Beginning
نوێژێکی داود.
86 ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،
من هەژار و نەدارم.
2 ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،
تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،
ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
3 ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،
بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
4 گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،
ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
5 ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،
پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
6 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
7 لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
چونکە بە هاوارمەوە دێیت.
8 ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟
کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،
دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و
ناوت شکۆدار دەکەن.
10 چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،
هەر تەنها تۆ خودایت.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.
14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
تۆ لەبەرچاو ناگرن.
15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک.
87 خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
2 یەزدان دەروازەکانی سییۆنی
لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.
3 ئەی شاری خودا،
بە شکۆمەندی باست کراوە:[a]
4 «ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم،
خەڵکی ڕاهەب[b] و بابل لەنێویاندان،
لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش،
سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
5 دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و
خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
6 یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات:
«ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»
7 سەماکەران گۆرانی دەڵێن:
«هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»
گۆرانییەک. زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. بەگوێرەی «ماحەلەت لعەنۆت»[c]. هۆنراوەیەکی هێیمانی ئەزراحی.
88 ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم،
شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.
2 با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت،
گوێ بۆ هاوارم شل بکە.
3 چونکە گیانم پڕ خراپە بووە و
ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.
4 وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان،
وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.
5 لەناو مردووان وازلێهێنراو،
وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو،
ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە،
ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.
6 لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم،
لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.
7 تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە،
شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.[d]
8 ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە،
قێزم لێ دەکەنەوە.
گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،
9 بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە.
ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم،
دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.
10 ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟
یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟
11 ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت،
یان لە لەناوچوون[e] باسی دڵسۆزییەکەت؟
12 ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت،
یان لە خاکی لەبیرچوون[f] ڕاستودروستیت؟
13 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.
14 ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە،
ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟
15 من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم،
بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.
16 تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی،
ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.
17 وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم،
لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.
18 دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە،
تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.
هۆنراوەیەکی ئێیتانی ئەزراحی[g].
89 هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم،
نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.
2 هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت،
لەناو ئاسمان دڵسۆزیت دەچەسپێت.
3 فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە،
سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،
4 ”هەتاهەتایە وەچەت دەچەسپێنم،
نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»[h]
5 ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات،
هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش[i] دڵسۆزیت.
6 چونکە لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟
لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
7 خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە،
لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟
تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.
9 دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە،
کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
10 وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت[j] پان کردەوە،
بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
11 ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش،
گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
12 باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون،
تابۆر[k] و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
13 بازووت هەیە لەگەڵ توانا،
دەستت بەهێزە، دەستە ڕاستەت بەرزە.
14 ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن،
خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی[l] لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.
15 خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی دەکەن،
ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.
16 بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن،
بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،
17 چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت،
ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.
18 چونکە قەڵغانمان هی یەزدانە،
پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
19 جارێکیان لە بینینێکدا[m] قسەت کرد،
بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو:
«هێزم بە پاڵەوان بەخشی،
لەنێو گەل هەڵبژاردەم بەرزکردەوە.
20 داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە،
بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد[n].
21 ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت،
هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
22 دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت،
نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
23 لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم،
ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
24 دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە،
بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
25 وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت،
دەستە ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
26 هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی،
خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
27 منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم،
بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
28 هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم،
پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
29 وا دەکەم هەتاهەتایە نەوەی هەبێت،
تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.
30 «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن،
ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
31 ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن،
ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
32 لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم،
بە لێدان گوناهەکانیان،
33 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە،
درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
34 پەیمانی خۆم ناشکێنم و
قسەی خۆم ناگۆڕم.
35 جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد،
درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
36 هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و
تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
37 هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت،
ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»
38 بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا،
لە دەستنیشانکراوەکەت[o] تووڕەبوویت.
39 پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و
تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد.
40 هەموو شووراکانیت ڕووخاند،
قەڵاکانیت کردە کاولگە.
41 هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کردی،
بوو بە ڕیسوایی لەنێو دراوسێکان[p].
42 دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە،
هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد.
43 دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و
لە جەنگدا سەرتنەخست.
44 شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە،
تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی.
45 ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و
بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری.
46 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟
هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟
47 لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە.
بۆ چ مەبەستێک ئادەمیزادت بەدیهێناوە؟
48 ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟
یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟
49 ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت،
کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟
50 پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت،
چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە،
51 ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان،
ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت[q] کرا.
52 هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە.
ئامین و ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.