Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ژیرمەندی 5-8

ئەنجامدانی نەزر

کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.

با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،
    با دڵیشت خێرا نەکات،
    لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،
چونکە خودا لە ئاسمانە و
    تۆ لەسەر زەویت،
    لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و
    قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.

ئەگەر نەزرێکت[a] بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا[b] مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.

سامان بێ واتایە

ئەگەر زۆرلێکراوی هەژار و داماڵینی ڕاستودروستی و دادپەروەریت لە هەرێمێکدا بینی، سەرسام مەبە لەم کێشەیە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرز دەپارێزێت و بەرزتر لەوانیش هەردووکیان دەپارێزێت. بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.

10 ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،
    ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،
    هەروەها ئەمەش بێ واتایە.

11 بە زیادبوونی خێروبێر
    زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.
ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،
    جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟

12 خۆشە خەوی کارگەر،
    کەم بخوات یان زۆر،
بەڵام تێری دەوڵەمەندە
    ڕێ بۆ خەو نادات.

13 خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:

سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکانی،
14     ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،
    ئینجا کوڕێکیان بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
15 وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،
    بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.
هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات
    لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.

16 ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:

هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،
    ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت
    چ قازانجێک دەکات؟
17 هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،
    لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.

18 ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە. 19 هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە. 20 جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.

بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە، کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە.

ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە، چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت. هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە. ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟

هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی،
    بەڵام هەرگیز تێر ناخوات.
دانا چی لە گێل زیاترە؟
    چی یارمەتی هەژار دەدات
کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت
    لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟
ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە
    باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی.
    ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

10 ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و
    زانراوە.
مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات
    کە لە خۆی بەهێزترە.

11 ئەوەندە قسە زیاد دەبێت،

    ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە،
    جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟

12 کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟

دانایی

ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و
    ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە
    لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار،
چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە،
    زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.
وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە،
    چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.
دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و
    دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.
گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە
    لە گوێگرتن لە گۆرانی گێلەکان.
چونکە وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵە،
    بەم شێوەیە پێکەنینی پیاوی گێل.
    ئەمەش هەر بێ واتایە.

زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و
    بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.

کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی،
    پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.
لە ناخەوە زوو پەست مەبە،
    چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.

10 مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟»
    چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.

11 دانایی باشە وەک میرات و
    بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.
12 دانایی پەناگایە
    وەک چۆن پارەش پەناگایەکە،
سوودی زانینیش، داناییە
    ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.

13 تەماشای کاری خودا بکە:

کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە
    ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟
14 لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە و
    لە ڕۆژی خراپدا ببینە:
خودا هەردووکیانی دروستکردووە.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک
    سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.

15 لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی:

کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت،
    خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.
16 زۆر ڕاستودروست مەبە و
    زیاد دانا مەبە.
    بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟
17 زۆر بەدکار مەبە و
    مەبە بە گێل.
    بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟
18 باشترە دەست بە ئەمیانەوە بگریت،
    هەروەها لەمەش دەست شل نەکەیت،
    چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕەوی ناکات.

19 دانایی دانا بەهێزتر دەکات
    لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.

20 بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە،
    کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.

21 هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ،
    نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،
22 چونکە دڵت دەزانێت
    کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.

23 هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردووەتەوە.

گوتم: «دانا دەبم،»
    کەچی لێم دوور بوو.
24 ئەو داناییە کە هەیە دوورە و
    هێندە قووڵە کێ دەیدۆزێتەوە؟
25 هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و
    گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم،
لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و
    گێلایەتیش شێتییە.

26 من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە
    ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە،
دەستەکانیشی کۆتن.
    ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت،
    بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.

27 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە:

«بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،
28     لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و
    جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام،
پەندێکم بیستووە کە دەڵێت:
    ”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە،
بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“
29 تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە:
    خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە،
    بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»

کێ وەک مرۆڤی دانایە؟
    کێ ڕوونکردنەوەی شت دەزانێت؟
دانایی مرۆڤ ڕووی ڕووناک دەکاتەوە و
    تاڵی ڕوخساری دەگۆڕێت.

فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە

من دەڵێم: فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە، لە پێناوی ئەو سوێندەی کە بۆ خودات خوارد. پەلە مەکە لە ڕۆیشتن لەبەردەمی پاشا. داکۆکی لە خراپە مەکە، چونکە پاشا هەرچی پێی خۆش بێت دەیکات. فەرمایشتی پاشا فەرموودەی دەسەڵاتدارە، کێ دەتوانێت پێی بڵێت: «تۆ چی دەکەیت؟»

ئەوەی فەرمانەکەی بەجێبگەیەنێت تووشی خراپە نابێت،
    دڵی داناش دەیزانێت کات و حوکمدان هەیە.
چونکە هەر شتێک کات و حوکمی خۆی هەیە،
    هەرچەندە مرۆڤ دەردەسەری زۆر بێت.

کەس نازانێت لە داهاتوودا چی دەبێت،
    ئەوەی ڕوودەدات کێ پێی ڕادەگەیەنێت؟
وەک چۆن کەس دەسەڵاتی بەسەر بادا نییە، بۆ ئەوەی با بگرێت،
    مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژی مردندا نییە.
وەک چۆن نەسرەوتن لە کاتی شەڕدا نییە،
    خراپەکار توانای نییە خۆی لە خراپە ئازاد بکات.

هەموو ئەمانەم بینی، کە سەرنجم دایە هەموو ئەو کارانەی لەسەر زەوی کراون. کاتێک هەیە کەسێک بەسەر کەسێکی دیکەدا دەسەڵاتدار دەبێت بۆ زیانی خۆی. 10 بەم جۆرە بینیم خراپەکاران لە گۆڕ نران، ئەوانەی کە لە شوێنی پیرۆزەوە هاتوچۆیان دەکرد و لەو شارەی ئەو کارانەیان کرد ستایش کرابوون. ئەمەش هەر بێ واتایە.

11 لەبەر ئەوەی کارکردن بە بڕیار لە دژی کاری خراپە پەلەی لێ ناکرێت، دڵی ئادەمیزاد پڕ بووە لە پیلانی خراپ. 12 هەرچەندە بەدکار کە سەد جار تاوانی کردبێت دەتوانێت تەمەنێکی درێژ بژیێت، بەڵام من دەزانم کە بۆ لەخواترس کە ڕێزی خودا دەگرێت باشتر دەبێت. 13 بەڵام بۆ بەدکاران چاک نابێت و وەک سێبەر ڕۆژانیان درێژە ناکێشێت، چونکە لە خودا ناترسن.

14 شتێکی دیکەی بێ واتا هەیە کە لەسەر زەویدا دەکرێت، ئەمەیە: ڕاستودروستان هەن بەگوێرەی کاری بەدکارانیان بەسەردا دێت و بەدکارانیش هەن بەگوێرەی کاری ڕاستودروستانیان بەسەردا دێت. گوتم، ئەمەش هەر بێ واتایە. 15 لەبەر ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بەشدار بن لە شادی، چونکە کوا چاکە بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی؟ بێجگە لەوەی کە بخوات و بخواتەوە و شادبێت و ئەمەی بۆ دەمێنێتەوە لە ماندووبوونەکەی بە درێژایی ژیانی، کە خودا پێیداوە لەسەر زەویدا.

16 کاتێک سەرنجم دایە دانایی و ڕەنجکێشانی خەڵکی زەوی، کە شەو و ڕۆژ خەو نەدەچووە چاویان، 17 هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی داوە بینیم. کەس ناتوانێت لە کارەکانی خودا لەسەر زەوی تێ بگات. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ ماندوو دەبێت بۆ دۆزینەوەی بنچینەکەی، بەڵام نایدۆزێتەوە. هەرچەندە کەسی داناش دەڵێت دەزانم، بەڵام ناتوانێت بیدۆزێتەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.