Beginning
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.
80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.
3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.
7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
8 دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
9 خاکت بۆ ئامادە کرد،
ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[b] هاویشت،
پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c].
12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.
19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[d]. بۆ ئاساف.
81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
2 ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،
سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.
3 لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و
لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان.
4 چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،
حوکمی خودای یاقوبە.
5 لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،
کە لە خاکی میسر دەریهێنا.
گوێمان لە زمانێکە کە تێنەگەیشتین:
6 «بارم لەسەر شانەکانی لادا،
دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
7 لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،
لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،
لە مێرگی مەریبا[e] تاقیم کردیتەوە.[f]
8 ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.
ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
9 لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،
کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.
11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»
زەبوورێکی ئاساف.
82 خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
لەنێو خوداوەندەکان[g] دادوەری دەکات.
2 «هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
لایەنگری بەدکاران دەکەن؟ [h]
3 بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
4 فریای لاواز و نەداران بکەون،
لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
5 «نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
6 «من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
7 بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
8 خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.
گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.
83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
2 ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
3 ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
4 دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
5 چونکە بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
6 خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان[i]،
مۆئاب و هاجەرییەکان،
7 جوبەیل[j] و عەمۆن و عەمالێق[k]،
فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
8 هەروەها ئاشوریش[l] چووەتە پاڵیان،
بوونە بازووی بەهێزی نەوەی ڵوت[m].[n]
9 هەروەک چیت لە میدیان[o] کرد ئاوایان لێ بکە،
هەروەک چیت لە سیسرا[p] و یاڤین[q]کرد لە ڕووباری قیشۆن[r]،
10 کە لە کانی دۆر[s] فەوتان،
بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
11 گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ[t] لێ بکە،
هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و چەلموناع[u]،
12 ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا
دەکەینە موڵکی خۆمان.»
13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[v]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
ماڵەکەت چەند خۆشە!
2 گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
3 پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[w]
5 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[x]،
6 کە بە دۆڵی فرمێسک[y] تێدەپەڕن،
دەیکەنە کانیاو،
پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
7 لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.
8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
9 ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[z] بکە.
10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[aa]
3 هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
4 ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە،
تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
5 ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
6 ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
بۆ ئەوە گەلەکەت پێت شاد بێت؟
7 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[ab].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.