Beginning
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک.
66 ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
2 بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،
ستایشی شکۆدار بکەن!
3 بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!
هێزت ئەوەندە گەورەیە،
دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
4 سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،
گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،
گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»[a]
5 وەرن کردارەکانی خودا ببینن،
کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
6 دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،
ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.
با بە ئەو شادمان بین.
7 بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،
با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.
8 ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
9 کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
13 بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
14 ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
15 ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
تەگە[b] و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
16 ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
17 بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
18 ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
19 بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
20 ستایش بۆ خودا،
کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک.
67 با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات،
ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە؛[c]
2 تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت،
ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان.
3 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
4 با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن،
چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و
ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت.
5 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
6 ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات،
خودا، خودای من، بەرەکەتدارمان دەکات.
7 خودا بەرەکەتدارمان دەکات،
سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک.
68 با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە!
با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!
2 وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت،
وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر،
با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.
3 بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن،
لە خۆشییان شاگەشکە بن.
4 گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن،
ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە،
ناوی یەزدانە،
لەبەردەمی دڵشاد بن.
5 باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان،
خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.
6 خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات،
بەندکراوەکان ئازاد دەکات،
بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.
7 ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد،
کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت، [d]
8 زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد
لەبەردەم خودا، خودای سینا،
لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.
9 ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند،
میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.
10 کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن،
خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.
11 پەروەردگار فەرمانی دا[e] و
کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:
12 «پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن!
ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،
13 تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن،
باڵی کۆتری لە زیو هەڵکێشراو و
پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»
14 کە خودای هەرە بە توانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد،
وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن[f].
15 چیای باشان چیای خودایە،
چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.
16 ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە،
کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت،
بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟
17 گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە،
پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.
18 ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی،
دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد،
دیاریت لە خەڵک وەرگرت،
تەنانەت لە یاخییەکانیش،
ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.
19 ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان،
ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.
20 خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە،
لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.
21 بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە،
تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.
22 پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە،
لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،
23 بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت،
زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»
24 ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،
کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
25 گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و سازلێدەرەکان لە دواوە،
کچۆڵە دەف لێدەرەکان لەناوەڕاستیان.
26 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،
ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
27 ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،
کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،
سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.
28 ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،
ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
29 لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،
پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
30 سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،
ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،[g]
تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.
ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
31 باڵوێز لە میسرەوە دێن،
کوش[h] دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.
32 ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
33 بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
34 با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
35 خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.
ستایش بۆ خودا!
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.
69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
2 لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
لافاو ڕایماڵیوم.
3 ماندوو بووم لە هاوارکردن،
گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
4 ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە
لە مووی سەرم زۆرترن،
زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن،
ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن.
ئەوەی نەمدزیوە
ئێستا دەبێت بیدەمەوە.
5 ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت،
تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.
6 ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە،
بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن.
ئەی خودای ئیسرائیل،
با ئەوانەی بەدوای تۆدا دەگەڕێن،
بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن.
7 لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت،
شەرمەزاری ڕووی داگرتم.
8 لەلای براکانم بووم بە بیانی،
لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە.
9 دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت،
جنێوی ئەوانەی ڕیسوات دەکەن کەوتە سەر من.
10 کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە،
بوو بە سووکایەتی بۆم.
11 جلوبەرگی گوشم پۆشی،
بووم بە پەند لەلایان،
12 بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن[i]،
مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن.
13 ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
لە کاتی ڕەزامەندیت،
ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
14 دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
15 با لافاو ڕام نەماڵێت،
قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
زەوی قووتم نەدات.
16 ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،
17 ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە،
چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە.
18 لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە،
لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.
19 تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت،
هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن.
20 ڕیسوایی دڵی شکاندووم،
نەخۆش کەوتووم،
چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو،
چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت.
21 ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا،
لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام.
22 با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان،
ببێتە سزا و تەڵەیان.
23 با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.
24 هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە،
با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.
25 با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت،
کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!
26 چونکە ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و
ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.
27 تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان،
بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.
28 لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە،
لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.
29 ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام،
با ڕزگاریت بەرزم بکاتەوە.
30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.
34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36 دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.