Beginning
عیسا دەبێتە میوانی زەکا
19 ئینجا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. 2 لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. 3 دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. 4 ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
5 کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» 6 جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
7 هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
8 بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»
9 عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 10 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا[a] بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
نموونەی دە مەناکە
11 کاتێک گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو، وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە ئێستا دەردەکەوێت. 12 ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 13 دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی[b] پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.
14 «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“
15 «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.
16 «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“
17 «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“
18 «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“
19 «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“
20 «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 21 لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی سەختیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“
22 «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی کابرایەکی توندم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23 ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ قازانجەکەی وەرمدەگرتەوە؟“
24 «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“
25 «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“
26 «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 27 دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»
کەژاوەی پاشایانە
28 دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت. 29 کاتێک لە گوندی بێتفاجی و بێتعەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و 30 فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 31 ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»
32 دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان. 33 کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»
34 گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»
35 ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد. 36 کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.
37 لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، هەموو کۆمەڵی قوتابییەکان دەستیان پێکرد بە شادی و بە دەنگی بەرز ستایشی خودا بکەن، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:
38 «[پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][c]»
«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»
39 هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»
40 وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»
گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم
41 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 42 فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 43 ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 44 خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی بەسەرکردنەوەت[d] نەزانی.»
عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە
45 کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 46 پێی فەرموون: «نووسراوە: [ماڵەکەم ماڵی نوێژە،][e] کەچی ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!][f]»
47 ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا بیکوژن. 48 بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل پەیوەستی گوێ لێگرتنی بوون.
دەسەڵاتی عیسا
20 ڕۆژێکیان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد و مزگێنیی دەدا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لەگەڵ پیران هاتنە لای، 2 پێیان گوت: «پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
3 وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم. پێم بڵێن: 4 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»
5 لەناو خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 6 بەڵام ئەگەر بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ هەموو خەڵکەکە بەردبارانمان دەکەن، چونکە دڵنیان کە یەحیا پێغەمبەرە.»
7 وەڵامیان دایەوە کە نازانن لەکوێوەیە.
8 عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
نموونەی ڕەزەوانەکان
9 ئینجا دەستیکرد بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ خەڵکەکە: «کابرایەک ڕەزێکی چاند و بە ڕەزەوانانی سپارد، ماوەیەکی زۆر سەفەری کرد. 10 لەوەرزی بەروبووم کۆکردنەوەدا کۆیلەیەکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو لە بەرهەمی ڕەزەکەی بدەنێ، بەڵام ڕەزەوانەکان لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. 11 کۆیلەیەکی دیکەشی نارد، بەڵام لەمەشیان دا و سووکایەتییان پێکرد و بە دەستبەتاڵی ناردییانەوە. 12 سێیەمیشی نارد، ئەمەیان بریندار کرد و دەریانکرد.
13 «خاوەن ڕەزەکە گوتی: ”چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، لەوانەیە ڕێزی بگرن.“
14 «بەڵام کە ڕەزەوانەکان بینییان، تەگبیریان لەگەڵ یەکتری کرد و گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ 15 ئینجا بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
«ئیتر دەبێت خاوەنی ڕەزەکە چییان لێ بکات؟ 16 دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.»
کاتێک گوێیان لێبوو گوتیان: «خودا نەکات!»
17 ئەویش سەیری کردن و فەرمووی: «کەواتە ئەمەی نووسراوە چییە:
18 ئەوەی بەسەر بەردەکەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاش دەبێت.»
19 مامۆستایانی تەورات و کاهینانی باڵا هەوڵیان دا لەو کاتە بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە زانییان لەو نموونەیە مەبەستی ئەوان بوو.
سەرانەدان بە قەیسەر
20 ئینجا چاودێری عیسایان کرد و سیخوڕیان نارد کە خۆیان بە ڕاستودروست دەردەخست، تاکو بە قسەی خۆی تووشی بکەن و بیدەنە دەست حوکم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا. 21 پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، دەزانین لە قسەکردن و فێرکرنتدا ڕاستی، لایەنگری کەسیش ناکەیت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت. 22 بۆ ئێمە دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»
23 بە فێڵەکەیانی زانی و پێی فەرموون: 24 «دینارێکم نیشان بدەن. ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»
گوتیان: «هی قەیسەرە.»
25 ئەویش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»
26 نەیانتوانی لەبەردەم خەڵکدا بە قسەکەی تووشی بکەن، سەرسامیش بوون لە وەڵامەکەی و بێدەنگ بوون.
زیندووبوونەوە
27 هەندێک سەدوقی[i] هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی: 28 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 29 ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 30 دووەمیش و 31 سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن. 32 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 33 ئایا لە هەستانەوەدا ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
34 عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن، 35 بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. 36 هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن. 37 تەنانەت موساش لە چیڕۆکی دەوەنەکە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە [خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.][j] 38 ئەویش خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.»
39 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.» 40 ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
عیسا و داود
41 عیسا پێی فەرموون: «باشە چۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داودە؟ 42 داود خۆی لە پەڕتووکی زەبووردا دەڵێت:
«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
43 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“][k]
44 ئەوەتا داود پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
ئاگادارکردنەوە
45 کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو: 46 «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 47 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.