Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم سالۆنیکی 1-3

لە پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە،

بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان لەگەڵ خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:

با نیعمەت[b] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

سوپاس و نوێژکردن

خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەموو بۆ یەکتری زیاد دەکات، بۆیە ئێمە بە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بۆ دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لە هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییەک کە بەرگەی دەگرن.

ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەلای خودا دادپەروەرانەیە ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن سزایان بە تەنگانە بداتەوە، ئێوە کە لەنێو تەنگانەن لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت، لە کاتی ئاشکراکردنی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانی لە گڕی ئاگر. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، 10 کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت[c] و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.

11 هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی بە باوەڕەوە دەکرێت بە هێزەوە تەواوی بکات، 12 تاکو ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.

مرۆڤی سەرپێچی

ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە. بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ چونکە ئەو ڕۆژە نایێت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە[d] نەیێت و مرۆڤی سەرپێچی[e] دەرنەکەوێت، کوڕی وێران[f]، ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و خۆی بە خودا دەردەخات.

ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟ ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت. نهێنی سەرپێچی ئێستا کار دەکات، تەنها تاکو بەربەست لەنێواندا لادەچێت[g]. ئەوسا سەرپێچیکار[h] ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت. هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەیری درۆیین بەکاردەهێنێت، 10 هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات. 11 لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت، تاکو باوەڕ بە درۆ بکەن، 12 تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.

13 بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە بۆ ڕزگاری بە پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕکردنی ڕاستی. 14 بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 15 کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.

16 با عیسای مەسیحی گەورەمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، 17 ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.

داوای نوێژکردن

لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن، تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت، هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا، هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات، چونکە هەمووان باوەڕیان نییە. بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە، ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت. بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری. با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.

ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان

ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان ڕاتاندەسپێرین، لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو نەریتە نییە کە لە ئێمە وەریگرتووە. ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین، بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان[i] نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە. 10 تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی حەز نەکات کار بکات، با نەخوات.»

11 ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆیان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن. 12 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن. 13 خوشک و برایان، ئێوەش واز لە چاکەکاری مەهێنن و بەردەوام بن.

14 ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە، دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت. 15 بە دوژمنی دامەنێن، بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.

سڵاوی کۆتایی

16 با مەسیحی خاوەن ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.

17 من پۆڵسم و بە دەستخەتی خۆم ئەم سڵاوە دەنووسم. ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە، من بەم شێوەیە نامە دەنووسم. 18 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.