Beginning
گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.
108 ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
2 ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
3 ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
4 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
دڵسۆزیشت لە هەورەکان.
5 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
6 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
7 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[a] دەپێوم.
8 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[b] داری دەسەڵاتی منە.
9 مۆئاب[c] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
10 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
11 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
12 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
13 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
109 ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم،
بێدەنگ مەبە،
2 چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە،
بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن.
3 بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم،
بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن.
4 لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن،
بەڵام من تەنها نوێژم کردووە.
5 لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن،
ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم.
6 بەدکارێکی لەسەر دابنێ،
با سکاڵاکار لەلای دەستە ڕاستی ڕاوەستێت.
7 با لە دادگایی تاوانبار بکرێت،
پاڕانەوەی ببێت بە گوناه بۆی.
8 با ڕۆژگاری کورت بێت،
یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت!
9 با کوڕەکانی هەتیو بن،
ژنی بێوەژن بێت.
10 با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن،
لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن.
11 با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات،
بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن.
12 با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات،
کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت!
13 با نەوەکانی ببڕێتەوە،
ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە!
14 با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان،
با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە!
15 با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن
هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە!
16 لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت،
بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە.
17 حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو،
با بۆی بێت!
دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن،
با لێی دووربکەوێتەوە!
18 نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو،
وەک ئاو چووە ناو لەشی،
وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی.
19 با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە،
هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت!
20 با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم،
ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن.
21 بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار،
لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە،
دەربازم بکە چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە.
22 لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم،
دڵم لە ناخمدا بریندارە.
23 وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم،
وەک کوللە هەڵدەوەرێم.
24 ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن،
لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری.
25 بووم بە سووکایەتی بۆیان،
دەمبینن سەر بادەدەن.
26 ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە،
بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە.
27 با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە،
ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە.
28 ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت،
هەستان و شەرمەزار بوون،
بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو.
29 با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر،
با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن.
30 بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم،
لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم.
31 چونکە ئەو لە دەستە ڕاستی نەدار ڕادەوەستێت،
بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن.
زەبوورێکی داود.
110 یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
«لە دەستەڕاستم دابنیشە،
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[d] بۆ پێیەکانت.»
2 یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات،
لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
3 گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن،
بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە،
تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.
4 یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق[e].»
5 پەروەردگار لەلای دەستە ڕاستی تۆیە،
لە ڕۆژی تووڕەییەکەی پاشایان وردوخاش دەکات.
6 لەنێو نەتەوەکان حوکم دەدات، خاکیان پڕ دەکات لە تەرم،
سەرۆکەکان لەسەر هەموو زەوی وردوخاش دەکات.
7 پاشا لە جۆگەی دەم ڕێگا دەخواتەوە،
لەبەر هەموو ئەمانە سەری بەرز ڕادەگرێت.
111 هەلیلویا!
بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم،
لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.
2 کردارەکانی یەزدان مەزنن،
هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
3 بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی،
ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
4 وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە،
یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
5 خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن،
هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.
6 هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە،
بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
7 کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە،
ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
8 هەتاهەتایە چەسپاون،
بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
9 کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد،
فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە،
پیرۆز و سامناکە ناوی.
10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن.
ستایشەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
112 هەلیلویا!
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.
2 وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
3 سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
4 لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
5 چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.
6 بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
7 لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
8 دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
هەتا سەرکەوتووانە دەڕوانێتە دوژمنەکانی.
9 بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.
10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.
113 هەلیلویا!
ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
2 با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
4 یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
5 کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
6 ئەوەی دەچەمێتەوە
هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
7 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
8 بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
9 ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.
هەلیلویا!
114 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
2 یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.
3 دەریا بینی و هەڵات،
ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
4 چیاکان وەک بەران بازیان دا،
گردەکان وەک بەرخۆلە.
5 چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟
ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
6 ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن؟
ئەی گردەکان، بۆ وەک بەرخۆلە باز دەدەن؟
7 ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
لەبەردەم خودای یاقوب،
8 ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
بەردەئەستێی کردە کانیاو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.