Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پوختەی مێژوو 12-14

هاتنەپاڵی پاڵەوانان بۆ لای داود

12 ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە هاتنە لای داود بۆ چیقلەگ، کاتێک کە هێشتا لە ئامادەبوونی لەبەردەم شاولی کوڕی قیش دوورخرابووەوە. ئەوانە لەو پاڵەوانانە بوون کە لە جەنگدا یارمەتیدەری بوون. لە خزم و کەسوکارە نزیکەکانی شاول و لە هۆزی بنیامین بوون، ئەوان دەیانتوانی بە دەستە ڕاست و دەستە چەپیشیان تیر بە کەوان بهاوێژن و بەردیش بە قۆچەقانی:

ئەمانە بە سەرکردایەتی ئەحیعەزەری هاتن لەگەڵ یۆئاشی برای، هەردوو کوڕەکەی شەماعای گڤعاتی بوون. هەردوو کوڕەکەی عەزماڤەت، یەزیێل و پالەت، بەراخا و یێهوی عەناتۆتی، یەشمەعیای گبعۆنی پاڵەوانێک بوو لەنێو سی پاڵەوانەکە و فەرماندەیان بوو. هەروەها یەرمیا و یەحەزیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گەدێراتی و ئەلعوزەی و یەریمۆت و بەعەلیاهو و شەمەریاهو و شەفەتیای حەروفی؛ ئەلقانە و ییشیا و عەزەرئێل و یۆعەزەر و یاشۆڤەعام لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان؛ هەروەها یۆعێلە و زەڤەدیا کە هەردوو کوڕی یەرۆحامی خەڵکی گەدۆر بوون.

کاتێک داود لەو قەڵایە بوو کە لە چۆڵەوانی بوو، هەندێک لە گادییەکان هاتنە پاڵ داود کە پاڵەوانی ئازا و پیاوی مەشقپێکراو بۆ جەنگ و شارەزا لە بەکارهێنانی قەڵغان و ڕم، ڕوویان وەک ڕووی شێر و وەک ئاسک لەسەر چیادا خێرا بوون.

عێزەر فەرماندە بوو،

عۆبەدیا دووەم و ئەلیاب سێیەم و

10 میشمەنا چوارەم و یەرمیا پێنجەم و

11 عەتەی شەشەم و ئەلیێل حەوتەم و

12 یۆحانان هەشتەم و ئەلزاڤاد نۆیەم و

13 یەرمیا دەیەم و مەخبەنەی یازدەیەم بوو.

14 ئەمانە لە نەوەی گاد بوون و هەموویان سەرکردەی سوپا بوون، بچووکەکەیان بەسەر سەد کەسدا زاڵ دەبوو، گەورەکەشیان بەسەر هەزار کەسدا زاڵ دەبوو. 15 ئەمان بوون لە مانگی یەک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک ئاو هەتا هەموو کەنارەکانی هەڵچوو بوو، هەموو خەڵکی دۆڵەکانیان بەزاند، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

16 هەروەها هەندێک لە نەوەی بنیامین و یەهوداش بۆ لای داود هاتنە قەڵاکە. 17 داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئەگەر بۆ ئاشتی و یارمەتیدان هاتوونەتە لام، یەک دڵم دەبێت لەگەڵتان، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستەوەدانم بۆ دوژمنەکەم هاتوون لە کاتێکدا کە هیچ ستەمێکم نەکردووە، با خودای باوباپیرانمان تەماشا بکات و دادوەری بکات.»

18 ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایە سەر عەماسەیی سەرۆکی سییەکە و گوتی:

«بۆ تۆین داود،
    لەگەڵتداین کوڕەکەی یەسا،
ئاشتی، ئاشتیت بۆ ببێت،
    ئاشتی بۆ یارمەتیدەرانت بێت،
        چونکە خودات یارمەتیدەرتە.»

ئینجا داود وەریگرتن و کردنییە سەرکردەی یەکەکانی سوپا.

19 کاتێک کە داود لەگەڵ فەلەستییەکاندا لە دژی شاول بۆ جەنگ چوو، هەندێک لە پیاوانی نەوەی مەنەشەش چوونە پاڵی. بەڵام داود و پیاوەکانی یارمەتی فەلەستییەکانیان نەدا، چونکە حوکمڕانە فەلەستییەکان پاش ڕاوێژکردن، گەڕاندیانەوە و گوتیان: «بە کەللەسەری ئێمەوە دەگەڕێتەوە پاڵ شاولی گەورەی.» 20 ئەمە ناوی هەندێک لەو پیاوانەی نەوەی مەنەشەیە کە کاتێک داود چوو بۆ چیقلەگ، چوونە پاڵی: عەدنەح و یۆزاڤاد و یەدیعێل و میکائیل و یۆزاڤاد و ئەلیهو و چیلەتەی، هەموو ئەمانەش فەرماندەی یەکەی هەزارانی مەنەشە بوون. 21 ئەوان یارمەتی داودیان دا لە دژی چەتەکان، چونکە هەموویان پاڵەوانی ئازا بوون و فەرماندەی سوپا بوون. 22 هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمەتیدانی داود دەهاتن، هەتا بوونە سوپایەکی گەورە، وەک سوپای خودا.

هاتنەپاڵی پیاوانی دیکە بۆ لای داود

23 ئەمەش ژمارەی ئەو پیاوە چەکدارانەیە کە هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، بۆ ئەوەی بەپێی فەرموودەی یەزدان پاشایەتییەکەی شاولی ڕادەست بکەن:

24 لە نەوەی یەهودا، شەش هەزار و هەشت سەد پیاوی چەکدار بە ڕم و قەڵغان.

25 لە نەوەی شیمۆن، حەوت هەزار و سەد پاڵەوانی ئازای ئامادەباش بۆ جەنگ.

