Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئاشکراکردن 13-16

13 ئەژدیهاکەش لەسەر لمی دەریا ڕاوەستا.

دەرکەوتنی دڕندەیەک لە دەریا

ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە شاخ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر شاخەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کفرکردن هەبوو. ئەو دڕندەیەی بینیم لە پڵنگ دەچوو، پێی وەک ورچ و دەمی وەک دەمی شێر بوو. ئەژدیهاکەش توانا و تەختی خۆی و دەسەڵاتێکی گەورەی دایە دڕندەکە. سەرێک لە سەرەکانی دڕندەکە وەک بۆ مردن سەربڕابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. هەموو زەویش بە سەرسامییەوە بەدوای دڕندەکە کەوتن، کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»

دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت. ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا. ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا. هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە.

ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت.

10 ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت،
    ڕاپێچ دەکرێت.
ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت،
    بە شمشێر دەکوژرێت[a].

ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە.

دەرکەوتنی دڕندەیەک لە زەوی

11 دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا. 12 بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەم بۆ ئەو پەیڕەو دەکات، وا لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکات کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. 13 نیشانەی گەورە دەکات، تەنانەت وا دەکات لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی. 14 هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی دراوە لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا کرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە. 15 هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن. 16 وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت، 17 تاکو کەس نەتوانێت بکڕێت یان بفرۆشێت، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی.

18 ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکدبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە[b].

بەرخەکە و گۆرانی جەماوەر

14 پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی ئەویان لەسەر ناوچەوانیان[c] نووسرابوو. لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگە کە گوێم لێ بوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن. لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکن، ئەوانە بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە. درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، گلەییان لەسەر نییە.

سێ فریشتەکە

ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لەناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»

فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»

فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «ئەوەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر دەستی یان نێوچەوانی وەربگرێت، 10 ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. 11 دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»

12 ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.

13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»

ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»

دروێنەی زەوی

14 پاشان تەماشام کرد، ئەوەتا هەورێکی سپی و لەسەر هەورەکە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ[d] دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر بوو و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو. 15 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.» 16 جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.

17 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی لە ئاسمانە دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو. 18 فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە دەرچوو و دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.» 19 فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا. 20 گوشەرەکە[e] لە دەرەوەی شار گوشرا، تاکو بەرزی لغاوی ئەسپ، هەزار و شەش سەد ستادیا[f] خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.

گۆرانی موسا

15 پاشان نیشانەیەکی دیکەم لە ئاسماندا بینی، گەورە و سەیر: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.

پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی، دەیانگوت:

«ئەی یەزدان، خودای هەرە بە توانا،
    کارەکانت گەورە و سەیرە!
ئەی پاشای نەتەوەکان،
    ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و
    ناوت شکۆدار ناکات؟
چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.
هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،
    چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»

پاش ئەوە سەیرم کرد، پەرستگاکە لە ئاسماندا کرایەوە کە چادری پەرستنە، چادری پەیمانە. حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو، کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشی بوو، چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو. یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە. پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵ بە شکۆی و هێزی خودا و کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە، هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون.

حەوت جامی تووڕەیی خودا

16 ئینجا لە پەرستگاکەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو بە حەوت فریشتەکەی دەفەرموو: «بڕۆن حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بەسەر زەویدا بڕێژن.» فریشتەی یەکەم چوو و جامەکەی خۆی بەسەر زەویدا ڕژاند، جا دومەڵی پیس و ئازاربەخش لەوانە دەرکەوت کە نیشانەی دڕندەکەیان هەڵگرتبوو و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو.

فریشتەی دووەمیش جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر دەریا و وەک خوێنی مردووی لێهات، هەموو زیندەوەرێکی ناو دەریا مردن.

فریشتەی سێیەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر ڕووبار و کانیاوەکان، بووە خوێن. گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو دەیگوت:

«تۆ دادپەروەریت، ئەی ئەوەی هەیە و هەبووە، پیرۆزەکە،
    چونکە ئاوا حوکمت داوە،
چونکە ئەوانە خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی تۆیان ڕشتووە،
    تۆش خوێنت پێدان بیخۆنەوە، چونکە شایانی ئەوەن.»

گوێم لە قوربانگاکە بوو دەیگوت:

«بەڵێ ئەی خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
    حوکمەکانت ڕاست و دادپەروەرن.»

فریشتەی چوارەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر خۆر و پێی درابوو خەڵکی بە ئاگر بسووتێنێت. خەڵک بە گەرمایەکی گەورە سووتان، کفریان بە ناوی خودا کرد، ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەم دەردانەدا هەیە، بەڵکو تۆبەیان نەکرد تاکو شکۆداری بکەن.

10 فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕژاندە سەر تەختی دڕندەکە، شانشینەکەی تاریک بوو، خەڵکی شانشینەکە لەتاو ئازار زمانی خۆیان دەگەست. 11 لەتاو ئازار و برینیان کفریان بە خودای ئاسمان کرد بەڵام تۆبەیان لە کردەوەکانیان نەکرد.

12 فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕژاندە سەر ڕووباری گەورەی فورات، ئیتر ئاوەکە وشکی کرد، تاکو ڕێگای پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بکات. 13 ئینجا سێ ڕۆحی پیسی وەک بۆقم بینی لە دەمی ئەژدیهاکە و دەمی دڕندەکە و دەمی پێغەمبەرە درۆزنەکە دەهاتنە دەرەوە. 14 ئەوانە ڕۆحی شەیتانین کە پەرجوو دەکەن، دەچنە لای پاشاکانی هەموو جیهان، تاکو لەو ڕۆژە گەورەیەی خودای هەرە بە توانادا بۆ جەنگ کۆیان بکەنەوە.

15 مەسیح دەفەرموێ: «ئەوەتا وەک دزێک دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی ئێشک دەگرێت و جلوبەرگەکانی دەپارێزێت، نەوەک ئابڕووی ببینرێت و بە ڕووتی بڕوات.»[g]

16 پاشان ڕۆحەکان لە شوێنێکدا کۆی کردنەوە کە بە عیبری پێی دەگوترێ «هارمەگیدۆن[h]».

17 فریشتەی حەوتەم جامەکەی خۆی بە هەوادا ڕژاند، دەنگێکی بەرز لە پەرستگاکە و لە تەختەکەوە هات، گوتی: «هاتە دی!» 18 پاشان هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە پەیدابوو، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا، تەنانەت لەو کاتەوەی خەڵک لەسەر زەوین شتی وا ڕووی نەداوە، بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو. 19 شارە گەورەکە بووە سێ بەش، شارەکانی نەتەوەکانیش کەوتن. خوداش بابلی گەورەی بەبیر هاتەوە تاکو جامی شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خۆی بداتێ. 20 هەموو دوورگەکان ڕایانکرد و چیاکان نەدۆزرانەوە. 21 تەرزەیەکی گەورە کە قورساییەکەی یەک تالنت‏[i] دەبوو لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکیدا باری، لەتاو لێدانی تەرزەکە کفریان بە خودا کرد، چونکە لێدانەکەی زۆر گەورە بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.