Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەرقۆس 12-13

نموونەی ڕەزەوانە کرێگرتەکان

12 دەستی پێکرد بە نموونە قسەیان بۆ بکات: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، دەوروپشتەکەی پەرژین کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ ناردن، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.

«یەکێکی مابوو، کوڕە خۆشەویستەکەی، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

«بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.

«خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە. 10 ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە:

«[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
11 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە][b]؟»

12 کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.

سەرانەدان بە قەیسەر

13 کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان[c] ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن. 14 هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕووی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟»

15 بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.» 16 هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.»

17 عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئینجا لێی سەرسام بوون.

زیندووبوونەوەی مردووان

18 سەدوقییەکان[d]، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: 19 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین[e]، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 20 حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 21 دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. 22 هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 23 لە هەستانەوەدا، ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»

24 عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە هێزی خودا؟ 25 کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 26 بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم]؟[f] 27 ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»

گەورەترین ڕاسپاردە

28 یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان دەکرد، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»

29 عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: [ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، 30 جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][g] 31 لەدوای ئەویش ئەمەیە، [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،][h] هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»

32 مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33 خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیک وەک خۆت، لە هەموو قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان باشترە.»

34 عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.

مەسیح و داود

35 کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟ 36 داود خۆی بە ڕۆحی پیرۆزەوە گوتی:

«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
    ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
    هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][i]

37 داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.

38 لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، 39 لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 40 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

بەخشینی بێوەژن

41 عیسا بەرامبەر گەنجینە دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا. 42 بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە[j].

43 قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە، 44 چونکە هەموو لە زیادەی خۆیان بەخشیان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

13 کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»

عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی: «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ و نیشانە چییە کە خەریکە هەموو ئەمانە تەواو بن؟»

عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات. زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات، هەروەها قاتوقڕی، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە.

«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەتاندەنە دادگا و کەنیشتەکان، جا لێتان دەدرێت و لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشاکان لە پێناوی من ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆیان. 10 هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. 11 کاتێکیش دەتانبەن بۆ ئەوەی بەدەستەوەتان بدەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان دەدرێتێ بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.

12 «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی، منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 13 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

گەورەترین تەنگانە

14 «کاتێک [قێزەونی وێرانکەر][k] دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕابکەنە چیاکان، 15 ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەکەی هەڵبگرێت، 16 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 17 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 18 نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت، 19 چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات، لە سەرەتای بەدیهێنراوانەوە کە خودا بەدیهێنان، هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

20 «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی[l] کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە. 21 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 22 چونکە مەسیحە درۆزنەکان و پێغەمبەرانی درۆزن[m] دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن. 23 بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

هاتنەوەی عیسا

24 «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە،

«[خۆر تاریک دەبێت و
    مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
25 ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
    تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][n]

26 «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.[o] 27 ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە[p] کۆدەکاتەوە، لەم پەڕی زەوییەوە هەتا ئەو پەڕی ئاسمان.

28 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 29 ئێوەش، کاتێک دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. 30 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 31 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

کەس ئەو کاتە نازانێت

32 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت. 33 کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت. 34 وەک پیاوێک گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.

35 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی. 36 نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون. 37 جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.