Chronological
مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن
2 لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا[a]، لە سەردەمی شا هێرۆدس[b]، هەندێک مۆغ[c] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، 2 پرسییان: «کوا ئەوەی لەدایک بووە کە پاشای جولەکەیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
3 کاتێک شا هێرۆدس ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. 4 هەموو کاهینانی[d] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[e] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» 5 وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحم لە یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[f] ئاوای نووسیوە:
6 «[بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا،
کەمتر نیت لە فەرمانڕەواکانی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.][g]»
7 هێرۆدسیش بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. 8 ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
9 لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئەستێرەکەی لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت هەتا لەسەر ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو ڕاوەستا. 10 بە بینینی ئەستێرەکە زۆر شادمان بوون، 11 چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوین و کڕنۆشیان بۆ برد و گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[h] بە دیاری پێشکەش کرد. 12 ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
هەڵاتن بەرەو میسر
13 کە ڕۆیشتن، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و ڕاکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس خەریکە بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.» 14 ئەویش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت. 15 هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە[i] فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: [لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.][j]
16 کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خوارتر لە بێتلەحم و دەوروبەری کوشت. 17 ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
18 [دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل[k] بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.][l]
گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە
19 کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و 20 گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی بۆ ژیانی منداڵەکە دەگەڕان مردن.»
21 ئەویش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل. 22 بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل. 23 جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، هەتا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەران گوترابوو بێتە دی: [بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.]
39 کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل. 40 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی، نیعمەتی خوداشی[a] لەسەر بوو.
عیسا لە پەرستگادا
41 دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم. 42 کاتێک بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن. 43 دوای تەواوبوونی ڕۆژەکان لە گەڕانەوەیاندا عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە، دایک و باوکیشی نەیانزانی. 44 وایان دەزانی لەناو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن، دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکان بەدوایدا گەڕان. 45 کاتێک نەیاندۆزییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم هەتا بەدوایدا بگەڕێن. 46 دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات. 47 هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. 48 کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»
49 وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟» 50 بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.
51 ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو، مریەمی دایکیشی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە. 52 عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.