Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 36-41

سەنحێریب هەڕەشە لە ئۆرشەلیم دەکات

36 لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن. ئیتر پاشای ئاشور لە لاخیشەوە فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە بۆ حەزقیای پاشا نارد لە ئۆرشەلیم. کاتێک لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستا کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی[a] و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لای.

فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن:

«”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟ تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟ وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن. ئەگەر پێشم بڵێیت: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش دەبەن‘؟

«”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت! ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم بگەڕێنیتەوە، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟ 10 ئێستاش ئایا من بەبێ یەزدان هێرشم کردووەتە سەر ئەم خاکە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»

11 ئینجا ئەلیاقیم و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە.»

12 فەرماندەکەش گوتی: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووین هەتا ئەم قسانە بکەین؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووین، بۆ ئەوەی پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە لەگەڵتان؟»

13 ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور! 14 پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت ڕزگارتان بکات. 15 مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“

16 «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام، با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە. 17 هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو.

18 «با حەزقیا فریوتان نەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟ 19 کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟ 20 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»

21 بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»

22 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.

پێشبینی ڕزگاربوونی ئۆرشەلیم

37 کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، پێیان گوت: «حەزقیا وا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت. بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات، با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی خودات گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»

کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا. ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد. گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»

کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.

سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. گەڕایەوە و نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد، گوتی: 10 «بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“ 11 بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟ 12 ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟ 13 کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»

نوێژی حەزقیا

14 حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست. 15 حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: 16 «ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت[b]، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد. 17 ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە! ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە تەواوی پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.

18 «ڕاستە ئەی یەزدان، پاشاکانی ئاشور هەموو ئەو نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە. 19 خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون. 20 ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»

ڕووخاندنی پاشایەتی سەنحێریب

21 ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: چونکە نوێژت بۆ کردم سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور، 22 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی:

«سییۆنی کچە[c] پاکیزە[d]،
    بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات.
ئۆرشەلیمی کچ،
    کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.
23 سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟
    دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و
چاوەکانت بە فیزەوە [e] هەڵدەبڕیت؟
    لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!
24 لەسەر دەستی خزمەتکارەکانت
    سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد.
هەروەها دەڵێیت:
    ”بە زۆری گالیسکەکانمەوە
من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان،
    هەتا ئەوپەڕی لوبنان.
بەرزترین دار ئورز و
    باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە.
چوومە ناو دوورترین بەرزاییەکانی،
    ناو چڕی دارستانەکانی.
25 من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و
    ئاوم لێیان خواردەوە.
هەموو لقەکانی نیلم،
    بە بنی پێیەکانم کوێر کردەوە.“

26 «ئەی گوێت لێ نەبووە؟
    من لەمێژە دیاریم کردووە،
لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە،
    ئێستاش دەیهێنمە دی،
کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت،
    هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.
27 دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن،
    ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون،
بوونە گیای کێڵگە،
    ڕووەکی سەوز،
گژوگیای سەربان،
    هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.

28 «بەڵام من هەستان و دانیشتنت و
    کاتی هاتوچۆکەت دەزانم،
    هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.
29 لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت
    گەیشتنە گوێم،
قولاپەکەم دەخەمە لووتت و
    لغاوەکەم لە لێوەکانت و
بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە
    کە لێوەی هاتوویت.

30 «ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ:

«ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن،
    ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت،
بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و
    مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
31 ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە،
    جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.
32 چونکە ئەوانەی ماونەتەوە لە ئۆرشەلیمەوە دێنە دەرەوە و
    دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە،
دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار
    ئەمە دەکات.

33 «لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت:

«نایەتە ناو ئەم شارەوە و
    تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت.
بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و
    سەنگەریشی لێ ناگرێت.
34 نایەتە ناو ئەم شارەوە،
    بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
35 «بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم،
    لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»

36 ئیتر فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون. 37 ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.

38 لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

نەخۆشی حەزقیا

38 لەو ڕۆژانەی[f] حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»

حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد، گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.

جا ئیشایا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «بڕۆ و بە حەزقیا بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، بەرگری لەم شارە دەکەم لە دەستی پاشای ئاشور.

«”ئەمەش نیشانە بێت بۆت لەلایەن یەزدانەوە، کە یەزدان ئەم کارە دەکات کە بەڵێنی دا: ئەوەتا سێبەر دەگەڕێنمەوە بەو پلانەی پێی هاتووەتە خوارەوە، بە پلەکانی ئاحاز بە خۆر، دە پلە بەرەو دواوە.“» جا خۆر دە پلە گەڕایەوە بەو پلانەی پێی هاتبووە خوار.

نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە:

10 گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا
    من دەچم بۆ جیهانی مردووان
    چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟»
11 گوتم: «یەزدان نابینم
    لە خاکی زیندوواندا،
لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم
    لەسەر ڕووی زەوی.
12 خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت
    وەک خێوەتی شوانان،
وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و
    لە تەونەکەمدا بڕیمەوە.
    شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت،
13 هەتا بەیانی هاوار دەکەم،
    وەک شێر ئێسکم ورد بکات،
    شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
14 وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم،
    وەکو کۆتر دەگمێنم،
چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم.
    وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!»

15 ئیتر چی بڵێم؟
    ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی.
بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم
    لەبەر تاڵاوی گیانم.
16 ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین،
    ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە.
تۆ منت چاککردەوە و
    ژیانت پێ بەخشیم.
17 بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە
    تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت.
لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت
    لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد،
چونکە هەموو گوناهەکانی منت
    فڕێدایە پشت خۆتەوە.
18 چونکە جیهانی مردووان سوپاست ناکات و
    مردووانیش ستایشت ناکەن،
هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن
    هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە.
19 زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن،
    باوکان دڵسۆزی تۆ
    بە منداڵەکانیان دەناسێنن.

