Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 78-79

هۆنراوەیەکی ئاساف.

78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
    ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
    بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
    هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[a] دامەزراند،
    لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
    کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
    ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
    ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
    کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
    بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن،
    نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق،
نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا،
    ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.

ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو،
    لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
10 پەیمانی خودایان شکاند،
    بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
11 کردارەکانی خودایان لەبیر کرد،
    ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد،
    لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن[b].
13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە،
    وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن،
    بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان،
    ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند،
    وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.

17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی،
    لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە
    بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
19 لە دژی خودا دوان، گوتیان:
    «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
20 ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا،
    جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا دەتوانێت نانیش بدات و
    گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
21 کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو،
    ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب،
    هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
22 چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و
    پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
23 جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی،
    دەرگای ئاسمانی کردەوە،
24 مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و
    دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
25 مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد،
    ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
26 لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد،
    بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
27 وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند،
    وەک لمی دەریاکان پەلەوەڕی باڵدار.
28 باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان،
    لە دەوروبەری چادرەکانیان.
29 خواردیان و زۆر تیر بوون،
    ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
30 بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن،
    هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
31 تووڕەیی خودا لێیان هەستا،
    هەرە بەهێزەکانی کوشتن و
    باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.

32 لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە،
    بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
33 بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن،
    بە تۆقاندن ساڵانیان.
34 ئەگەر بیانکوژێت بەدوای دەکەون،
    بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
35 بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە،
    خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە[c].
36 بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن،
    بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
37 دڵیان لەلای ناچەسپێت،
    دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
38 ئەویش بەزەییدارە و
    لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت.
زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە،
    هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
39 بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن،
    بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.

40 چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون،
    لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
41 جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە،
    خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان ئەزیەت دا.
42 دەستی ئەویان لەبیرچوو،
    ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
43 ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا،
    لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
44 ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن،
    بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
45 مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان،
    بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
46 بەروبوومی ئەوانی دا بە سن،
    بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
47 بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و
    بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
48 گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و
    ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
49 گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا،
    بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
50 ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد،
    مردنی لێ نەگێڕانەوە،
    ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
51 لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا،
    یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام[d].
52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا،
    وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
53 بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن،
    بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز،
    ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن،
    میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن،
    هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.

56 بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون،
    یاساکەیان شکاند.
57 هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد،
    وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
58 بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد،
    بە بتەکانیان ئیرەیی[e] ئەویان جۆشاند.
59 خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو،
    بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
60 چادری پەرستنی شیلۆی[f] بەجێهێشت،
    ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
61 سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست،
    هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
62 گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر،
    لە میراتەکەی تووڕە بوو.
63 گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین،
    کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
64 کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن،
    بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.

65 ئەوسا پەروەردگار وەک خەوتووێک هەستا،
    وەک پاڵەوانێک لە سەرخۆشی بەهۆش بێتەوە.
66 لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە،
    کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
67 خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە،
    هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
68 بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد،
    کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
69 وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا،
    وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
70 داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و
    لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
71 لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای،
    بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی،
    ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
72 ئەویش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن،
    بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.

زەبوورێکی ئاساف.

79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
    پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
    ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
    کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
    گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
    کەس نەبوو بیاننێژێت.
بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
    بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.

ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
    هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
    بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
    نیشتیمانیان خاپوور کردووە.

گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
    با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
    چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
    لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
    لە پێناوی ناوی خۆت.
10 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
    «کوا خوداکەیان؟»

با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان
    تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
11 با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات،
    بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە
    ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
12 ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی
    دراوسێکانمان پێیان کردی،
    لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
13 ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ،
    هەتاهەتایە ستایشت دەکەین،
    نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.