Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئاشکراکردن 17-19

بابل دایکی داوێنپیسانە

17 ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ئاوە زۆرەکان دانیشتووە. ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»

پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی، بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو، دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو. ژنەکە ئەرخەوانی و قرمزی پۆشرا بوو، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابووەوە، جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو:

«بابلی گەورە،
دایکی لەشفرۆشان و
قێزەونانی زەوی.»

هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.

فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەی هەڵیگرتووە پێت دەڵێم کە حەوت سەر و دە شاخی هەیە. ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.

«ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن[a] کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە، 10 حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە. 11 ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات. 12 ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن. 13 ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە. 14 ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»

15 ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن. 16 دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 17 چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان بە مەبەستی بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی. 18 ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»

کەوتنی بابل

18 پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:

«کەوت! بابلی گەورە کەوت!
    بووە جێنشینی جنۆکەکان و
پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،
    پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،
    پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.
لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان
    لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.
پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،
    بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»

گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:

«ئەی گەلی من لێی دەربچن،
    تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،
    تاکو دەردەکانی نەگرن.
چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و
    خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.
سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و
    بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،
    لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.
هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،
    ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،
    هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“
لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،
    مردن و شیوەن و قاتوقڕی.
بە ئاگریش دەسووتێت،
    خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.

«پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 10 لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:

«”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر!
    ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!
    چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“

11 «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 12 شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 13 دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان[b]، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»

14 دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 15 بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 16 دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە،
    کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،
    بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!
17 چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“

«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. 18 کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ 19 خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە!
    ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!
لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!

20 «”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!
    چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»

21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:

«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،
    هەرگیز نادۆزرێتەوە.
22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا
    تێیدا نابیسترێت.
هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،
    دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،
    ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.
بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و
    هەموو نەتەوەکان بە جادووگەری تۆ گومڕابوون.
24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و
    هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

هەلیلویا! حوکمڕانی بۆ یەزدان

19 پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت:

«هەلیلویا!
ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە،
    چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن.
لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد
    کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد.
    تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.»

دووبارە گوتیانەوە:

«هەلیلویا!
دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»

بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد، گوتیان:

«ئامین. هەلیلویا!»

دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات، گوتی:

«ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی،
    ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.»

پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت:

«هەلیلویا!
    خودای پەروەردگارمان هەرە بە توانایە، حوکومڕانی دەکات.
با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین،
    چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و
بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە.
    کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.»

ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە.

پێی گوتم: «بنووسە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»

10 کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»

سواری ئەسپێکی سپی

11 پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت. 12 چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوەبوو، ناوێکی نووسراوی هەیە، خۆی نەبێت کەس نایزانێت. 13 کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی[c] لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. 14 لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو. 15 لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. [بە گۆچانێکی ئاسنین شوانەتییان دەکات.][d] گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بە توانا دەگوشێت. 16 ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە:

«پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»

17 فریشتەیەکی دیکەم بینی لەبەر خۆردا ڕاوەستابوو، بە دەنگێکی بەرز هاواری لە هەموو باڵندە فڕیوەکانی ناوەڕاستی ئاسمان کرد و گوتی: «وەرن کۆببنەوە، بۆ شێوی گەورە کە هی خودایە، 18 تاکو گۆشتی پاشاکان و گۆشتی سوپاسالارەکان و گۆشتی بەهێزان، گۆشتی ئەسپەکان و سوارەکانیان، گۆشتی هەمووان، ئازاد و کۆیلە، گەورە و بچووک بخۆن.»

19 هەروەها دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و لەشکرەکانیانم بینی کۆببوونەوە، تاکو لە دژی سوارەکە و سوپاکەی بجەنگن. 20 دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی یاوەری دەستگیر کران، ئەوەی نیشانەی لە پێناوی کرد و بەهۆیەوە ئەوانەی چەواشە کرد کە نیشانەی دڕندەکەیان وەرگرت و ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی برد. هەردووکیان بە زیندوویی فڕێدرانە دەریاچەی ئاگر، کە بە گۆگرد داگیرساوە. 21 پاشماوەکە بە شمشێری سوارەکە کوژران کە لە دەمیەوە دەردەچوو، هەموو باڵندەکان لە گۆشتەکانیان تێربوون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.