Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەتا 22-23

نموونەی داوەتی پاشا

22 عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: «پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.

«دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا شێوم[a] ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“

«بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی. ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن. جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.

«ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون، کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“ 10 ئەو کۆیلانەش چوونە سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.

11 «کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی[b] لەبەر نەکردبوو. 12 پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.

13 «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.“

14 «چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»

سەرانەدان بە قەیسەر

15 ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد چۆن عیسا بە قسەی خۆی تووش بکەن. 16 قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان[c] ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا بە ڕاستی فێردەکەیت و گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت. 17 کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە: دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»

18 عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ 19 پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا. 20 پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»

21 وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.»

پاشان پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»

22 کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.

زیندووبوونەوەی مردووان

23 لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان هاتنە لای، کە بڕوایان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نییە، پرسیاریان لێکرد: 24 «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 25 جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت، 26 بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم تاکو حەوتەم. 27 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 28 ئایا لە هەستانەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە؟ چونکە هی هەموویان بووە.»

29 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. 30 لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 31 بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە و دەفەرموێ: 32 [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم][d]؟ خودا خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»

33 خەڵکەکە کە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.

گەورەترین ڕاسپاردە

34 بەڵام فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە. 35 یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:

36 «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟» 37 عیسا پێی فەرموو: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][e] 38 ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. 39 دووەمیشیان وەک ئەو وایە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][f] 40 جا هەموو تەورات و پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»

مەسیح و داود

41 کاتێک فەریسییەکان کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین: 42 «دەربارەی مەسیح چی دەڵێن، کوڕی کێیە؟»

وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»

43 ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:

44 «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
    ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
    هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][g]

45 بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

46 جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.

هەمووتان برای یەکترین

23 پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن. لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان دەڵێن و نایکەن. باری قورس کە هەڵناگیرێت، دەیپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە پەنجەش بیجوڵێنن.

«هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان[h]. حەز دەکەن لە میوانداری لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش ڕیزی پێشەوە، لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی[i]“ بانگیان بکەن.

«بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران. کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە. 10 بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە. 11 ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان. 12 ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.

دووڕوویی فەریسییەکان

13 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە شانشینی ئاسمان لەڕووی خەڵک دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە.

14 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن[j] هەڵدەلووشن، بۆ دەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.

15 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ.

16 «قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا پابەندە.“ 17 ئەی گێل و کوێرینە، کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟ 18 هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا پابەندە.“ 19 ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟ 20 بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی. 21 ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە. 22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە.

23 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت[k] و ڕازیانە دەدەن و گرنگترینی تەوراتتان پشتگوێ خستووە. دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزی، پێویست بوو ئەمانە بکەن و ئەوانەش پشتگوێ نەخەن. 24 ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە لەبەر مێشوولە شلەمەنی دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!

25 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چڵێسی و بەڕەڵایی. 26 ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە.

27 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک. 28 ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناوەوەتان پڕە لە دووڕوویی و سەرپێچی.

29 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و 30 دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“ 31 کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە کوڕی پێغەمبەرکوژانن. 32 جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!

33 «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟ 34 لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. لێیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، لە کەنیشتەکانتان بەر قامچییان دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. 35 لەبەر ئەوە هەموو خوێنێکی پاک کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان. 36 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»

خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم

37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.][l]»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.