Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 10-12

پەندەکانی سلێمان

10 پەندەکانی سلێمان:

کوڕی دانا باوکی شاد دەکات،
    بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.

بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی،
    بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن،
    بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.

دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری،
    بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.

ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە،
    بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.

بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە،
    بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.

یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە،
    بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.

ئەوەی دڵی دانابێت فەرمان وەردەگرێت،
    بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.

ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت،
    بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.

10 چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار،
    گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.

11 دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە و
    بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.

12 ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت،
    بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.

13 لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە،
    کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.

14 داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە،
    بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.

15 سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
    بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.

16 کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە،
    بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.

17 ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە،
    بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.

18 ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن،
    ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.

19 قسەی زۆر بێ گوناه نابێت،
    بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.

20 زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە،
    بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.

21 لێوەکانی کەسی ڕاستودروست، ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن،
    بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.

22 بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و
    هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.

23 وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن،
    بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.

24 ترسی بەدکار بۆی دێت،
    ئارەزووی ڕاستودروستانیش پێیان دەبەخشرێت.

25 وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت،
    بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.

26 وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو،
    کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.

27 لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات،
    بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.

28 هیوای ڕاستودروستان خۆشییە،
    بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.

29 ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن،
    بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.

30 کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت،
    بەڵام خراپەکاران لەسەر زەوی نیشتەجێ نابن.

31 دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت،
    بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.

32 لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن،
    بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.

11 تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە،
    بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.

کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت،
    بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.

ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات،
    بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.

بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی،
    بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات،
    بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.

ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت،
    بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.

بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت،
    هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.

کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و
    بەدکار دەگرێتەوە.

کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات،
    بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.

10 بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت،
    بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.

11 بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە،
    بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.

12 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە،
    بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.

13 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
    بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.

14 بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت،
    بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.

15 ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت،
    بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەست تێکەڵبوون بێت ئاسوودەیە.

16 ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت،
    بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.

17 مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات،
    بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.

18 خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە،
    بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.

19 وەک چۆن ڕاستودروستی بۆ ژیانە،
    شوێنکەوتنی خراپەش بۆ مردنە.

20 قێزی یەزدان لە دڵخراپانە،
    ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.

21 بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت،
    بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.

22 وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە،
    ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.

23 ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە،
    بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.

24 هەیە بڵاو دەکاتەوە و بۆی زیاد دەکرێت،
    بەڵام ئەوەی لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە بگرێت تەنها بۆ نەدارییە.

25 چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت،
    ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.

26 ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات،
    بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.

27 ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت،
    بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.

28 ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت،
    ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.

29 ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت،
    گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.

30 بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە،
    ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.

31 ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت،
    لەوەش زیاتر خراپەکار و گوناهبار!

12 ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات،
    بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.

پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت،
    بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.

مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت،
    ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.

ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی،
    بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.

پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە،
    بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.

قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە،
    دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.

بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن،
    بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.

مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت،
    بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.

باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت
    لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.

10 کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات،
    بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.

11 ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت،
    بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێنەگەیشتووە.

12 بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات،
    ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.

13 خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی،
    بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.

14 مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت،
    پاداشتی دەستی مرۆڤیش بۆی دەگەڕێتەوە.

15 ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
    بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.

16 گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت،
    بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.

17 ئەوەی بە ڕاستگۆیی دەدوێت ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت،
    بەڵام شایەتی ساختە درۆ دەکات.

18 هەیە هەڵەشەییەکەی وەک زەبری شمشێرە،
    بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە[a].

19 لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت،
    بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.

20 ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە،
    بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.

21 کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت،
    بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.

22 قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە،
    بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.

23 مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت،
    دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.

24 دەستی ماندوو فەرمانڕەوایەتی دەکات،
    بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاری دەبێت.

25 نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە،
    بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.

26 کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی،
    بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.

27 مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت،
    بەڵام مرۆڤی ماندوو نرخی سامانەکەی دەدات.

28 لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە،
    ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.