Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 46-48

پەیامێک سەبارەت بە میسر

46 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە نەتەوەکان:

بۆ میسر:

سەبارەت بە سوپاکەی نەخو فیرعەون، پاشای میسر، ئەوەی لەسەر ڕووباری فورات بوو لە کەرکەمیش، کە نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا لێیدا:

«سپەر و قەڵغان ئامادە بکەن،
    پێشکەون بۆ جەنگ!
ئەسپ زین بکەن،
    ئەی سوارەکان، سەربکەون!
بە کڵاوی ئاسنینەوە لە ئامادەباشیدا بن!
    ڕمەکان تیژ بکەن،
    زرێیەکان[a] بپۆشن!
چی دەبینم؟
    ئەوان تۆقیون،
بەرەو پاش دەکشێنەوە،
    پاڵەوانەکانیان بەزین.
بە پەلە هەڵاتن و
    ئاوڕیشیان نەدایەوە،
    لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئەوەی تیژڕەوە هەڵنایەت و
    پاڵەوان دەرباز نابێت.
لە باکوور لەلای ڕووباری فورات
    ساتمەیان کرد و کەوتن.

«ئەمە کێیە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
    وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات؟
میسرە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
    وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات.
دەڵێت: ”هەڵدەستم و زەوی دادەپۆشم،
    شار و دانیشتووانەکەی لەناو دەبم.“
ئەی ئەسپەکان، سەربکەون!
    ئەی گالیسکەکان، سەرەڕۆ بن!
با پاڵەوانان بەرەو پێش بچن،
    کوش و پووت قەڵغان بەدەستن،
    لوودییەکان تیرەکانیان لە کەوانەکانیان ڕادەکێشن.
10 بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژی یەزدانە[b]، پەروەردگاری سوپاسالار،
    ڕۆژی تۆڵەیە، تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانی.
جا شمشێر دەخوات و تێر دەبێت،
    لە خوێنیان تێر دەخواتەوە،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، قوربانی سەربڕاو پێشکەش دەکات
    لە خاکی باکوور لەلای ڕووباری فورات.

11 «سەربکەوە بۆ گلعاد و هەتووان بهێنە،
    ئەی میسری کچە پاکیزە.
بەڵام بێهوودە داوودەرمان زۆر دەکەیت،
    چاکبوونەوەت نییە.
12 نەتەوەکان سووکایەتی تۆیان بیستووە،
    قیژەت دنیای پڕکردووە،
چونکە پاڵەوانێک ساتمە لە پاڵەوانێک دەکات،
    هەردووکیان پێکەوە دەکەون.»

13 ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان بە یەرمیای پێغەمبەری ڕاگەیاند، لەبارەی هێرشکردنی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ سەر خاکی میسر:

14 «ئەمە لە میسر ڕابگەیەنن، لە شاری مگدۆل جاڕبدەن،
    هەروەها لە مەمفیس و تەحپەنحێس، بڵێن:
”وریابە و لە ئامادەباشیدا بە،
    چونکە شمشێر دەوروبەرت دەخوات.“
15 بۆچی توانادارەکانت بە زەویدا دران؟
    نەوەستان، چونکە یەزدان ئەوانی خست.
16 بەردەوام ساتمە دەکەن،
    بەسەر یەکتریدا دەکەون.
دەڵێن: ”هەستن با بگەڕێینەوە،
    بۆ ناو گەلەکەمان و خاکی لەدایکبوونمان،
    دوور لە شمشێری ستەمکاری.“
17 لەوێ هاواریان دەکرد:
    ”فیرعەونی پاشای میسر تەنها هاتوهەرای هەیە،
    دەرفەتی ئەو بەسەرچوو!“»

18 پاشا کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە
    دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
کەسێک دێت وەک تاڤۆرە لەنێو چیاکان،
    وەک کارمەلە لەلای دەریاوە دێت.
19 ئەی دانیشتووانی میسر،
    خۆتان کۆبکەنەوە بۆ ڕاپێچ،
چونکە مەمفیس وێران دەبێت،
    دەبێتە چۆڵەوانییەکی بێ ئاوەدانی.

20 «میسر مانگایەکی زێدە جوانە،
    بەڵام مێشومەگەز لە باکوورە بۆی دێت.
21 هەروەها سەربازە بەکرێگیراوەکانت لە ڕیزەکانی جەنگ،
    وەک جوانەگای قەڵەون،
چونکە ئەوانیش ڕوو وەردەگێڕن،
    تێکڕا هەڵدێن و ناوەستن،
چونکە ڕۆژی کارەسات گەیشتە سەریان،
    کاتی سزادانیان.
22 میسر وەک ماری هەڵاتوو فیشک دەدات،
    چونکە دوژمنەکانی بە سوپاوە دێنە پێش،
هەروەک داربڕەکان
    بە تەورەوە بۆی هاتن.
23 دارستانەکەی دەبڕنەوە،
    هەرچەندە زۆر چڕە،
چونکە لە کوللە زۆرترن،
    لە ژمارە نایەن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «دانیشتووانی میسر شەرمەزار دەبن،
    درایە دەست گەلی باکوور.»

