Beginning
ڕقی جیهان لە عیسا
7 دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. 2 جەژنی کەپرەشینەی[a] جولەکەش نزیک بوو، 3 براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4 هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» 5 براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.
6 عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. 7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. 8 ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» 9 ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.
10 بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، 11 ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»
12 لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «چاکە.»
خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» 13 بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.
بیروڕای جیاواز دەربارەی عیسا
14 کاتێک نیوەی جەژن بوو، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکی فێردەکرد. 15 جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە[b] چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»
16 عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. 17 ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستی ئەو بکات، لە فێرکردن دەزانێت ئاخۆ هی خودایە یان لە خۆمەوە دەدوێم. 18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. 19 ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»
20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»
21 عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەموو سەرسام بوون. 22 لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانتانەوەیە. 23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»
25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە[c]؟ 27 بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیحیش دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»
28 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، 29 بەڵام من دەیناسم چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»
30 لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31 زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»
32 فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەسەر ئەو چرپەچرپی ئەمانەیانە، جا کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.
33 عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. 34 داوام دەکەن و نامدۆزنەوە، ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»
35 ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! 36 ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»
ڕووباری زیندوو
37 لە دوایین ڕۆژی گەورەی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38 ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە[d] ڕووبارەکانی ئاوی زیندوو دەڕوات.» 39 لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.
40 هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»
41 هەندێکی دیکە، گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟ 42 ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت، مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێتلەحمەوە دێت، گوندەکەی داودی لێبوو؟[e]» 43 بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. 44 هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.
45 ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»
46 خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»
47 فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ 48 باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟ 49 بێجگە لەم خەڵکە نەفرەت لێکراوە کە لە تەورات نازانێت.»
50 نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین: 51 «ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»
52 وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ بگەڕێ و ببینە، لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.»
⌟ 53 ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی،
8 بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون.
ژنێکی داوێنپیس
2 عیسا لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و فێری دەکردن. 3 مامۆستایانی تەورات[f] و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، 4 پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. 5 موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟» 6 ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن.
بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە لەسەر زەوی دەینووسی. 7 کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم بێت بەردێکی تێبگرێ.» 8 دیسان خۆی چەماندەوە و لەسەر زەوی دەینووسی.
9 ئەوانەی گوێیان لێبوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10 عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوانە چییان لێهات؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟»
11 گوتی: «نەخێر گەورەم.»
عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»⌞
من ڕووناکی جیهانم
12 دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»
13 ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تۆ شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»
14 عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر من شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من و باوکین، ئەوەی ناردوومی. 17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. 18 منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»
19 ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە باوکی منیشتان دەناسی.» 20 ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە[g] خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.
21 دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»
22 جولەکەکان دەیانگوت: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»
23 ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. 24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»
25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»
عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. 26 زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»
27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. 28 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە،[h] ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو وەک باوک فێری کردووم قسە دەکەم. 29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» 30 کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.
ڕاستی ئازادتان دەکات
31 عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و 32 ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.»
33 وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟»
34 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. 35 کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. 36 ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. 37 دەزانم لە نەوەی ئیبراهیمن. بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە. 38 چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.»
39 وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.»
عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. 40 بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە من ئەو کەسەم ئەو ڕاستییەی لە خوداوە بیستم پێم گوتن. ئەمەش ئیبراهیم نەیکردووە. 41 ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.»
جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.»
باوکی درۆ
42 عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43 بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. 44 ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت بە ئارەزووەکانی باوکتان بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. 45 هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! 46 کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ 47 ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»
48 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟»
بەر لە ئیبراهیم من هەم
49 عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. 50 داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات. 51 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.»
52 پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“ 53 ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دادەنێیت؟»
54 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. 55 هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم. 56 ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.»
57 جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟»
58 عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.» 59 ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.