Beginning
دەرکەوتنی یەحیای کوڕی زەکەریا
1 سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.
2 لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:
[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،][a]
3 [کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][b]
4 یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[c] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. 5 خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای یەحیا، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لە ڕووباری ئوردون لەلایەن ئەوەوە لە ئاو هەڵدەکێشران. 6 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێوی دەخوارد. 7 ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەهێزترە کە تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. 8 من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[d].»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
9 لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات، کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا. 10 هەر کە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان شەقبوو، ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە. 11 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
12 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد. 13 چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو، شەیتان تاقی دەکردەوە، فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد.
هەڵبژاردنی قوتابییەکان
14 دوای دەستگیرکردنی یەحیا، عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و 15 دەیفەرموو: «کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە. تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»
16 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 17 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[e].» 18 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
19 ئینجا کەمێک دوورکەوتەوە، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی، لەناو بەلەمدا تۆڕەکەی خۆیان چاکدەکردەوە. 20 یەکسەر بانگی کردن، ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
21 ئینجا چوونە کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک. 22 خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات[f]. 23 لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد، 24 گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!»
25 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» 26 ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.
27 هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.» 28 یەکسەر ناوبانگی بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.
چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر
29 کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس. 30 خەسووی شیمۆن لەناو جێگا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد. 31 ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.
32 ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 33 هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە، 34 عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.
مزگێنیدان لە ناوچەی جەلیل
35 بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن. 36 شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان، 37 کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»
38 عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.» 39 ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لەناو کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.
چاککردنەوەی نەخۆشی گولی
40 پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو و لێی پاڕایەوە، چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
41 عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت. پاک بەرەوە!» 42 دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.
43 دوای ئەوەی کە عیسا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە، دەستبەجێ بەڕێی کرد، 44 پێی فەرموو: «ئاگاداربە، هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین[g] پیشان بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.» 45 بەڵام ئەو ڕۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەر ئەوە عیسا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناو شار، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندا بوو و خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.
چاککردنەوەی ئیفلیجێک
2 پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە ناو کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە. 2 خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو. ئەویش وشەی خودای بۆیان ڕاگەیاند. 3 لەو کاتەدا ئیفلیجێکیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. 4 بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.
5 کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.»
6 هەندێک مامۆستایانی تەورات لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا بیریان دەکردەوە: 7 «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
8 دەستبەجێ عیسا لە ناخی خۆیدا زانی لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ 9 کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بڵێی: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بڵێی: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟ 10 بەڵام تاکو بزانن، کوڕی مرۆڤ[h] لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: 11 «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 12 ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»
عیسا لێڤی بانگهێشت دەکات
13 دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش فێری دەکردن. 14 لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام کەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
15 کاتێک لە ماڵی ئەو دانیشتبوو زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون. 16 کاتێک مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
17 کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
دەربارەی ڕۆژوو
18 کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
19 عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن. 20 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
21 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەبێت. 22 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
گەورەی ڕۆژی شەممە
23 لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە. 24 فەریسییەکان پێیان گوت: «بڕوانە، بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟»
25 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟ 26 لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆک کاهین، داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[i] خوارد، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.»
27 ئینجا پێی فەرموون: «شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەوەک مرۆڤ بۆ شەممە. 28 کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە
3 دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو، 2 جا چاودێرییان دەکرد بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن. 3 عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.»
4 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ژیان بەخشین یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون.
5 بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە. 6 فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.
7 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە هەڵکشان، خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و یەهودیاوە دوای کەوتن، 8 هەروەها لە ئۆرشەلیم و لە ئادومیا و ئەوبەری ئوردون[j] و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای، خەڵکێکی زۆر هەموو ئەو شتانەیان بیستبوو کە دەیکرد. 9 ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر. 10 لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن. 11 ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» 12 ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان کە ئاشکرای نەکەن.
هەڵبژاردنی دوازدە نێردراوەکە
13 عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. 14 دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و 15 دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. 16 ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆنی ناونا پەترۆس، 17 یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتە کوڕانی هەورەتریشقە، 18 ئەندراوس و فیلیپۆس و بەرتۆلماوس و مەتا و تۆماس و یاقوبی حەلفی و تەداوس و شیمۆنی کانەوی[k] و 19 یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
عیسا و سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان
20 عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک نەیانتوانی نان بخۆن. 21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»
22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعلزەبول[l] دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
23 عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ 24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. 25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. 27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ کە دەیکات دەبەخشرێن، 29 بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» 30 ئەمەی گوت چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»
دایک و براکانی عیسا
31 دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا. 32 خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»
33 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»
34 چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن. 35 ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.