25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل فەرمووی: «من خەریکم سزا دەسەپێنم، لەسەر ئامۆنی خودای تیب و فیرعەون، لەسەر میسر و خوداوەندەکان و پاشاکانی، هەروەها لەسەر ئەوانەش کە پشتیان بە فیرعەون بەستووە. 26 دەیاندەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت بیانکوژن، دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دەست خزمەتکارەکانی. پاش ئەمە میسر وەک ڕۆژانی پێشتری ئاوەدان دەبێتەوە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

27 «ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
    نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
    دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
28 ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    چونکە من لەگەڵتدام.
هەرچەندە کۆتایی دەهێنم بە هەموو ئەو نەتەوانەی
    کە بۆ ناویان پەرتەوازەم کردیت،
    بەڵام تۆ بە تەواوی لەناو نابەم.
لە سزا ناتبوورم،
    بە دادپەروەری تەمبێت دەکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان

47 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:

یەزدان ئەوە دەفەرموێت:

«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و
    دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،
زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،
    شار و دانیشتووانەکەی.
خەڵکی هاوار دەکەن،
    هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،
    لە خڕەی گالیسکەکانی و
    جیڕەی چەرخەکانی.
باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە
    لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە
    بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و
بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک
    کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.
یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،
    پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،
    ئەسقەلان کپ دەبێت.
ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،
    هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟

«”ئای ئەی شمشێری یەزدان،
    هەتا کەی پشوو نادەیت؟
بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە[c] و
    هێدی بە و کپ بە.“
بەڵام چۆن پشوو دەدات
    کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،
لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،
    لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»

پەیامێک سەبارەت بە مۆئاب

48 بۆ مۆئاب:

یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:

«قوڕبەسەر نەبۆ، چونکە وێران دەبێت،
    قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت،
    قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
شانازی مۆئاب نامێنێت،
    لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا،
    ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“
هەروەها تۆش ئەی مەدمێن[d] کپ دەبیت،
    شمشێر دوات دەکەوێت.
گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت،
    هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
مۆئاب تێکدەشکێت،
    بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت،
    بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن،
لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم
    هاواری شکست دەبیسترێت.
هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن!
    ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت،
    تۆش دەگیرێیت،
کەمۆش[e] ڕاپێچ دەکرێت،
    کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت،
    هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت.
دۆڵ لەناودەچێت،
    دەشت وێران دەبێت،
    وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن،
    چونکە دەبێتە چۆڵەوانی.[f]
شارۆچکەکانی وێران دەبن،
    بەبێ ئاوەدانی دەبن.

10 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات!
    نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!

11 «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە،
    ڕاپێچیش نەکراوە،
وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە،
    لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە،
لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و
    بۆنیشی نەگۆڕاوە.
12 یەزدان دەفەرموێت:
    لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن،
    ئەوان دەیڕێژن و
دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و
    گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
13 جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت،
    هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون
    کە پشتیان پێی بەستبوو.

14 «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و
    پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
15 مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت،
    باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.»
    ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
16 «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە،
    بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
17 ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە،
    ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن،
بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا،
    شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“

18 «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و
    لەسەر زەوی وشک دابنیشە،
    ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب
    دێتە سەر ئێوە،
    شارە قەڵابەندەکانی ئێوەی کاول دەکات.
19 ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر،
    لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن.
لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن،
    بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
20 مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا.
    واوەیلا بکە و هاوار بکە!
لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن
    کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
21 حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات،
    بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
22     بەسەر دیڤۆن و نەبۆ و بێت‌دیڤلاتایم،
23     بەسەر قیریاتەیم و بێت‌گاموول و بێت‌مەعۆن،
24     بەسەر قەریۆت و بۆزرا،
    بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
25 هێزی مۆئاب بڕایەوە،
    بازووی شکا.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

26 «سەرخۆشی بکەن،
    چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت،
    ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
27 ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟
    ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا،
هەر کاتێک باست دەکرد،
    سەرت دەلەقاند؟
28 ئەی دانیشتووانی مۆئاب،
    شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن.
وەک کۆتر بن کە هێلانەی
    لەدەم ئەشکەوتدا دەکات.

29 «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە،
    زۆر لووتبەرزە،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و
    فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
30 یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە.
    کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
31 لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم،
    بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم،
    بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
32 ئەی مێوی سیڤما،
    وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم.
لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە،
    گەیشتنە دەریای یەعزێر.
تەفروتوناکەر کەوتە سەر
    میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
33 خۆشی و دڵشادی داماڵران
    لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب.
شەرابم لە گوشەر ڕاگرت،
    بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت،
ئەگەر هاوارکردن هەبێت،
    لە خۆشیدا هاوار ناکەن.

34 «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە،
    لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ،
لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا،
    چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
35 لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم
    بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و
    بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
36 «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت،
    دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت،
    چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
37 چونکە هەموو سەرێک تاشراوە و
    هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە،
هەموو دەستێک بریندار کراوە و
    هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
38 لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و
    لە هەموو شەقامەکانی
جگە لە گریان هیچی دیکە نییە،
    چونکە مۆئابم شکاند،
    وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
39 «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن!
    چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا!
مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و
    ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»

40 یەزدان ئەوە دەفەرموێت:

«تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت،
    بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
41 قەریۆت دەگیرێت و
    قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب
    وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
42 مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل،
    چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
43 ئەی دانیشتووی مۆئاب،
    ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
44 «ئەوەی لە ترس هەڵدێت
    دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە،
ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە
    بە تەڵەکەوە دەبێت،
چونکە ساڵی سزادان
    بەسەر مۆئابدا دەهێنم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

45 «لە سێبەری حەشبۆن
    هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون،
چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو،
    گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە،
ناوچەوانی مۆئاب و
    کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
46 قوڕبەسەرت مۆئاب!
    خەڵکی کەمۆش لەناوچوو،
کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و
    کچەکانت بە دیل بردران.

47 «بەڵام لە ئایندەدا،
    ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.