Beginning
مردنی لەعازر
11 پیاوێک بە ناوی لەعازر نەخۆش بوو کە خەڵکی بێتعەنیا بوو، هەمان گوندەکەی مریەم و مەرسای خوشکی[a]. 2 ئەم مریەمە ئەوە بوو کە مەسیحی خاوەن شکۆی بە بۆن چەورکرد، بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، لەعازری نەخۆشیش برای بوو. 3 خوشکەکان هەواڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا ئەوەی خۆشتدەوێ نەخۆشە.»
4 کاتێک عیسا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بۆ مردن نییە، بەڵکو بۆ شکۆداری خودایە، تاکو بەهۆیەوە کوڕی خودا شکۆدار بێت.» 5 لەگەڵ ئەوەی عیسا مەرسا و خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست، 6 بەڵام کاتێک بیستی نەخۆشە، لەو شوێنەی لێی بوو دوو ڕۆژ مایەوە.
7 دوای ئەمە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بچینەوە یەهودیا.»
8 قوتابییەکان پێیان گوت: «ڕابی، تۆزێک لەمەوبەر جولەکەکانی ئەوێ دەیانویست بەردبارانت بکەن، دیسان دەچیتەوە ئەوێ؟»
9 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نییە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت، چونکە ڕووناکی ئەم جیهانە دەبینێت. 10 بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵدەکەوێت، چونکە ڕووناکی تێدا نییە.»
11 ئەمانەی فەرموو، پاشان پێی فەرموون: «لەعازری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو بەخەبەری بهێنمەوە.»
12 ئینجا قوتابییەکان پێیان گوت: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، چاکدەبێتەوە.» 13 عیسا باسی مردنی ئەوی کرد، بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات.
14 عیساش بە ئاشکرا پێی فەرموون: «لەعازر مردووە. 15 لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن، با بڕۆین بۆ لای.»
16 تۆماسیش کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو لەگەڵ ئەودا بمرین.»
منم هەستانەوە و ژیان
17 کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. 18 بێتعەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ[b] لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. 19 ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20 کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە.
21 ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22 ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.»
23 عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.»
24 مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دوایی هەڵدەستێتەوە.»
25 عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26 هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»
27 پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»
گریانی عیسا
28 پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» 29 ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. 30 عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. 31 ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت.
32 کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.»
33 عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، 34 لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.»
35 جا عیسا گریا.
36 لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»
37 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟»
زیندووکردنەوەی لەعازر
38 دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. 39 عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.»
مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.»
40 عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟»
41 ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. 42 دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.»
43 کە ئەمەی گوت بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» 44 ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو.
عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.»
پلانێک بۆ کوشتنی عیسا
45 لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. 46 بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن. 47 لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان سەنهەدرینیان[c] کۆکردەوە.
گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. 48 ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.»
49 یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆک کاهین بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن، 50 تێناگەن، باشترە بۆتان کە پیاوێک لە جیاتی گەل[d] بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.»
51 ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆک کاهین بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا خەریکە لە جیاتی گەل دەمرێت، 52 نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە. 53 ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت.
54 لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە.
55 لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە[e]. 56 جا داوای عیسایان دەکرد، لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟» 57 کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر یەکێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.
چەورکردنی عیسا بۆ مردن
12 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێتعەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 2 لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. 3 مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێی عیسای چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.
4 یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: 5 «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» 6 ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژاران دەخوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، هەرچی تێدا دابنرابووایە دەیبرد.
7 عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، 8 چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»
9 کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10 ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، 11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.
کەژاوەی پاشایانە
12 بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. 13 لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد:
«پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!»
14 عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:
16 سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا[j]، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراوە، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کرد.
17 هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. 18 لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. 19 فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن ئێوە هیچتان لە دەست نایەت؟ ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»
مردن دەرگایە بۆ ژیان
20 هەندێک یۆنانی[k] لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن، 21 ئەمان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێتسەیدای جەلیل، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» 22 فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.
23 عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. 25 ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتاییە ژیانی دەپارێزێت. 26 ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»
عیسا باسی مردنی خۆی دەکات
27 «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە[l] ڕزگارم بکە“؟ نەخێر بەڵام من بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28 ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»
جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» 29 ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو، گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»
30 عیسا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31 ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. 32 کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» 33 ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.
34 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»
35 عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. 36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.
37 هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38 تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:
[ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟
هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟][m]
39 لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:
40 [چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،
بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.][n]
41 ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.
42 هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، 43 چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.
ڕووناکی باوەڕ
44 عیساش هاواری کرد و فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45 ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. 46 من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
47 «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. 48 ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. 49 من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکە کە ناردوومی ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. 50 دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە، جا هەرچی دەیڵێم، چۆن باوک پێی فەرمووم ئاوا دەڵێم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.