Beginning
سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
15 ئینجا فەریسی و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و گوتیان: 2 «بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»
3 ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچی لە ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟ 4 چونکە خودا فەرموویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][a]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][b] 5 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی گوت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘ 6 ئەو ئەرکەی ناخەنە سەر کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. 7 ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە و دەڵێت:
8 «[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
بەڵام دڵی لێم دوورە.
9 بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.]»[c]
ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات
10 عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن. 11 ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات.»
12 ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»
13 وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت. 14 وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»
15 پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»
16 عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17 نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک، دوایی فڕێدەدرێتە دەرەوە؟ 18 بەڵام ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دێت، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات، 19 چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن. 20 ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام خواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»
باوەڕی ژنێکی کەنعانی
21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»
23 بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»
24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»
25 بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»
26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»
28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.
ناندانی چوار هەزار کەس
29 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت. 30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31 تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.
32 ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»
33 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»
34 عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟»
گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچکۆلە.»
35 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. 36 حەوت نان و ماسییەکانی برد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە. 37 هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە. 38 نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ. 39 ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.
داواکردنی نیشانەی ئاسمانی
16 فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات.
2 وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە داهات، دەڵێن ”ساماڵە، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“ 3 سەر لە بەیانیش، ”ئەمڕۆ هەورە، ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و ڕووگرژە.“ ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە! 4 نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت.
5 کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. 6 عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»
7 لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «لەبەر ئەوەیە کە نانمان نەهێناوە.»
8 عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ 9 ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 10 یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 11 چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ لە هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان ئاگاداربن!» 12 ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.
پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت
13 کە عیسا گەیشتە ناوچەی قەیسەرییەی فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن کوڕی مرۆڤ کێیە؟»
14 گوتیان: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێشە، هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلیاسە، هەندێکیش یەرمیا یان یەکێک لە پێغەمبەران.»
15 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»
16 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحیت، کوڕی خودای زیندووی.»
17 عیساش وەڵامی دایەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، چونکە گۆشت و خوێن ئەمەیان بۆت ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ئەو باوکەم کە لە ئاسمانە. 18 منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی[d] و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی[e] خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ[f] پێی ناوێرێت.[g] 19 کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی گرێی بدەیت، لە ئاسماندا گرێدراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.» 20 ئینجا فەرمانی دایە قوتابییەکان بە کەس نەڵێن کە ئەو مەسیحە.
یەکەم باسی مردنی عیسا
21 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە ڕوونکردنەوە کرد بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.
22 پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی: «خودا نەکات گەورەم! هەرگیز ئەمەت بەسەرنەیەت!»
23 عیسا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆسی فەرموو: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»
خۆ ئامادەکردن بۆ مردن
24 ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 25 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، دەیدۆزێتەوە. 26 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 27 کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکییەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن تاکو کوڕی مرۆڤ نەبینن بە شانشینەکەیەوە دێتەوە.»
شێوە گۆڕانی عیسا
17 دوای شەش ڕۆژ عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای برد و بە تەنها بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕابەرایەتی کردن. 2 لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. 3 لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
4 ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز بکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
5 کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
6 کاتێک قوتابییەکان گوێیان لێبوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان. 7 بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!» 8 ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
10 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
11 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.» 13 ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و 15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە. 16 هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
17 جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ بیهێننە ئێرە بۆ لام.» 18 عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. ⌟ 21 بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.⌞»
دووەم باسی مردنی عیسا
22 کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و 23 دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» ئەوانیش زۆر دڵگران بوون.
باجی پەرستگا
24 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکە[h] هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاتان دوو درهەمەکە نادات؟»
25 گوتی: «بەڵێ.»
کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟»
26 پەترۆس گوتی: «لە بیانی.»
عیساش پێی فەرموو: «کەواتە ڕۆڵەکان ئازادن. 27 بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر[i] دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.