Chronological
پەیامێک سەبارەت بە عەمۆن
49 بۆ عەمۆنییەکان:
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئایا ئیسرائیل کوڕی نییە،
یان میراتگری نییە؟
بۆچی مۆلەخ گاد داگیر بکات و
گەلەکەشی لەناو شارۆچکەکانی ئەودا نیشتەجێ بن؟»
2 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا ڕۆژێک دێت،
وا دەکەم لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان،
نەعرەتەی جەنگ ببیسترێت،
جا دەبێتە گردێکی وێران و
شارۆچکەکانیشی بە ئاگر دەسووتێن،
ئیسرائیلیش داگیرکەرانی خۆی داگیر دەکات.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
3 «ئەی حەشبۆن واوەیلا بکە، چونکە عای تەفروتونا بوو!
ئەی دانیشتووانی ڕەبە هاوار بکەن!
بەرگی لە گوش دروستکراو لەبەر بکەن و شین بگێڕن،
بەناو شووراکانیدا بسووڕێنەوە،
چونکە مۆلەخ ڕاپێچ دەکرێت،
خۆی و کاهین و پیاوە گەورەکانی.
4 بۆ شانازی بە دۆڵەکانتەوە دەکەیت؟
بۆ شانازی بە دۆڵە پڕ بەروبوومەکانتەوە دەکەیت؟
ئەی کچی هەڵگەڕاوە،
ئەوەی پشت بە گەنجینەکانت دەبەستیت و دەڵێیت،
”کێ پەلامارم دەدات؟“»
5 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ترست دەهێنمە سەر
لە هەموو ئەوانەی دەوروبەرت.
جا هەریەکە لە ئێوە دەردەکرێت و
کەس نابێت ونبووان کۆبکاتەوە.
6 «پاش ئەمە ڕاپێچکراوانی عەمۆنییەکان دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیامێک سەبارەت بە ئەدۆم
7 بۆ ئەدۆم:
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئایا ئیتر دانایی لە تێمان نییە؟
ئایا ڕاوێژ لەلای تێگەیشتووان نەماوە؟
ئایا داناییەکەیان پووچەڵ بووەتەوە؟
8 ئەی دانیشتووانی دیدان، بکشێنەوە و هەڵێن،
بڕۆن لە ئەشکەوتە قووڵەکان خۆتان بشارنەوە،
چونکە بەڵاکەی عیسۆی بەسەردەهێنم
لەو کاتەی سزای دەدەم.
9 ئەگەر ڕەزبڕت[a] بۆ بێت،
ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
ئەگەر بە شەو دزت بۆ بێت،
ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
10 بەڵام من عیسۆ ڕووت دەکەمەوە،
شوێنە نهێنییەکانی دەردەخەم،
ناتوانێت خۆی بشارێتەوە،
منداڵ و برا و دراوسێکانی تەفروتونا دەکرێت،
ئیتر کەس بە زیندوویی نامێنێتەوە بۆ ئەوی بڵێت:
11 ”هەتیوەکانت جێبهێڵە، من دەیانپارێزم،
با بێوەژنەکانت پشت بە من ببەستن.“»
12 سەبارەت بەمە یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەوانەی شایانی ئەوە نین لە جامەکە بخۆنەوە، بەڵام بە تەواوی خواردیانەوە، ئایا تۆ بە تەواوی بێ سزا دەبیت؟ بێ سزا نابیت، بەڵکو دەبێت بیخۆیتەوە. 13 یەزدان دەفەرموێت: چونکە سوێندم بە خۆم خواردووە، کە بۆزرا وێران بێت، ڕیسوا بێت، بڕووخێت و نەفرەتبار بێت و هەموو شارۆچکەکانیشی هەتاهەتایە بە ڕووخاوی بمێنێتەوە.»
14 هەواڵێکم لەلایەن یەزدانەوە بیست،
نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
«کۆببنەوە و پەلاماری بدەن،
هەستن بۆ جەنگ.»
15 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
لەنێو مرۆڤدا ڕیسوا دەبیت.
16 تۆ سامت لەسەر خەڵک هەبوو،
فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد،
ئەوەی لەسەر بەرزایی گردیت،
تەنانەت ئەگەر وەک هەڵۆ هێلانەکەت لە بەرزایی دانێیت،
لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «ئەدۆم دەبێتە وێرانە،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت،
گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
18 وەک سەرەوژێربوونی سەدۆم و عەمۆرا
و شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
19 «ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ ئەدۆمییەکان ڕاودەنێم.
کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
چونکە کێ وەک منە و کێ کێشەوبەرەم لەگەڵ دەکات؟
ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»
20 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی ئەدۆم داڕشتووە،
مەبەستی چی بووە لە دژی دانیشتووانی تێمان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
21 لە دەنگی کەوتنیان زەوی دەلەرزێت،
قیژەیان دەگاتە دەریای سوور[b].
22 تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەبێتەوە و دەفڕێت،
بەسەر بۆزرادا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانانی ئەدۆم
وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
پەیامێک سەبارەت بە دیمەشق
23 بۆ دیمەشق:
«حەمات و ئەرپاد شەرمەزار بوون،
چونکە هەواڵێکی خراپیان بیست،
لە ترسان توانەوە،
وەک دەریا شڵەژاون و ئارام نابنەوە.
24 دیمەشق هێزی لەبەر بڕا،
ڕووی وەرگێڕا بۆ هەڵاتن،
شڵەژا و تانگەتاو بوو
وەک ژنی ژانگرتوو.
25 چۆن واز لە شارە بەناوبانگەکە نەهێنرا،
ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی شادی من بوو!
26 بێگومان لەو ڕۆژەدا، لاوەکانی لەناو شەقامەکان دەکوژرێن،
هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
27 «ئاگرێک لە دیواری دیمەشق بەردەدەم،
قەڵاکانی بەنهەدەد دەخوات.»
پەیامێک سەبارەت بە قێدار و حاچۆر
28 بۆ قێدار و شانشینەکانی حاچۆر، ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لێیدا:
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەی بابلییەکان، هەستن هێرش ببەن بۆ قێدار،
خەڵکی ڕۆژهەڵات تەفروتونا بکەن.
29 ڕەشماڵ و مەڕەکانیان دەبردرێن،
خێوەت و هەموو قاپوقاچاغەکانیان و
وشترەکانیان دەهێنرێن.
بانگیان بکەن:
”لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!“»
30 یەزدان دەفەرموێت: «ڕابکەن و دوور هەڵێن!
ئەی دانیشتووانی حاچۆر، لە ئەشکەوتە قووڵەکان نیشتەجێ بن.
نەبوخودنەسری پاشای بابل لە دژی ئێوە ڕاوێژی کردووە،
لە دژی ئێوە پیلانی داناوە.
31 «هەستن هێرش ببەنە سەر نەتەوەیەکی ئاسوودە،
بە پشت ئەستوورییەوە نیشتەجێیە.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نە دەرگا و نە شمشیرەی[c] هەیە،
بە تەنهایی نیشتەجێیە.
32 وشترەکانیان بە تاڵان دەبردرێن و
ماڵاتی زۆریان دەبێتە دەستکەوت.
بە هەموو بایەک
قژبڕاوەکان[d] شەن دەکەم،
لە هەموو لایەکەوە کارەساتیان بەسەردەهێنم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 «حاچۆر بۆ هەتاهەتایە
دەبێتە داڵدەی چەقەڵ و چۆڵەوانی.
هیچ مرۆڤێک لەوێ نیشتەجێ نابێت،
هیچ ئادەمیزادێک ئاوارەی ئەوێ نابێت.»
پەیامێک سەبارەت بە ئیلام
34 ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە لە سەرەتای پاشایەتییەکەی سدقیای پاشای یەهودا بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، سەبارەت بە ئیلام، پێی فەرموو:
35 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من کەوانی ئیلام دەشکێنم،
کە سەرچاوەی هێزیانە.
36 چوار با لە هەر چوار لای ئاسمانەوە،
بەسەر ئیلامدا دەهێنم،
بەم چوار بایە شەنیان دەکەم،
هەتا نەتەوە نەبێت
کە دوورخراوەکانی ئیلامی بۆ نەچوو بێت.
37 ئیلامییەکان لەبەردەم دوژمنانیان دەتۆقێنم،
لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێ بیانکوژن،
بەڵایان بەسەردەهێنم،
گڕی تووڕەییم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«بە شمشێر ڕاویان دەنێم
هەتا کۆتاییان دەهێنم.
38 تەختی خۆم لە ئیلام دادەنێم و
لەوێ پاشا و پیاوە گەورەکانی لەناودەبەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
39 «بەڵام لە ئایندەدا،
ڕاپێچکراوەکانی ئیلام دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیامێک سەبارەت بە بابل
50 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:
2 «لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن،
ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن،
هیچ مەشارنەوە، بڵێن،
”بابل دەگیرێت،
بێل[e] شەرمەزار دەبێت،
مەرۆداخ[f] وردوخاش دەبێت.
