Chronological
4 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
بگەڕێوە لای من.
ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
گومڕا نابیت،
2 ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
شانازی بەوەوە دەکەن.»
3 یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
«زەوی بەیارتان بکێڵن و
لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
4 ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە[a] بکەن،
دڵتان خەتەنە بکەن،
نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
بەڵایەک لە باکوورەوە
5 «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
6 ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
تێکشکانێکی گەورە.»
7 شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
شارۆچکەکانت کاول دەبن
بێ ئاوەدانی دەبن.
8 لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش[b] لەبەر بکەن،
لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
9 یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
کاهینەکان دەحەپەسێن و
پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
10 جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
11 لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، 12 بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
13 تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
14 ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لەناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
15 دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
16 «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
17 لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
چونکە لە من یاخی بوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «ڕەفتار و کردەوەکانت
ئەمەیان پێکردیت،
ئەمە سزاکەتە،
چەند تاڵە!
چونکە گەیشتە دڵت.»
19 ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
دڵم ژان دەکات!
دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
20 کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
هەموو خاکەکە وێران بوو.
لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
21 هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
22 «گەلەکەم گێلە و
من ناناسێت.
ئەوان کوڕی دەبەنگن،
ئەوان تێنەگەیشتوون،
ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
23 تەماشای زەویم کرد،
بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
بەرەو ئاسمانیش،
ڕووناکییەکەی نەمابوو.
24 تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
هەموو گردەکانیش لەق بوون.
25 تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتوون،
26 تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
27 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«هەموو زەوی وێران دەبێت،
بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
28 لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
29 لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
30 تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
ئەوان داوای گیانت دەکەن.
31 هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
دەنگی سییۆنی کچ[c] هەنسک دەدات،
دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
«وەی لە من! دەبوورێمەوە،
گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
کەس ڕاستودروست نییە
5 «بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن،
ئێستا تەماشا بکەن و بزانن،
لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن.
ئەگەر یەکێکتان بینییەوە
دادپەروەری بکات و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت،
ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
2 هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“
هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»
3 ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟
لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت،
تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن.
ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد،
تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
4 بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن،
نەزان بوون،
چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و
نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
5 کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و
قسەیان لەگەڵ دەکەم،
بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و
دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.»
بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند،
بەندیان پساند.
6 لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر،
گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت،
پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات،
تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات،
چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون،
هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.
7 «چۆن لەمە لێت خۆشدەبم؟
کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و
سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە.
کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد،
پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
8 بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە،
هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 «سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن،
بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن.
لقەکانی لێ بکەنەوە،
چونکە هی یەزدان نین.
11 بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا
بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد،
گوتیان، «ئەو هیچ ناکات!
بەڵامان بەسەرنایەت،
شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
13 پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با،
وشەکە لەواندا نییە،
ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
14 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد،
ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر،
ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
15 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان،
نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە،
نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن،
لە قسەکردنیان تێناگەن.
16 تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە،
هەموو پاڵەوانن.
17 دروێنە و نانت دەخوات،
کوڕ و کچت دەخوات،
مەڕ و مانگات دەخوات،
مێو و هەنجیرت دەخوات.
شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون،
بە شمشێر دەفەوتێنێت.»
18 یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم. 19 جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.[d]“
20 «ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و
با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
21 ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن،
ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن،
گوێتان هەیە و نابیستن:
22 ئایا لە من ناترسن؟»
هەروەها یەزدان دەفەرموێت:
«ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟
من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور،
بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت.
شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت،
هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
23 بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە،
لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
24 لە دڵی خۆیاندا ناڵێن،
”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،
ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی،
لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
25 تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد،
گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
26 «بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە،
وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن،
تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
27 وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار،
ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ،
لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
28 قەڵەو و تێر بوون.
هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن،
پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن،
بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
29 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30 «تۆقین و سەرسوڕماویێک
لە خاکەکەدا ڕوویدا:
31 پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن،
کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن،
گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە.
بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟
گەمارۆی ئۆرشەلیم
6 «ئەی نەوەی بنیامین،
لە ئۆرشەلیمەوە هەڵبێن!
لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
لەسەر بێتهاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
2 من سییۆنی کچ[e] لەناو دەبەم،
کچە جوان و نازدارەکە.
3 شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە[f] بۆ لای ئەو دێن،
ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»
4 «جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
5 کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
قەڵاکانی وێران بکەین!»
6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«دار ببڕنەوە و
مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
7 وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
8 ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»
10 بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
کێ گوێم لێ دەگرێت؟
ئەوەتا گوێیان داخراوە
بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
دڵیان پێی خۆش نییە.
11 لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.
«تووڕەییەکەی بەسەر منداڵی کۆڵانەکانیدا بڕێژە،
بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
12 ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
درێژ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
هەموویان پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
هەموو ساختە دەکەن.
14 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
بەڵام ئاشتی نییە.
15 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
17 چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
18 لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
19 ئەی زەوی، گوێ بگرە:
ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
20 بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
21 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
23 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»
24 هەواڵی ئەوانمان بیست،
ورەمان ڕووخا،
تووشی تەنگانە بووین،
تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25 دەرمەچن بۆ کێڵگە!
بە ڕێگادا مەڕۆن!
چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
26 ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.
27 «ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
تاقییان بکەیتەوە.
28 هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
هەموو تێکدەرن.
29 مووشەی دێت مووشەدەمە[g]
بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
بەدکاران بێگەرد نابن.
30 پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.