Beginning
یەزدان دەبێتە شوانی ئیسرائیل
34 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟ 3 ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن. 4 لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند. 5 جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون. 6 مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.
7 «”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: 8 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند، 9 ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: 10 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.
11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە، 12 وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون. 13 لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم. 14 لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن. 15 من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، 16 بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانەتییان دەکەم.
17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان. 18 ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن 19 هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم. 21 لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن، 22 من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم. 23 یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی. 24 من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
25 «”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون. 26 ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت. 27 درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم. 28 لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت. 29 نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان. 30 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 31 ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە ئەدۆم
35 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و 3 پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم. 4 شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
5 «”چونکە لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر، 6 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت. 7 کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم. 8 چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون. 9 دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
10 «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت‘، 11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم. 12 جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘ 13 بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو. 14 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم. 15 وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
ئاوات بۆ چیاکانی ئیسرائیل
36 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، 2 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘“ 3 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن، 4 لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە. 5 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“ 6 لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان. 7 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.
8 «”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلم دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە. 9 چونکە من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و 10 خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە. 11 خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 12 وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.
13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘ 14 لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 15 وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
بەڵێنی گەڕانەوە
16 هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو. 18 جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد. 19 بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان. 20 جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“ 21 جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.
22 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان. 23 جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لەناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
24 «”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان. 25 ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە، 26 دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ. 27 ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن. 28 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە. 29 لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان. 30 بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت. 31 ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە. 32 با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
33 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانت بنیاد دەنرێنەوە. 34 خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو. 35 جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘ 36 ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“
37 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم، 38 وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.