پەیکەرەکانی شەرمەزار و
بتەکانی وردوخاش دەبن!“
3 نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری،
خاکەکەی وێران دەکات،
ئاوەدانی تێدا نابێت،
لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»
4 یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە،
نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن،
بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.
5 پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و
ڕووی تێ دەکەن.
دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت،
دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.
6 «گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون،
شوانەکانیان گومڕایان کردن،
وێڵی ناو چیاکانیان کردن.
لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان،
جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.
7 هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان،
دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین،
لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد،
کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە،
لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“
8 «لە بابل ڕابکەن،
خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن،
وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن.
9 چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە
لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم.
ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن،
لە باکوور دەیگرن.
تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە،
بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.
10 خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت،
ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 «ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم،
لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون،
وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و
وەک ئەسپ حیلاندتان،
12 دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت،
ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت.
دەبێتە دوایین نەتەوە،
دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.
13 لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و
هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی.
هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات،
لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
14 «ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان،
لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن.
تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن،
چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.
15 لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن!
خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون،
شووراکانی دەڕووخێن.
لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە،
تۆڵەی لێ بکەنەوە،
چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.
16 وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و
داس بەدەست لە کاتی دروێنە.
لە ڕووی شمشێری ستەمکار،
با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە،
با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.
17 «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،
شێرەکان ڕاویان ناوە.
سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،
ئینجا ئەمەی دوایی،
نەبوخودنەسری پاشای بابل،
ئێسکەکانی هاڕی.»
18 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،
وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
19 بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،
جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،
لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش
تێر دەخوات.»
20 یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،
بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،
بەڵام نییەتی،
هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،
بەڵام هیچ نادۆزنەوە،
چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»
21 یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم[g] و
دانیشتووانی پەقۆد[h] بدە.
ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە[i]،
هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.
22 لە خاکەکە دەنگی جەنگە،
دەنگی تێکشکانێکی مەزن!
23 چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو،
چەکوشی هەموو زەوی!
بابل چۆن وێران بوو
لەنێو نەتەوەکان!
24 ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە،
بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت.
دۆزرایتەوە و گیرایت،
چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.
25 یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و
چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.
26 لەوپەڕەوە وەرنە سەری!
ئەمبارەکانی بکەنەوە،
وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن.
بە تەواوی قڕی بکەن،
پاشماوەی نەمێنێتەوە!
27 هەموو جوانەگاکانی[j] بکوژن،
با بۆ سەربڕین ببردرێن!
قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات،
کاتی سزادانیان.
28 لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن
لە سییۆن ڕایبگەیەنن
چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە،
تۆڵەی پەرستگاکەی.
29 «تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل،
هەموو کەوان بەدەستەکان.
لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری،
با کەس دەرباز نەبێت.
بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن،
هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە،
چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە،
لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
30 لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و
لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
31 «ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
چونکە ڕۆژت هات،
کاتی سزادانت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
32 «جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت،
کەس هەڵیناستێنێتەوە،
منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»
33 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن،
هەروەها نەوەی یەهوداش.
هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت،
ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.
34 بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات،
هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە،
بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»
35 یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە!
لە دژی دانیشتووانی بابلە و
لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!
36 شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە![k]
جا گێل دەبن.
شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی!
جا دەتۆقن.
37 شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی،
لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو!
جا دەبن بە ژن.
شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی!
جا تاڵان دەکرێن.
38 وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی!
جا وشک دەبن،
چونکە خاکی بتەکانە،
ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.
39 «لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین،
کوندەپەپووی تێدا دەژیێت.
ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت،
نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.
40 وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد
لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
41 «ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا،
لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.
42 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە.
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.
43 پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست،
ورەی ڕووخا،
تووشی تەنگانە بوو،
تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
44 ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم.
کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
چونکە کێ وەک منە و کێ کێشەوبەرەم لەگەڵ دەکات؟
ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»
45 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە،
مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
46 لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت،
قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.