Chronological
1 ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.
2 گوتی:
«یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت،
لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و
لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»
حوکم بەسەردادانی وڵاتانی دەوروبەر
3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،
4 ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل
قەڵاکانی بەنهەدەد دەخوات.
5 شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم،
فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم،
هەروەها گۆچان بەدەست لە بێتعەدەن.
گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
6 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و
بە ئەدۆمی فرۆشت،
7 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە،
قەڵاکانی دەخوات.
8 فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و
گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان.
دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن،
پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و
پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،
10 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور
قەڵاکانی دەخوات.»
11 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت،
بەبێ دەربڕینی بەزەیی.
هەروەها چونکە تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو،
قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،
12 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان،
قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»
13 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی،
بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،
14 ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم
قەڵاکانی دەخوات،
بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا،
بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.
15 پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت،
ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند
هەتا ئەوەی بووە گەچ،
2 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب،
قەڵاکانی قەریۆت دەخوات.
مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت،
لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.
3 فەرمانڕەوا لەناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و
هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی چونکە فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و
فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا،
چونکە درۆکانیان فریوی دان
ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن،
5 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا،
قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.»
حوکم بەسەردادانی ئیسرائیل
6 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن،
نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو.
7 سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن،
ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە.
پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن،
تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن.
8 لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە
لە پاڵ هەموو قوربانگایەک،
شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە
لەناو ماڵی خوداوەندیان.
9 «من بووم کە ئەمورییەکانم لەپێشیان لەناوبرد،
ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو،
وەک دار بەڕوو بەهێز بوون.
بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و
ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە.
10 من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان،
چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن،
بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمورییەکاندا بگرن.
11 «لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و
لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو[a].
ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو
فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن.
13 «ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم
وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت
لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان.
14 ئەوەی خێرایە هەڵنایەت،
بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و
پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات.
15 تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت،
ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و
ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات.
16 ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان
لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل
3 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:
2 «تەنها ئێوەم ناسی
لە هەموو خێڵەکانی زەوی،
لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،
لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»
3 ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،
بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
4 ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،
ئەگەر نێچیری نەبێت؟
ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،
بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
5 ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،
لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟
ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،
ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
6 ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،
ئایا گەل ناترسێت؟
ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،
ئایا یەزدان نەیکردووە؟
7 بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات
بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.
8 شێر نەڕاندی،
کێ ناترسێت؟
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟
9 بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،
ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.
14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
سزای قوربانگاکانی بێتئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
دەکەونە سەر زەوی.
15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
هەروەها کۆشکی هاوینەش،
کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نەگەڕانەوەی ئیسرائیل بۆ لای خودا
4 ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن،
ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ژنانەی ستەم لە هەژاران دەکەن، نەداران وردوخاش دەکەن و
بە مێردەکانیان دەڵێن، «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!» گوێتان لەم پەیامە بێت:
2 یەزدانی باڵادەست سوێندی بە پیرۆزی خۆی خوارد،
«بێگومان ڕۆژێک دێت،
خۆتان بە قولاپ دەگیرێن و
دوا کەسیشتان بە قولاپی ماسی.
3 هەریەکە و لەپێش خۆیەوە
بەناو کەلێنی دیوارێکدا دەبردرێن و
فڕێدەدرێنە هەرمۆن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 «وەرن بۆ بێتئێل و یاخی ببن،
لە گلگال یاخیبوون زۆر بکەن.
هەموو بەیانییەک قوربانییەکانتان بهێنن،
هەر سێ ڕۆژ جارێک دەیەکەکانتان.
5 ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە هەویرترشەوە[b] قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن،
بانگەواز بۆ بەخشینی ئازاد بکەن و ڕایبگەیەنن،
چونکە واتان پێ خۆش بوو.»
ئەوە فەرموودەی یەزدانی باڵادەستە.
6 «هەروەها منیش لە هەموو شارۆچکەکانتان سک بەتاڵی و
لە هەموو شوێنەکانتان کەمی نانم پێدان،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 «هەروەها بارانم لێ گرتنەوە
هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنە.
بارانم بەسەر شارۆچکەیەکدا باراند و
بەسەر شارۆچکەیەکی دیکەدا نەمباراند.
بەسەر کێڵگەیەکدا باری و
ئەو کێڵگەش کە بەسەریدا نەباری وشک بوو.
8 خەڵکی دوو سێ شارۆچکە بۆ ئاو خواردنەوە چوونە شارۆچکەیەکی دیکە،
تینووێتییان نەشکا،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 «زۆر جار باخ و ڕەزەمێوی ئێوەم هەڵپڕووکاندووە،
بە بای گەرمەسێر و کەڕوو.
کوللە دار هەنجیر و دار زەیتوونیان خواردووە،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕاونەتەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 «دەردم ناردە سەر ئێوە،
وەک ئەوەی ناردبوومە سەر میسر.
بە شمشێر لاوەکانی ئێوەم کوشت،
لەگەڵ ئەسپە ڕاپێچکراوەکان،
وام کرد بۆنی بۆگەنی تەرمەکانی ناو ئۆردوگاکەتان بکەن،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 «هەندێکتانم هەڵگەڕاندەوە،
وەک چۆن سەدۆم و عەمۆرام هەڵگەڕاندەوە،
وەک پارچە دارێکی گڕگرتووتان لێهات کە لەناو ئاگرەوە دەرهێنرابێت،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «ئەی ئیسرائیل، ئاوات پێ دەکەم،
ئەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئەمەت پێ دەکەم،
ئامادەبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خوداکەت.»
13 شێوەداڕێژی چیاکان و
بەدیهێنەری با،
ئەوەی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت بیرکردنەوەی چییە،
ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی،
بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات،
ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.
لاوانەوە و بانگەوازی تۆبەکردن
5 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:
2 «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت،
جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە،
فڕێدرایە سەر خاکەکەی،
کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»
3 سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت:
«ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت،
سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە،
ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت،
دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»
4 لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت:
«بەدوای مندا بگەڕێن و بژین،
5 بەدوای بێتئێلدا مەگەڕێن و
مەچن بۆ گلگال و
بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە،
چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و
بێتئێل دەبێتە نەبوو[c].»
6 ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین،
ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف،
ئاگرەکەش دانیشتووانی بێتئێل دەخوات و
کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.
7 ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت،
ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!
8 ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە،
سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و
ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات،
ئاوی دەریا بانگ دەکات و
بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت،
ناوی یەزدانە،
9 ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و
وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.
10 ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و
قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.
11 لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و
بەشە گەنمی لێ دەستێنن،
ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە،
تێیاندا دانانیشن،
ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە،
لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
12 چونکە دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن،
گوناهەکانتان گەورەن.
ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران،
مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.
13 لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت،
چونکە کاتێکی خراپە.
14 دوای چاکە بکەون نەک خراپە،
بۆ ئەوەی بژین،
جا وادەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت،
وەک خۆتان گوتتان.
15 ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت،
دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن،
ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.
16 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت:
«لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و
لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“
جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و
ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.
17 لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت،
چونکە بەناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ڕۆژی یەزدان
18 قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی
ڕۆژی یەزدانن![d]
بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟
ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.
19 وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و
تووشی ورچێک بێت،
یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و
مار پێوەی بدات.
20 ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟
ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟
21 «ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە،
چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.
22 چونکە ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و
پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم،
ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی[e] نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.
23 ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە!
گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.
24 لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و
ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.
25 «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
26 بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان،
بنکەی بتەکانتان هەڵگرت،
پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان[f]، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان،
کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»
27 لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت:
«من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.