Beginning
بنەچەی عیسا
1 ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:
2 ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو،
ئیسحاق باوکی یاقوب بوو،
یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،
3 یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو، تامار دایکیان بوو،
پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،
حەسرۆن باوکی ڕام[a] بوو،
4 ڕام باوکی عەمیناداب بوو،
عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو،
نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،
5 سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو،
بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو،
عوبێد باوکی یەسا بوو،
6 یەسا باوکی داودی پاشا بوو.
داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی هی ئوریا[b] بوو،
7 سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو،
ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو،
ئەبیا باوکی ئاسا بوو،
8 ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو،
یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو،
یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،
9 عوزیا باوکی یۆتام بوو،
یۆتام باوکی ئاحاز بوو،
ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،
10 حەزقیا باوکی مەنەشە بوو،
مەنەشە باوکی ئامۆن بوو،
ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،
11 یۆشیا باوکی یەهۆیاکین[c] و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.
12 لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل،
یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو،
شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،
13 زروبابل باوکی ئەبیهود بوو،
ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو،
ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،
14 ئازور باوکی سادۆق بوو،
سادۆق باوکی ئەکیم بوو،
ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،
15 ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو،
ئەلعازار باوکی مەتان بوو،
مەتان باوکی یاقوب بوو،
16 یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح[d] ناودەبردرێت.
17 بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.
لەدایکبوونی عیسا
18 لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی لە یوسف مارەبڕاو بوو، پێش ئەوەی بیگوازێتەوە، دەرکەوت کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز سکی پڕبووە. 19 یوسفی دەستگیرانی کە پیاوچاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.
20 کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزەوەیە. 21 کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا[e]، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»
22 ئەمانە هەمووی ڕوویدا، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[f] فەرموویەتی بێتە دی: 23 [ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل.][g] واتە: خودا لەگەڵمانە.
24 کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە. 25 بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.
مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن
2 لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا[h]، لە سەردەمی شا هێرۆدس[i]، هەندێک مۆغ[j] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، 2 پرسییان: «کوا ئەوەی لەدایک بووە کە پاشای جولەکەیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
3 کاتێک شا هێرۆدس ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. 4 هەموو کاهینانی[k] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[l] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» 5 وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحم لە یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[m] ئاوای نووسیوە:
6 «[بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا،
کەمتر نیت لە فەرمانڕەواکانی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.][n]»
7 هێرۆدسیش بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. 8 ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
9 لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئەستێرەکەی لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت هەتا لەسەر ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو ڕاوەستا. 10 بە بینینی ئەستێرەکە زۆر شادمان بوون، 11 چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوین و کڕنۆشیان بۆ برد و گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[o] بە دیاری پێشکەش کرد. 12 ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
هەڵاتن بەرەو میسر
13 کە ڕۆیشتن، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و ڕاکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس خەریکە بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.» 14 ئەویش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت. 15 هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە[p] فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: [لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.][q]
16 کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خوارتر لە بێتلەحم و دەوروبەری کوشت. 17 ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
18 [دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل[r] بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.][s]
گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە
19 کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و 20 گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی بۆ ژیانی منداڵەکە دەگەڕان مردن.»
21 ئەویش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل. 22 بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل. 23 جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، هەتا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەران گوترابوو بێتە دی: [بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.]
حەزرەتی یەحیا
3 هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش[t] لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، 2 دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» 3 ئەمەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][u]
4 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 5 ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، 6 لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران و دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا.
7 کە بینی زۆر لە فەریسی[v] و سەدوقی[w] بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی[x] دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 9 پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
11 «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم پێڵاوەکانی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[y]. 12 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[z]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[aa] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
13 ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
15 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک[ab] تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.
16 کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»
تاقیکردنەوەی عیسا
4 پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. 2 دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو. 3 تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[ac]، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
4 بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.][ad]»
5 ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی[ae] پەرستگا ڕایگرت و 6 پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:
«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][af]»
7 عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][ag]»
8 دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و 9 پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][ah]»
11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.
مژدەبەخشین لە جەلیل
12 کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، خۆی گەیاندەوە جەلیل. 13 ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی[ai]، 14 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
15 [خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،
ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،
جەلیلی نەتەوەکان[aj]،
16 ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،
ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.][ak]
17 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە جاڕدان کرد و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
عیسا قوتابییەکانی هەڵدەبژێرێت
18 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترێ پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 19 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[al].» 20 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
21 کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاکدەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. 22 دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە
23 ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکان[am] خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی[an] پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی نێو خەڵک هەبوو، چاکی دەکردنەوە. 24 لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاکیکردنەوە. 25 جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە[ao] و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ئوردون دوای کەوتن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.