Beginning
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.
58 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
2 بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.
3 بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
4 ژەهریان وەک ژەهری مارە،
وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
5 کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.
6 ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
7 با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
8 وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.
9 پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
11 ئینجا خەڵکی دەڵێن:
«بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە، کاتێک شاول پیاوی نارد بۆ ئەوەی چاودێری ماڵی داود بکەن و بیکوژن.
59 ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم،
بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.
2 فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران،
ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.
3 ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە!
ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم،
بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.
4 هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم.
ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!
5 تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل،
هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان،
لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.[a]
6 دەمەو ئێوران دەگەڕێنەوە،
وەک سەگ دەمڕێنن و
بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
7 ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و
شمشێر لە لێویانە،
دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»
8 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت،
گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.
9 ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.
10 خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام،
سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.
11 ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە،
ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت.
بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و
بەریان بدەوە.
12 لەبەر گوناهەکانی دەمیان،
لەبەر وتەکانی لێویان،
با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن.
لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،
13 لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە،
بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن.
ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات،
هەتا ئەوپەڕی زەوی.
14 دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە،
وەک سەگ دەمڕێنن و
بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
15 بەدوای خواردندا وێڵ دەبن،
دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.
16 بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم،
بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم،
چونکە تۆ قەڵای منیت،
لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.
17 ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم،
ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی دوو ڕووبار[b] و ئارامییەکانی چۆڤا[c]، هەروەها کاتێک یۆئاب[d] گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ[e] دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
60 ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند،
تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە!
2 تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد،
شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە.
3 کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا،
بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی.
4 بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد،
بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە.[f]
5 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
6 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[g] دەپێوم.
7 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[h] داری دەسەڵاتی منە،
8 مۆئاب[i] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
9 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە.
61 ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
2 لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم،
کە دڵم لاواز دەبێت،
پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر.
3 چونکە تۆ پەناگای منی،
قوللەیەکی سەختی لە ڕووی دوژمن.
4 با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و
پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.[j]
5 ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت،
منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.
6 درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا،
بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.
7 با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دانیشێت،
دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.
8 ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم،
ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون، زەبوورێکی داود.
62 گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت،
ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.
2 تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.
3 هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟
ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن،
وەک شوورایەکی داڕووخاو؟
4 تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن
کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن،
خۆشییان لە درۆوە دێت.
بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن،
بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.[k]
5 ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە،
چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.
6 تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
پەناگای منە، نالەقێم.
7 ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە،
تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.
8 هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن،
دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵڕێژن،
چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.
9 ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە،
مرۆڤ تەنها درۆیەکە،
ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین،
هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.
10 پشت بە زۆرداری مەبەستن،
پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن.
ئەگەر سامانتان زیادی کرد،
دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.
11 جارێک خودا فەرموویەتی،
دوو جار بیستوومە[l]:
کە هێز هەر هی خودایە،
12 هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار.
بێگومان تۆش، هەرکەسێک
بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.
زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.
63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
2 لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
3 لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
لێوەکانم ستایشت دەکەن.
4 بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
5 گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[m] و چەوری،
بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
6 لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
7 چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
8 گیانم بە تۆوە بەندە،
دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
9 بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.
11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە.
64 ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە،
ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.
2 لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە،
لە کۆمەڵی خراپەکاران.
3 کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە،
قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە،
4 هەتا لە بۆسەکانیانەوە کەسی بێ کەموکوڕی پێ بپێکن،
لەناکاو دەیپێکن و ناترسن.
5 بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن،
دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن،
دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»
6 تەگبیر بۆ تاوان دەکەن،
دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!»
بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.
7 بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت،
لەناکاو برینداریان دەکات.
8 زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان،
هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.
9 هەموو ئادەمیزاد دەترسن،
کاری خودا ڕادەگەیەنن و
بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.
10 با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و
پەنا ببەنە بەر ئەو،
با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.
65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
2 ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
3 کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
5 بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
6 کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
بە توانا چەکدارت کردووە،
7 کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
هەروەها ئاژاوەی گەلان.
8 ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
9 بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.