Beginning
یۆئاش پەرستگا چاک دەکاتەوە
12 لە ساڵی حەوتەمی پاشایەتی یێهو، یۆئاش بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو. 2 یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە هەموو ئەو ماوەیەی کە یەهۆیاداعی کاهین فێری دەکرد. 3 بەڵام نزرگەکانی سەر بەرزایی[a] تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
4 یۆئاش بە کاهینەکانی گوت: «هەموو زیوە پیرۆزکراوەکانی هاتووەتە ناو پەرستگای یەزدان، زیوی داهاتەکان و زیوە نەزرکراوەکان[b] و زیوە بەخشراوەکان کۆبکەنەوە. 5 با هەر کاهینێک لە یەکێک لە خەزنەدارەکان زیو وەربگرێت، هەر داڕووخاوییەکیان لە پەرستگا بینییەوە چاکی بکەنەوە.»
6 بەڵام لە ساڵی بیست و سێیەمی یۆئاشی پاشا هێشتا کاهینەکان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکەیان چاک نەکردبووەوە. 7 لەبەر ئەوە یۆئاشی پاشا یەهۆیاداعی کاهین و کاهینەکانی دیکەی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی داڕووخاوی پەرستگاکەتان چاک نەکردووەتەوە؟ ئێستاش بۆ پێداویستییەکانی خۆتان زیو لە خەزنەدارەکان وەرمەگرن، بەڵکو دایبنێن بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە.» 8 ئینجا کاهینەکان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی زیو لە گەل وەرنەگرن و خۆشیان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە چاکنەکەنەوە.
9 ئینجا یەهۆیاداعی کاهین سندوقێکی هێنا و کونێکی لە سەرەکەی کرد و لە نزیک قوربانگاکە داینا، لەلای ڕاستی شوێنی هاتنە ژوورەوەی خەڵکەکە بۆ ناو پەرستگای یەزدان. کاهینەکانیش ئەوانەی چاودێری دەروازەکەیان دەکرد، هەموو ئەو زیوەی هاتبووە پەرستگای یەزدانەوە تێیدا دایاننا. 10 ئەوە بوو کاتێک بینییان زیوەکە لە سندوقەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی[c] پاشا و سەرۆک کاهین سەرکەوتن و ئەو زیوەی لە پەرستگای یەزدان بوو ژماردیان و لە کیسەیان کرد. 11 ئینجا زیوە ژمێردراوەکەیان دایە دەست ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش خەرجیان کرد بۆ ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد: دارتاش، بیناساز، 12 بەنا، نەقاڕەکان. هەروەها بۆ کڕینی دار و بەردی بڕاو بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوی پەرستگای یەزدان و بۆ هەموو ئەوەی خەرج دەکرێت لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.
13 بەڵام بۆ پەرستگای یەزدان تەشتی زیو، مەقەست، تاس[d] و کەڕەنا دروستنەکران، نە هیچ کەلوپەلێکی زێڕ و زیو، لەو زیوەی هاتبووە ناو پەرستگای یەزدانەوە. 14 بەڵکو درانە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان و پەرستگای یەزدانیان پێ چاکدەکردەوە. 15 لەو پیاوانەشیان نەدەکۆڵییەوە کە زیوەکەیان دەدانە دەست هەتا بیدەنە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان، چونکە بە دەستپاکییەوە کاریان دەکرد. 16 بەڵام زیوی قوربانی تاوان و زیوی قوربانی گوناه، نەخرایە ناو پەرستگای یەزدانەوە، بەڵکو بۆ کاهینەکان بوو.
17 لەو کاتە حەزائێلی پاشای ئارام چوو هێرشی کردە سەر گەت و گرتی. ئینجا ڕووی لە ئۆرشەلیم کرد هەتا هێرشی بکاتە سەر. 18 یۆئاشی پاشای یەهوداش هەموو شتە تەرخانکراوەکانی یەهۆشافات و یەهۆرام و ئەحەزیای باوباپیرانی، پاشایانی یەهودا، لەگەڵ شتە پیرۆزکراوەکانی خۆی و هەموو زێڕی ناو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای برد و ناردنی بۆ حەزائێلی پاشای ئارام، ئەویش لە ئۆرشەلیم کشایەوە.
19 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆئاش و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
20 پاشان کاربەدەستەکانی هەستان و پیلانێکیان گێڕا، لە بێتمیلۆ کە لەسەر ڕێگای سیڵایە یۆئاشیان کوشت. 21 هەردوو خزمەتکارەکەی، یۆزاڤادی کوڕی شیمەعات و یەهۆزاڤادی کوڕی شۆمێر لێیاندا. یۆئاش کوژرا و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی یەهۆئاحاز
13 لە ساڵی بیست و سێیەمی پاشایەتی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای پاشای یەهودا، یەهۆئاحازی کوڕی یێهو بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لێی لا نەدا. 3 ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا، ماوەیەکی درێژ لەژێر دەسەڵاتی حەزائێلی پاشای ئارام و بەنهەدەدی کوڕی هێشتنییەوە.
