Chronological
ماڵی باوکم
14 «نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن[a]، پشت بە منیش ببەستن. 2 ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. 3 جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. 4 ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»
من ڕێگا و ڕاستی و ژیانم
5 تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»
6 عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. 7 ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»
8 فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»
9 عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا ماوەیەکی درێژە لەگەڵتانم و نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ 10 ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. 11 باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. 12 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر[b] دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. 13 هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. 14 ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.
بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز
15 «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. 16 منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی[c] دیکەتان[d] بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، 17 ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. 18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. 19 پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی زیندووم و ئێوەش دەژین. 20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. 21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
22 ئینجا یەهوزایەکی دیکە کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»
23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. 24 ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.
25 «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[e].
ئاشتی عیسا
27 «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن. 28 گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. 29 ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. 30 لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە[f] وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە، 31 بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.
«هەستن با لێرە بڕۆین.
من مێوی ڕاستەقینەم
15 «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. 2 هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. 3 ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن. 4 بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.
5 «منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. 6 ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. 7 ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. 8 باوکم بەمە شکۆدار دەبێت، کە بەرهەمی زۆر بهێنن، بەم شێوەیە دەبنە قوتابی من.
9 «هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. 10 ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. 11 ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. 12 ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. 13 کەس خۆشەویستی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14 ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. 15 ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن. 16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
ڕقی جیهان
18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهانەوە وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من لە جیهان هەڵمبژاردوون، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە.“[g] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستووە، هی ئێوەش دەپارێزن. 21 بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن. 22 ئەگەر نەهاتمایە و قسەم بۆ نەکردنایە، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان[h]. 23 ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە. 24 ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە. 25 بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: [بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.][i]
26 «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات. 27 ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.
کاری ڕۆحی پیرۆز
16 «ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن. 2 لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وادەزانێت خزمەتی خودا دەکات. 3 ئەمانەش دەکەن چونکە نە باوکەیان ناسیوە و نە من. 4 بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.
5 «ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت: ”بۆ کوێ دەچیت؟“ 6 کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن. 7 بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان[j] بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم. 8 کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان: 9 لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛ 10 لەسەر ڕاستودروستی[k]، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛ 11 لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە.
12 «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. 13 بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات. 14 ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت[l] کە لە منەوە وەریدەگرێت. 15 هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.
16 «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»
هاتنی خۆشی دوای ناخۆشی
17 هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟» 18 گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»
19 عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟ 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی. 21 کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات. 22 ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. 23 لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 24 هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تەواو بێت.
25 «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم. 26 لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، 27 چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم. 28 لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»
29 قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت. 30 ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویست ناکات کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»
31 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟ 32 وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.
33 «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»
نوێژی عیسا بۆ باوەڕداران
17 کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی:
«باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات. 2 هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون. 3 ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە. 4 من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم. 5 ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو.
6 «ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد. 7 ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە. 8 ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە. 9 بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. 10 هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم. 11 ئەمان لەجیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 12 کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوو کوڕی لەناوچوو[m] نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی.
13 «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمە دەکەم، تاکو شادی منیان بە تەواوی لە خۆیاندا هەبێت. 14 من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 15 داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی. 16 ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 17 بە ڕاستی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە. 18 وەک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. 19 بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن.
20 «تەنها بۆ ئەمان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە بە قسەی ئەمانەوە باوەڕم پێ دەهێنن، 21 تاکو هەموو یەک بن، وەک تۆ لە مندای و منیش لە تۆدام، ئەوانیش لە ئێمەدا بن، باوکە، تاکو جیهان باوەڕ بهێنێت کە تۆ منت ناردووە. 22 منیش ئەو شکۆیەم داونەتێ کە تۆ بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 23 من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە.
24 «باوکە، دەمەوێت ئەوانەی کە بە منت داون لەکوێ بم لەگەڵم بن، تاکو شکۆمەندییەکەم ببینن کە بە منت داوە، چونکە پێش دامەزراندنی جیهان منت خۆشویست.
25 «ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم، ئەوانیش دەزانن تۆ منت ناردووە. 26 ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.