Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 133-139

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
    کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!

وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
    کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
    کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
    بەسەر کێوی سییۆن،
    چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.

گۆرانی گەشتیاران.

134 ستایشی یەزدان بکەن، ئەی هەموو بەندەکانی یەزدان،
    ئەی ئەوانەی بە شەوان لە ماڵی یەزدان ڕادەوەستن.
لە پیرۆزگاکە[b] دەست بەرزبکەنەوە و
    ستایشی یەزدان بکەن.

با یەزدان، دروستکەری زەوی و ئاسمان،
    لە سییۆنەوە بەرەکەتدارت بکات.
135 هەلیلویا!

ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
    لە حەوشەی ماڵی خودامان.

ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
    مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
    ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.

من دەزانم یەزدان مەزنە،
    پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
    لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
    لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
لە بنی دنیاوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
    بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
    لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.

ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
    لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
    لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
10 ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
    پاشا بە تواناکانی کوشت.
11 سیحۆنی[c] پاشای ئەمورییەکان و
    عۆگی[d] پاشای باشان و
    هەموو پاشاکانی کەنعان
12 خاکەکەیانی کردە میرات،
    میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.

13 ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
    ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
14 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
    میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.

15 بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
16 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
17 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    هەناسە لە دەمیان نییە.
18 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

19 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
20 ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
21 ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
    بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.

هەلیلویا!
هەلیلویا!
136 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ستایشی خودای خودایان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ستایشی گەورەی گەورەیان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

بۆ ئەوەی بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەری مەزن دەکات،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ئەوەی بە تێگەیشتنەوە ئاسمانی دروستکردووە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ئەوەی زەوی لەسەر ئاوەکان ڕاخستووە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ئەوەی ڕووناکییە مەزنەکانی دروستکردووە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
خۆر بۆ حوکمگێڕی ڕۆژ،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
مانگ و ئەستێرەکان بۆ حوکمگێڕی شەو،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

10 بۆ ئەوەی لە میسر و نۆبەرەکانی دا[e]
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
11 ئیسرائیلی لە ناوەڕاستیان دەرهێنا،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
12 بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

13 بۆ ئەوەی دەریای سووری کرد بە دوو بەشەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
14 ئیسرائیلی بە نێوانیاندا پەڕاندەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
15 فیرعەون و لەشکرەکەی فڕێدایە ناو دەریای سوور،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

16 بۆ ئەوەی لە بیابان ڕابەرایەتی گەلی خۆی کرد،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

17 ئەوەی پاشا مەزنەکانی لەناوبرد،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
18 ئەوەی پاشا ناودارەکانی کوشت،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
19 سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
20 عۆگی پاشای باشان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
21 خاکەکەیانی کرد بە میرات،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
22 بە میرات بۆ ئیسرائیلی بەندەی خۆی،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

23 بۆ ئەوەی کاتێک زەلیل بووین ئێمەی بەبیر هاتەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
24 ئەوەی لەناو دوژمنمان دەریهێناین،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
25 ئەوەی نان دەداتە هەموو بەدیهێنراوێک.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

26 ستایشی خودای ئاسمان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
137 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین،
    هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی
    قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین،
    چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین:
    «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»

چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین
    لە خاکێکی بێگانە؟
ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم،
    با دەستە ڕاستەم بەهرەکەی لەبیر بکات.
با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم،
    ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.

ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت[f] نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت،
    کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
ئەی دانیشتووانی بابل[g] کە چارەنووستان لەناوچوونە،
    دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە،
    وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و
    بە تاشەبەردیاندا دەدات!

بۆ داود.

138 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
    ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
    چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
    ئازا و بوێرت کردم.

ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
    کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن،
    چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.

چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز،
    بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
    دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
    بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
    ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
    واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
    منت ناسی.
هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
    لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
    شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
    تۆ بە تەواوی دەیزانی.
لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
    دەستت دەخەیتە سەرم.
ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
    لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟
    بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی،
    ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم،
    ئەگەر لەوپەڕی دەریا[h] نیشتەجێ بم،
10 لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات،
    دەستە ڕاستەت بە خۆیەوە دەمگرێت.
11 ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت،
    ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
12 ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت،
    شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت،
    تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.

13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
    لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
    کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
    لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
    کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
    لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
    هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
    پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
    کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
    کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

19 خودایە، خۆزگە بەدکارەکانت دەکوشت!
    ئەی خوێنڕێژەکان، لێم دووربکەونەوە!
20 ئەوانەی بە خراپە باست دەکەن،
    سکاڵاکاران بەبێ هۆ لێت هەستاون!
21 ئەی یەزدان، ئایا ڕقم لەوانە نەبێت کە ڕقیان لە تۆیە؟
    ئایا قێزم لەوانە نەبێتەوە کە لە دژی تۆ دەوەستن؟
22 بە تەواوی ڕقم لێیانە،
    بوون بە دوژمنم.
23 خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە!
    تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
24 سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە،
    ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.