Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم یۆحەنا

لە پیرەکەوە[a]،

بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:

با نیعمەت[b] و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە لەگەڵ بێت.

ڕاستی و خۆشەویستی

زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم، با یەکتریمان خۆشبوێ. خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەمەیە، کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.

ئاگاداری گومڕاییکاران بن

چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەمانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەستبدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. 10 ئەگەر یەکێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان وەریمەگرنەوە و سڵاوی لێ مەکەن، 11 چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.

کۆتایی

12 زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.

13 منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت[c] سڵاوت لێدەکەن.

سێیەم یۆحەنا

هەڵسوکەوت لە ڕاستی

لە پیرەکەوە[a]،

بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.

ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە. زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا، هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت. خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.

خۆشەویست، تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت، بە تایبەتی بۆ نامۆکان. ئەوانەی لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستی تۆ داوە، ئەوانەی باش دەکەیت کە بەو شێوەیە بە شایستەیی خودا بەڕێیان دەکەیت، چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوون و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە. بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.

بۆ کڵێسام نووسیوە، بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم، پێشوازیمان ناکات. 10 بۆیە ئەگەر هاتم، کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی. هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات، ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.

دوای خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە

11 خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە. ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە، ئەوەش خراپە بکات، خودای نەبینیوە[b]. 12 دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە. ئێمەش شایەتی دەدەین، ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە. 13 زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت. 14 بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.

15 سڵاوت لێ بێت. برادەران سڵاوت لێدەکەن. بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.

یەهوزا

لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب،

بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:

بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستی بۆتان زیاد بێت.

تێکۆشان لە پێناوی ڕاستی ئینجیل

خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی[a] کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا. لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی[b] خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و خاوەن شکۆمانە.

سزای مامۆستا درۆزنەکان

بەڵام دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە خۆتان دەیزانن، یەزدان کە گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی باوەڕیان نەهێنا لەناوی بردن. هەروەها ئەو فریشتانەی پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.

خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە شکۆداران[c] دەکەن. بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!» 10 کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە نایزانن. ئەوەی بە سروشتیش دەیزانن، وەک ئاژەڵی بەستەزمان، لەمانەدا تێکی دەدەن.

11 قوڕبەسەریان! چونکە ڕێگای قایینیان گرتووە، بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە[d]، لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح[e] لەناوچوون.

12 ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. 13 ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە هەتاهەتایە ڕەشایی تاریکییان بۆ هەڵگیراوە.

14 حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت، 15 تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.» 16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.

خۆتان بنیاد بنێن

17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.

20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. 23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.

ستایشی خودا

24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ گلەیی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت، 25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.