20 یەزدان ڕزگارم دەکات،
    هەموو ڕۆژانی ژیانمان
مۆسیقا دەژەنین
    لە پەرستگای یەزدان.

21 ئینجا ئیشایا گوتی: «با هەویری هەنجیر هەڵبگرن و بیخەنە سەر دوومەڵەکە، چاک دەبێتەوە.»

22 حەزقیاش گوتبووی: «نیشانە چییە، کە دەچمە پەرستگای یەزدان؟»

نێردراوانی بابل

39 لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە نەخۆش کەوتووە و چاک بووەتەوە. جا حەزقیا دڵخۆش بوو بە هاتنیان و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.

ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.»

ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»

ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدانی سوپاسالار بگرە، یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت. لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»

حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە.» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی[g]: «واتە ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا دەبێت.»

حەسانەوە بۆ گەلی خودا

40 دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
    خوداتان دەفەرموێت،
بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
    پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
    کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
    لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.

کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
    هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
    هەورازیش دەبێت بە دەشت،
شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
    هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
            چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»

دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
    منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»

«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
    هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
    چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
    بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
    بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»

ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
    بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
    بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
    بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
    «ئەوەتا خوداتان!»
10 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
    بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
    خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
11 وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
    بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
    بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.

12 کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و
    بە بست ئاسمان؟
کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟
    کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و
    گردەکانیش بە تەرازوو؟
13 کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە
    یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟
14 یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند،
    ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟
کێ زانینی فێرکرد و
    ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟

15 ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و
    بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن.
    ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت.
16 داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و
    ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن.
17 هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی،
    لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن.

18 جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن،
    چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟
19 پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت،
    زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات،
    زنجیری زیویش زیوگەر.
20 دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک
    دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت.
داوای وەستایەکی شارەزا دەکات
    بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت.

21 ئایا نازانن؟
    ئایا نابیستن؟
ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟
    ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
22 ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و
    دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟
ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە،
    وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
23 ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و
    حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
24 هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و
    قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا،
فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان،
    ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.

25 خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟
    من هاوتای کێم؟
26 چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و
    ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە،
کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و
    ناو لە هەموویان دەنێت؟
لەبەر زۆری هێز و توندی توانای
    هیچ کامیان ون نابێت.

27 «ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت،
    ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:
”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە،
    دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
28 ئایا نەتزانی،
    یان نەتبیست؟
یەزدان خودای هەتاهەتاییە،
    بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی.
نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت،
    کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
29 توانا بە ماندوو دەدات و
    بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
30 گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن،
    لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
31 بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن،
    هێزیان نوێ دەبێتەوە،
وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن،
    ڕادەکەن و شەکەت نابن،
    دەڕۆن و ماندوو نابن.

یارمەتیدەری ئیسرائیل

41 «ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن!
    با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە!
با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن،
    با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.

«کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە،
    ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟
نەتەوەکانی دەداتە پێشی،
    پاشایان ژێردەستەی دەکات.
بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات،
    بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.
ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت،
    بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.
کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە،
    لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟
من یەزدانم،
    لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»

دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن،
    هەر چوار لای زەوی دەلەرزن،
نزیک بوونەوە و دێن،
    هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات،
    بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»
دارتاش زێڕنگەر هاندەدات،
    ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات
    ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت،
بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.»
    بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.

«بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم،
    ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە،
    توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،
ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت،
    لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و
بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“
    تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.
10 مەترسە، چونکە لەگەڵتدام،
    مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم.
بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم،
    بە دەستە ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.

11 «ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن
    هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن،
وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن
    ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.
12 بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە
    ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت.
ئەوانەی لە دژت دەجەنگن
    وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،
13 چونکە من یەزدانم، خودای تۆ،
    ئەوەی دەستە ڕاستی گرتوویت،
ئەوەی پێت دەڵێت،
    مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.
14 مەترسە ئەی یاقوبی کرم،
    ئەی ئیسرائیلی بچووک،
من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە،
    ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
15 «ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی
    تیژی نوێی دداندار.
چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت،
    گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.
16 شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت،
    ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات،
بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت،
    شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.

17 «کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە،
    لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو.
بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم،
    خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.
18 ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم،
    کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم.
چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو،
    زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
19 داری ئورز و ئەکاسیا[h] و مۆرد[i] و زەیتوون
    لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
    لە بیابان دادەنێم،
20 بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
    سەرنج بدەن و تێبگەن
کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
    خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»

21 یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.»
    پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.
22 بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن
    ئەوەی ڕوودەدات.
ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن،
    با مێشکمان بخەینە سەری و
    بزانین کۆتاییەکەیان چییە.
یان داهاتوومان پێ بڵێن،
23     ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن
    بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن،
هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە،
    هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.
24 بەڵام ئێوە هیچن و
    کارەکانتان لە هیچ کەمترن،
    قێزەون ئێوە هەڵدەبژێرێت.

25 «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات.
    لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات،
بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا،
    وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.
26 کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین،
    پێش وەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“
بێگومان ڕاگەیەنەر نییە،
    بێگومان بەگوێدادەر نییە،
    بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.
27 سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“
    بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.
28 بینیم کەس نییە،
    ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە
    هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.
29 تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن!
    کارەکانیان هیچ نین،
    بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.