4 ئینجا یەهۆئاحاز لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش گوێی لێ گرت، چونکە بینی چۆن پاشای ئارام ئیسرائیل دەچەوسێنێتەوە. 5 یەزدان ڕزگارکەرێکی دایە ئیسرائیل، لەژێر دەستی ئارامییەکان ڕزگار بوون و وەک جاران لەناو ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون. 6 بەڵام خۆیان لە گوناهەکانی بنەماڵەی یارۆڤعام لانەدا، هەمان گوناهی ئەویان کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لەسەری بەردەوام بوون، هەروەها ستوونە ئەشێراکەش[e] لە سامیرە لە جێی خۆی ماوە.
7 یەهۆئاحاز سوپای بۆ نەمابووەوە، جگە لە پەنجا سوار و دە گالیسکە و دە هەزار پیادە، چونکە پاشای ئارام لەناویبردبوون و وەک خۆڵی ژێر پێی لێکردبوون.
8 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاحاز و هەموو ئەوەی کردی و هەموو دەستکەوتەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
9 یەهۆئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاشی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی یەهۆئاش
10 لە ساڵی سی و حەوتەمی پاشایەتی یۆئاشی پاشای یەهودا، یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز بۆ ماوەی شازدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 11 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بەڵکو لەسەریان بەردەوام بوو.
12 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
13 یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و یارۆڤعام لەسەر تەختەکەی دانیشت، یەهۆئاشیش لە سامیرە نێژرا، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل.
14 ئەلیشەعیش نەخۆش کەوت بەو نەخۆشییەی کە پێی مرد، جا یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل چووە خوارەوە بۆ لای و لەسەری گریا، گوتی: «باوکە ڕۆ! باوکە ڕۆ! ئەی گالیسکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!»
15 ئەلیشەعیش پێی گوت: «کەوانێک و چەند تیرێک هەڵگرە.» ئەویش کەوانێک و چەند تیرێکی هەڵگرت. 16 بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «دەستت لەسەر کەوانەکە دابنێ.» ئەویش دەستی دانا، ئەلیشەعیش دەستی خستە سەر دەستی پاشا.
17 ئینجا گوتی: «پەنجەرەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بکەوە.» ئەویش کردییەوە. ئەلیشەع گوتی: «بیهاوێ!» ئەویش هاویشتی. ئەلیشەع گوتی: «ئەمە تیری سەرکەوتنە لە یەزدانەوە، تیری سەرکەوتنە بە سەر ئارام، لە ئەفێق بە تەواوی ئارامییەکان لەناودەبەیت.»
18 هەروەها گوتی: «تیرەکان ببە.» پاشاکەش بردنی، ئینجا ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «لە زەوییەکە بدە.» ئەویش سێ جار لێیدا و وەستا. 19 جا پیاوەکەی خودا لێی تووڕە بوو و گوتی: «دەبووایە پێنج یان شەش جار لە زەوییەکەت بدایە، ئینجا بە تەواوی لە ئارامت دەدا هەتا لەناودەچوون، ئێستاش تەنها سێ جار لە ئارام دەدەیت.»
20 پاشان ئەلیشەع مرد و ناشتیان.
چەتەکانی مۆئاب هەموو بەهارێک دەهاتنە ناو خاکەکە. 21 جارێک پیاوێکیان دەناشت، لەناکاو چەتەکانیان بینی، ئیتر تەرمی پیاوەکەیان فڕێدایە ناو گۆڕەکەی ئەلیشەع. جا کە پیاوەکە بەر ئێسقانەکانی ئەلیشەع کەوت، زیندوو بووەوە و هەستایەوە سەر پێیەکانی.
22 حەزائێلی پاشای ئارامیش بە درێژایی سەردەمی یەهۆئاحاز ئیسرائیلی چەوساندەوە. 23 بەڵام یەزدان لەگەڵیان میهرەبان و بە بەزەیی بوو، لەبەر پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب ئاوڕی لێ دانەوە، هەتا ئێستاش نەیویست ڕیشەکێشیان بکات و دووریان بخاتەوە.
24 پاشان حەزائێلی پاشای ئارام مرد و بەنهەدەدی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. 25 ئینجا یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز گەڕایەوە و بە جەنگ شارۆچکەکانی لە دەست بەنهەدەدی کوڕی حەزائێل وەرگرتەوە، ئەوەی لە دەستی یەهۆئاحازی باوکی بردبووی، یەهۆئاش سێ جار بەزاندی و شارۆچکەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە.
پاشایەتی ئەمەسیا لە یەهودا
14 لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا. 2 کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. 3 ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی. 4 لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
5 کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو. 6 بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»[f]
7 ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ[g] دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
8 پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
9 یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «خڕنووکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم هەتا ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر خڕنووکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە. 10 تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
11 بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێتشەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. 12 لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات. 13 ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێتشەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ[h] بوو. 14 هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە.
15 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
16 یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
17 ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا. 18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
19 لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان. 20 بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.
21 پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای[i] گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. 22 ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
پاشایەتی یارۆڤعامی دووەم
23 لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد. 24 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 25 ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو.
26 یەزدان زەلیلی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات. 27 یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن.
28 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
29 یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.