Beginning
بینینەکەی عۆبەدیا
1 بینینەکەی عۆبەدیا.
یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت،
هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست،
نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
«هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»
2 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
3 فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد[a]،
ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە،
ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
4 ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و
ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت،
لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
5 «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت،
ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
ئەگەر ڕەزبڕت[b] بۆ بێت
ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
6 ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت!
گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
7 هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای،
هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون،
ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە،
بەڵام تۆ تێناگەیت.»
8 یەزدان دەفەرموێت:
«ئایا لەو ڕۆژەدا،
دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم،
تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
9 ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن،
هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن
بە کوشتن لەناودەچن.
10 لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات،
ڕیسوایی داتدەپۆشێت،
بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
11 ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد
کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و
نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و
لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد،
هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
12 بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت،
یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت،
یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
13 نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم
لە ڕۆژی کارەساتیان،
یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت
لە ڕۆژی کارەساتیان،
یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت
لە ڕۆژی کارەساتیان.
14 نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت
بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان،
نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت
لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.
15 «ڕۆژی یەزدان[c] بۆ هەموو گەلان نزیکە.
هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە،
کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
16 هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە،
هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛
دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و
وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
17 بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت،
پیرۆز دەبێت،
بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
18 بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و
بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛
بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش،
جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن.
بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
19 خەڵکی نەقەب
چیای عیسۆ داگیر دەکەن،
خەڵکی زوورگەکانیش
خاکی فەلەستییەکان.
دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە،
بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
20 ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن
هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛
ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن
دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
21 ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن
بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ.
پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.
هەڵاتنی یونس لە ئەرکەکەی
1 فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی[a] هات، پێی فەرموو: 2 «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و تێیدا بانگەواز بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.»
3 یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە.
4 یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت. 5 کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن.
کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو. 6 سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.»
7 ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس.
8 لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟»
9 ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.»
10 پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون.
11 لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.
12 ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.»
13 بەڵام پیاوەکان زیاتر و زیاتر سەوڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی کەشتییەکە بگەڕێننەوە بۆ وشکانی، کەچی نەیانتوانی، چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو. 14 ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئای ئەی یەزدان، با لەناونەچین، لەبەر گیانی ئەم پیاوە خوێنی بێتاوانێک مەخەرە ئەستۆمان. ئەی یەزدان، ئەوەی ویستت کردت.» 15 ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایە ناو دەریاکەوە، ئیتر هاژەی دەریاکە هێمن بووەوە. 16 پیاوەکان زۆر لە یەزدان ترسان و قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و نەزریان[b] کرد.
17 یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکەدا مایەوە.
نزای یونس
2 یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد، 2 گوتی:
«لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد،
وەڵامی دامەوە.
لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد،
گوێت لە دەنگم بوو.
3 فڕێتدامە قووڵایی،
لەناو جەرگەی دەریاکان،
لافاو دەوری دام،
شەپۆلەکانت بە لێشاو
دایانپۆشیم.
4 گوتم: ”لەبەرچاوت دەرکرام،
بەڵام دەگەڕێمەوە
بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“
5 ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم،
قووڵایی دەوری گرتم،
گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
6 تاکو بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە،
بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم،
بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.
7 «ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو،
تۆم بیرکەوتەوە،
نزاکەم گەیشتە لات،
بۆ پەرستگای پیرۆزت.
8 «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن
لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
9 بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە
قوربانیت بۆ سەردەبڕم،
ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم.
ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»
10 ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.
چوونی یونس بۆ نەینەوا
3 ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە، پێی فەرموو: 2 «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا، ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»
3 یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا، نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو، سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو. 4 یونس چووە ناو شارەکە. لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی: «چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.» 5 ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان[c] پۆشی، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.
6 کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا، ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند، جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت. 7 ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا:
بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی:
نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ، نە لە گاگەل نە لە مێگەل، هیچ بچێژن، مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە. 8 با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە، با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە. 9 کێ دەزانێت؟ بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە، کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.
10 کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی، بینی وا لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە، خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت، ئیتر نەیکرد.
تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان
4 بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا. 2 نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە. 3 ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»
4 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»
5 ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات. 6 یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو. 7 بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد. 8 لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»
9 خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟»
ئەویش گوتی: «بەڵێ، هەتا بڵێی کارێکی باشە.»
10 یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو. 11 ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.