Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 51-57

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.

51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
    لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
    هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
    لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
    دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
    گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
    لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
    بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
    با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
    هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
    ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
    ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
    بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

13 ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم،
    گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.
14 ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە،
    هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
15 ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و
    دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.
16 تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم،
    بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
17 قوربانییەکان بۆ خودا ڕۆحی شکاوە،
    ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.

18 بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە،
    شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە.
19 ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و
    بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت،
    ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[c] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.

52 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
    ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
    بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
    وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
    خەریکی فێڵبازییە.
زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
    لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.[d]
حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
    ئەی زمانی فێڵباز!

بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
    دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
    ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
    پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
    بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو،
    لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!»

بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
    هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
    ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.

53 گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
    «خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو هەڵگەڕانەوە،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    کە هیچ ترسی لێ نەبوو.
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،
    ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!
    کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. هۆنراوەیەکی داودە کاتێک زیفییەکان[e] هاتن و بە شاولیان گوت: «داود لەلای ئێمە خۆی شاردووەتەوە.»

54 ئەی خودایە، بە ناوی خۆت ڕزگارم بکە،
    بە هێزی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە.
ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
    قسەکانی دەمم ببیستە.

چونکە بێگانە لێم هەستاون،
    دڵڕەقەکان دەیانەوێ بمکوژن،
    ئەوانەی ڕوویان لە خودا نەکردووە.[f]

بە ڕاستی خودا یارمەتیدەری منە،
    پەروەردگار پشتگیری گیانم دەکات.

با خراپە بگەڕێتەوە سەر دوژمنەکانم،
    بە دڵسۆزی خۆت لە ناویان ببە.

ئەی یەزدان، بەخشینی[g] ئازادت پێشکەش دەکەم،
    ستایشی ناوت دەکەم، چونکە چاکە.
چونکە لە هەموو تەنگانەکان دەربازی کردووم،
    سەرکەوتووانە چاوم بڕیوەتە دوژمنەکانم.

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.

55 ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
    پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
    گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
سەرم لێ شێواوە و لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
    لە بیستنی دەنگی دوژمن،
    لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
    بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.

دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
    ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
ترس و لەرز دایگرتووم،
    تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
    دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
    لە چۆڵەوانی دەمامەوە.[h]
پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
    دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»

ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،
    چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
10 شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
    خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
11 وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
    دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.

12 ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
    بەرگەم دەگرت،
ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
    دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
13 بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،
    هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
14 کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
    بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.

15 با مەرگ چەواشەیان بکات،
    با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
    چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.

16 بەڵام هاواری من بۆ خودایە،
    یەزدانیش ڕزگارم دەکات.
17 ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان
    گلەیی دەکەم و دەناڵێنم،
    ئەویش گوێم لێ دەگرێت.
18 گیانمی بە تەواوی کڕییەوە
    لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە،
    چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.
19 خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە،
    گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛
ئەوانەی ناگۆڕێن و
    ترسی خودایان لە دڵدا نییە.

20 هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی،
    پەیمانی خۆی دەشکێنێت.
21 زمانی وەک کەرە لووسە،
    بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە.
قسەی لە ڕۆن نەرمترە،
    بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.

22 خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە،
    ئەو پشتگیریت دەکات،
    هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.
23 بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر،
    خوێنڕێژ و فێڵبازەکان،
    ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە.

بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان لەسەر ئاوازی گۆرانی «کۆتر لەسەر دار بەڕوو دوورن.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک فەلەستییەکان لە گەت[i] گرتیان.

56 ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە چونکە خەڵک ڕاوم دەنێن،
    بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من دەجەنگن.
دوژمنانم بە درێژایی ڕۆژ ڕاوم دەنێن،
    چونکە زۆرن ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە دەمچەوسێننەوە.

کاتێک ترسم لێ دەنیشێت،
    من پشت بە تۆ دەبەستم.
بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم،
    پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم،
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن،
    هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن.
گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن،
    چاویان لە هەنگاوەکانمە،
    بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.
لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە،
    ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە.

خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی،
    فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە،
    ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟
لەو ڕۆژەی هاوار بۆ تۆ دەکەم،
    دوژمنەکانم بەرەو پاش دەکشێنەوە.
    بەمە دەزانم کە خودا لەگەڵمە.

10 بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم،
    بە یەزدان، کە ستایشی وشەکەی دەکەم،
11 بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم.
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

12 ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم،
    قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم،
13 چونکە تۆ لە مردن فریای گیانم کەوتی،
    پێیەکانی منت لە خلیسکان پاراست،
تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و
    لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە.

57 لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە،
    چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ،
من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ،
    هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.

بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم،
    بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت[j].
لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات،
    ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن.[k]
    خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت.

گیانم لەناو شێرانە،
    لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم،
ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن،
    زمانیشیان شمشێری تیژە.

ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
    با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.

تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم،
    گیانم پەرێشانە.
چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند،
    بەڵام خۆیان تێی کەوتن.

دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە،
    دڵم چەسپاوە،
    سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
ئەی گیانی من، هەستە!
    ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
    من بەرەبەیانان هەڵدەستم.

ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
    لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
10 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
    دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.

11 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
    با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.