26 لە نەوەی لێڤی چوار هەزار و شەش سەد پیاو، 27 لەوانە سێ هەزار و حەوت سەد پیاو لەگەڵ یەهۆیاداعی سەرۆکی بنەماڵەی هارونییەکان بوون. 28 سادۆقیش لاوێکی پاڵەوانی ئازا بوو، لەگەڵ بیست و دوو ئەفسەر کە لە بنەماڵەی ئەو بوون.

29 لە نەوەی بنیامینیش، لە خزم و کەسوکاری شاول، سێ هەزار کە زۆربەیان هەتا ئەو کاتەش دڵسۆز بوون لەگەڵ ماڵی شاول.

30 لە نەوەی ئەفرایم، بیست هەزار و هەشت سەد پاڵەوانی ئازا و ناوداری بنەماڵەکانیان.

31 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش، هەژدە هەزار پیاو کە بە ناو دیاری کرابوون هەتا بێن و داود بکەنە پاشا.

32 لە نەوەی یەساخار، دوو سەد سەرکردە کە شارەزای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، دەیانزانی ئیسرائیل دەبێت چی بکات، هەروەها هەموو خزم و کەسەکانیشیان لەژێر فەرمانی ئەواندا بوون.

33 لە زەبولونیش، پەنجا هەزار پیاوی مەشقپێکراو هەبوون لەسەر شەڕ و هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ، کە بەبێ دوو دڵی ئامادە بوون بۆ یارمەتیدانی داود.

34 لە نەفتالی، هەزار سەرکردە و سی و حەوت هەزار پیاوی چەکدار بە قەڵغان و ڕمیان لەگەڵ بوو.

35 لە دانیش، بیست و هەشت هەزار و شەش سەد پیاوی ئامادەباش بۆ جەنگ.

36 لە ئاشێریش، چل هەزار ڕاهێنراو لەسەر شەڕ و ئامادەکراو بۆ جەنگ.

37 لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیشەوە، لە ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، سەد و بیست هەزار پیاوی پڕچەککراو بە هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ.

38 هەموو ئەمانە جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە ڕیزی لەشکرەکانی و بە هەموو دڵیانەوە هاتبوونە حەبرۆن هەتا داود بکەنە پاشای هەموو ئیسرائیل، هەروەها هەموو پاشماوەی ئیسرائیلیش یەک بڕیار بوون بۆ ئەوەی داود بکەنە پاشا. 39 لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ داود مانەوە، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە لە هەموو ئەوەی کەسوکارەکانیان بۆیان ئامادە کردبوون، 40 هەروەها نزیکەکانیشیان لە یەساخار و زەبولون و نەفتالییەوە، بە گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان دەهێنا. خواردنێکی زۆریان هەبوو لە ئارد و نانە هەنجیر و هێشووی کشمیش و شەراب و زەیت و مانگا و مەڕ، چونکە لەناو ئیسرائیل خۆشی هەبوو.

گەڕاندنەوەی سندوقی پەیمان

13 داود ڕاوێژی لەگەڵ هەموو ئەفسەرەکانی کرد، فەرماندەی هەزاران و سەدان، ئینجا بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر پێتان باشە و بەپێی خواستی یەزدانی پەروەردگارمانە، با بەدوای هەموو هاونیشتیمانەکانماندا بنێرین لە هەموو لایەکی خاکی ئیسرائیل، هەروەها لەدوای ئەو کاهین و لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکان و دەشتەکان لەگەڵیان دەژین، هەتا لەگەڵمان کۆببنەوە. با سندوقی خودامان بهێنینەوە لای خۆمان، چونکە بە درێژایی پاشایەتی شاول لێمان نەپرسیوەتەوە.» هەموو کۆمەڵەکەش گوتیان ئاوا دەکەین، چونکە لەلای هەموو گەل پەسەند بوو.

ئیتر داود هەموو ئیسرائیلی لە ڕووباری شیحۆری میسرەوە هەتا دەروازەی حەمات کۆکردەوە، هەتا سندوقی خودا لە قیریەت یەعاریمەوە بهێنن. ئینجا داود و هەموو ئیسرائیل چوونە بەعلەی یەهودا کە قیریەت یەعاریمە، بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودای پەروەردگار بهێننەوە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[a] لەسەر تەخت دانیشتووە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە».

لە ماڵی ئەبینادابەوە سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانەکەیان لێدەخوڕی. داود و هەموو ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم خودا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و سەنج و کەڕەناوە.

کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[b] کیدۆن، عوزا دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 10 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و لێیدا، لەبەر ئەوەی دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و هەر لەوێدا لەبەردەم خودا مرد.

11 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[c] ناودەبردرێت.

12 ئەو ڕۆژە داود لە خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟» 13 لەبەر ئەوە داود سندوقەکەی نەگواستەوە بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 14 سێ مانگ سندوقی خودا لە ماڵی عوبێد ئەدۆم مایەوە، یەزدانیش ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەموو ئەو شتانەی کە هی ئەو بوون بەرەکەتداری کردن.

کۆشک و خێزانی داود

14 پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن. ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.

هەروەها داود چەند ژنێکی دیکەی لە ئۆرشەلیم هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلپەلەت، نۆگە، نەفەگ، یافیع، ئەلیشاماع، بەعەلیاداع و ئەلیفەلەت.

بەزاندنی فەلەستییەکان

کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن. بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم. 10 داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»

یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.»

11 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعل‌پراچیم[d] و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند، گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعل‌پراچیم ناو برا. 12 هەروەها لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا و سووتێنران.

13 دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە، 14 داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 15 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 16 داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا.

17 بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.