمەشق لەوان وەرگرت، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.

«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“

«وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“

«پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

10 «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“»

«مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەوەی بۆت دانراوە بیکەیت، پێت دەگوترێ.“ 11 جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.

12 «پیاوێک بە ناوی حەنانیا، بەگوێرەی تەورات لەخواترس، هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. 13 هاتە لام، وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.

14 «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە[h] ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، 15 چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. 16 ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“

17 «ئەوە بوو کە بۆ ئۆرشەلیم گەڕابوومەوە و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، 18 مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“

19 «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. 20 کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“

21 «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ دوور دەتنێرم، بۆ نەتەوەکان.“»

22 هەتا باسی نەتەوەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»

23 ئینجا هاواریان کرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد. 24 فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، تاکو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.

پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە

25 کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» 26 کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو چووە لای فەرماندەکە، هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتی ڕۆمانییە!»

27 فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتی ڕۆمانیت؟»

گوتی: «بەڵێ.»

28 فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم هاوڵاتی بوونەم وەرگرت.»

پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»

29 ئەوانەی بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش کە زانی هاوڵاتی ڕۆمانییە و وا کۆتی کردووە، ترسا.

30 بۆ بەیانی ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە سکاڵای لێدەکەن، ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین کۆببنەوە، پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.

پۆڵس لە ئەنجومەنی جولەکە

23 پۆڵس ڕوانییە سەنهەدرین و گوتی: «برایان، تاکو ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاک بۆ خودا ژیاوم.» حەنانیای سەرۆک کاهین فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بە دەمیدا بکێشن. پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»

ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆک کاهینی خودا دەدەیت؟»

پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆک کاهینە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.][i]»

پۆڵس دەیزانی بەشێک سەدوقین و بەشێک فەریسی، لە سەنهەدریندا هاواری کرد: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.

ئینجا هاوار بەرزبووەوە، هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون هەستان و بە توندی دەمەقاڵەیان دەکرد: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. مەگەر ڕۆحێک یان فریشتە لەگەڵیدا دوابێت؟» 10 کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، ئینجا فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.

11 بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»

پیلانی جولەکە بۆ کوشتنی پۆڵس

12 کاتێک ڕۆژهەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. 13 ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل زیاتر بوون. 14 چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران، گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. 15 ئێستاش ئێوە و سەنهەدرین بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، بەڵکو بۆ لاتان بینێرێت، وەک بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە. ئێمەش پێش نزیک کەوتنەوەی ئامادەین بۆ کوشتنی.»

16 بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.

17 جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد، گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» 18 ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.

گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»

19 فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە، لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»

20 گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە سەنهەدرین، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. 21 بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»

22 فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»

ناردنی پۆڵس بۆ لای فیلیکس

23 ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی[j] شەو بچنە قەیسەرییە. 24 هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»

25 نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:

26 لە کلودیۆس لیسیاس،

بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،

سڵاو.

27 ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستمەوە هاوڵاتی ڕۆمانییە. 28 دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە سەنهەدرینەکەیان. 29 بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. 30 کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.

31 بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان[k] هێنا. 32 بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. 33 سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. 34 خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، 35 گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.